رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە هەولێر پێشوازیی لە بەرپرسی نوێی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا کرد. ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاندووە، "خۆم بە پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەزانم."
رۆژی سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شتێفان ڤێنت، بەرپرسی نوێی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر کرد.
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا شتێفان ڤێنت "خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆک بارزانی و ئەرکی تازەی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و پێزانینی بۆ کراوەیی و میواندۆستیی خەڵکی کوردستان هەبوو."
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەروەها ڤێنت ئەوەشی راگەیاند "یەکێتیی ئەورووپا بە بایەخێکی زۆرەوە دەڕوانێتە پێگە و کاریگەریی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و خۆی بە پشتیوان و هاوبەشی هەرێمی کوردستان دەزانێت."
هەر لەو دیدارەدا رۆشنایی خراوەتە سەر بارودۆخی سیاسی و پێشهات و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بیروڕاش لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا، ئەمەش لە راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی دا هاتووە.


.jpg&w=3840&q=75)
