رووداو دیجیتاڵ
دادگەی پێداچوونەوەی کەرکووک یەکێک لەو دوو سزای پێبژاردنەی هەڵوەشاندەوە کە لەدژی محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لەسەر بنەمای سکاڵاى سەربازێکی سوپای عێراقەوە دەرکرابوو؛ هەروەها دۆسیەکەی گەڕاندەوە بۆ دادگە بۆ دووبارە دادگاییکردنەوەی.
ئەو بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026، لەلایەن دادگەی پێداچوونەوەی کەرکووکەوە دەرچووە و ئەو سزایەی هەڵوەشاندەوە کە دادگەیەکی کەرکووک لەسەر بنەمای سکاڵای سەربازێکی سوپای عێراق لەدژی نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان دەری کردبوو.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیاری دادگەی پێداچوونەوە وابووە کە سزای سکاڵاکەی سەربازەکەی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام ئەو سزایەی پەسند کرد کە سوپای عێراق لە کەرکووک لەسەری تۆمار کردم."
لە 23ـی ئابدا، لەسەر سکاڵای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک و سەربازێکی عێراقی بە ناوی کەڕار شاکر، دادگای کەرکووک بەتۆمەتی هێرشکردنە سەریان، بە دوو ملیۆن دینار سزای پێبژاردنی بەسەر نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان سەپاند، لەکاتێکدا محەممەد ئەمین لە هەمان دادگە سکاڵای لەدژیان تۆمار کردبوو بەتۆمەتی "رێگری لە کێڵانی زەوییەکەی و هێرشکردنەسەری لەلایەن سەربازەکەوە."
لە بڕیارەکەی دادگەی پێداچوونەوەدا هاتووە، کە لەدوای وردبینی لەو تانەیەی پێشکێش کراوە، بڕیارەکەى هەڵوەشاندووەتەوە و جارێکی دیکە پەڕاوی دۆسیەکە دەگەڕێنرێتەوە بۆ دادگە بە مەبەستی دادگاییکردنەوەی؛ بەهۆی ئەوەی سکاڵاکار لە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025 کە گوتەی لێ وەرگیراوە، ئاماژەی بەوە داوە کە تۆمەتبار (محەممەد ئەمین) بێڕێزیی بەرامبەر نەکردووە، بەڵکوو هێرشی کردووەتە سەر سوپای عێراق.
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان رایگەیاند، چاوەڕێی گەڕانەوەی دۆسیەکەن بۆ دادگەی کەرکووک و بەگوێرەی بڕیاری دادگەی پێداچوونەوە دەبێت ئەو یەک ملیۆن دینارەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە کە پێشتر وەک پێبژاردن دابووی.
ئەو دۆسیەیە تایبەتە بەو گرژییەی لە 17ـی شوباتی 2025 لە ناحیەی سەرگەڕان لە کەرکووک روویدا، کاتێک سوپا ڕێگەی نەدا محەممەدئەمین زەوییەکەی بکێڵێت کە لەگەڵ عەرەبی هاوردە کێشەی لەسەر دروستبووە.




