رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، رۆڵی هەرێمی کوردستان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا بە گوێرەی رووداو و گۆڕانکارییەکان دەگۆڕدرێ و ئاماژە بەوەش دەکات کە "هەرێمی کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە"، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا لە زۆر بواری پەیوەندییەکاندا لە پێش هەرێمە فیدراڵییەکانی دیکەی جیهانەوەیە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵی ئەنجام دا، لەبارەی ئەو بۆچوونانەی کە دەڵێن رۆڵی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کەم بووەتەوە، رایگەیاند، "پێویستە واقیعیانە سەیری دۆخەکە بکەین. لە ساڵی 2003دا هەرێمی کوردستان هێزی سەرەکی بوو بۆ هاوکاریکردنی هاوپەیمانان لە گۆڕانکارییەکانی عێراق. لە 2014ـیشدا، دیسانەوە هێزی سەرەکی بوو لە رووبەڕووبوونەوەی داعش." ئەو بەرپرسەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە بایەخی هەر ناوچەیەک، لەنێویاندا هەرێمی کوردستان، بەپێی رووداو و گۆڕانکارییە خێراکان دەگۆڕدرێ و ئەمەش تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان راست نییە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان وەک نموونە باسی پێگەی یەکێتیی ئەورووپای لە کاتی قەیرانەکانی ئێستای ناوچەکەدا کرد و رایگەیاند: "ئەگەر تەماشای یەکێتیی ئەوروپا بکەیت کە 27 وڵاتن، پێگەیان لە هاوکێشەکاندا لە کوێیە؟ رەنگە ئەوانیش گلەییان هەبێت، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کە یەکێتیی ئەورووپا پەراوێزخراوە یان گرنگیی نەماوە."
سەبارەت بە پێگەی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی گوتی، "نزیکەی 40" نوێنەرایەتیی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستان هەن کە بریتین لە "کۆنسووڵخانەی گشتی، کۆنسووڵخانەی فەخری و رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان." سەفین دزەیی روونیکردەوە کە پێشوازی لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرکردەکانی جیهانەوە نیشانەی پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستانە، کە ئەمە بۆ هەرێمە فیدراڵییەکانی دیکەی جیهان بەدی ناکرێ.
سەبارەت بە کردنەوەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، سەفین دزەیی گوتی: "لە سەرەتای کابینەدا خواست و بڕیارمان هەبوو لە چەند وڵاتێکی عەرەبی، تورکیا و یەک دوو وڵاتی ئاسیایی نوێنەرایەتیمان هەبێت، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا و کۆمەڵێک گرفتی دیکە نەتوانرا جێبەجێ بکرێ." سەفین دزەیی هۆکاری ئەم دواکەوتنەی بۆ قەیرانی دارایی گەڕاندەوە و گوتی: "کردنەوەی نوێنەرایەتی لە دەرەوەی وڵات پێویستی بە شوێنی گونجاو، ستافی پێویست و بودجەیە."
سەفین دزەیی ئەوەشی خستەڕوو کە قەیرانی دارایی و سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکان کاریگەریی لەسەر نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە هەبووە و بودجەیان کەمکراوەتەوە، بەڵام ئێستا دۆخەکە "باشترە."
لەبارەی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەوە سەفین دزەیی رایگەیاند کە پرۆسەکە "دوور و درێژ بوو و زۆری خایاند،" بەڵام هۆکارەکەی بۆ "واقیعی کوردستان" گەڕاندەوە. ئەو بەرپرسەی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەوڵ درا هێزەکان لەژێر چەتری حیزبی بێنە دەرەوە و ببنە دامەزراوەیەکی رێکوپێک و سەردەمیانە لەژێر فەرمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە." سەفین دزەیی جەختی کردەوە کە وڵاتانی هاوپەیمان "دەستخۆشییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنەکان کردووە کە هاوکار و پاڵپشت بوون" لەم پرۆسەیەدا.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەوڵی داخستنی نوێنەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، سەفین دزەیی گوتی: "ئەوە تەنیا قسە و قسەڵۆکی لابەلا بوو و تاوەکو ئێستا لە هیچ ئاستێک باس نەکراوە."
سەبارەت بە بابەتی کۆچی گەنجان، سەفین دزەیی رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە بەدەم هاونیشتمانییانەوە بچێت و گوتی: "لە کاتی کۆرۆنادا لە نزیکەی 15 وڵاتی جیا خەڵکمان گەڕاندەوە. لە کێشەی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا، نزیکەی 4,000 هاووڵاتیمان گەڕاندەوە." سەبارەت بە لیبیاش گوتی، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 کەسمان لەو ماوە کورتەدا گەڕاندووەتەوە."
سەفین دزەیی هۆکاری زەحمەتیی وەرگرتنی ڤیزەی شنگن بۆ هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانی بۆ "خراپ بەکارهێنانی سیستمەکە لەلایەن هەندێک کەسەوە" گەڕاندەوە و گوتی: "هەندێک کەس دوای وەرگرتنی ڤیزە ناگەڕێنەوە یان داوای مافی پەنابەری دەکەن." ئەو بەرپرسەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک کۆمپانیای گەشتوگوزار "بوونەتە ناوەندێکی قاچاخچێتیکردن بە مرۆڤەوە."


