رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە پێنجەمین راپۆرتی چاودێریی خۆیدا لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، زەنگی هۆشدارییەکی تووند لەبارەی دۆخی سیاسی، یاسایی و پێکهاتەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان لێدەدات.
راپۆرتەکە کە لەژێر ناونیشانی "هەرێمی کوردستان لە لێواری بۆشایی دامەزراوەییدا» بە پاڵپشتیی رێکخراوی نیشتمانی بۆ پاڵپشتیی دیموکراسی (NED)ی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، رایدەگەیێنێت هەرێمی کوردستان پاش 34 ساڵ لە دروستبوونی یەکەم ئەزموونی حوکمڕانیی خۆبەخۆ، لە مەترسیدارترین قۆناخی مێژووییدایە؛ قۆناخێک کە تێیدا شەرعیەتی دامەزراوەکان کاڵبووەتەوە، دەستوور فەرامۆش کراوە و هێزە چەکدار و هەواڵگرییەکان لەنێوان دوو زۆنی ئەمنی و سیاسیدا قەتیس ماونەتەوە.
دامەزراوەی پەی جەخت دەکاتەوە مەترسیی سەرەکیی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی پیلان و هەڕەشەی دەرەکی بێت، "لەدەستدانی مانای کرداریی دامەزراوەکانە لە ناوخۆدا"، بە جۆرێک ئەگەر چاکسازیی فریاگوزار و ریشەیی نەکرێت، قەوارەی هەرێمی کوردستان لە قەوارەیەکی دەستووریی بەهێزەوە بەرەو قەوارەیەکی لاواز و "بەڕێوەبەرایەتییەکی خۆجێیی بەتەواوی وابەستە بە بەغدا" پاشەکشە دەکات.
هەرێمی کوردستان؛ دەستکەوتێکی مێژوویی و ئەمانەتێکی نیشتمانی
راپۆرتەکە لە بەشی یەکەمیدا بە تێڕوانینێکی مێژوویی دەستپێدەکات و دەڵێت، قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان بەرهەمی رێککەوتنی سیاسیی کاتی یان بەخششی هیچ حکومەتێکی بەغدا نییە، بەڵکو بەرهەمی زیاتر لە سەدەیەک خەبات و قوربانیدانی بێپچڕانی گەلی کوردستانە؛ بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید، ئەنفال، کیمیاباران، راپەڕین، زیندان و ئاوارەییە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە گەلی کوردستان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لەپێناو مافی چارەی خۆنووسیندا راپەڕینی شێخ مەحموودی حەفید، راپەڕینەکانی بارزان، شۆڕشی ئەیلوولی 1961 و رێککەوتننامەی 11ـی ئازاری 1970ی تۆمارکرد، کە یەکەمین هەنگاوی بەفەرمی ناساندنی مافەکانی گەلی کورد بوو. دواتریش سەرەڕای شکستی 1975، لە ساڵی 1976دا شۆڕشی نوێ بەرپابووەوە و بەرەنگاری شاڵاوەکانی راگواستن، تەعریب، جینۆسایدی 182 هەزار هاووڵاتی لە ئەنفال و کۆمەڵکوژیی کیمیابارانی هەڵەبجە لە 16ـی ئاداری 1988 بووەوە.
راپۆرتەکە وەبیردەهێنێتەوە کە لە راپەڕینی بەهاری 1991 و پاشان کۆڕەوە ملیۆنییەکەی خەڵکی کوردستان بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی دەرکرد و هێڵی دژەفڕینی دروستکرد. بەڵام دوای کشانەوەی دامودەزگاکانی رژێمی بەعس لە پایزی 1991 و دروستبوونی گەمارۆی ئابووریی نێودەوڵەتی و گەمارۆی ناوخۆیی بەعس لەسەر کوردستان، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بڕیاری مێژوویی دا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی کارگێڕی لە رێگەی پەیڕەوکردنی دیموکراسی و هەڵبژاردن.
لێرەوە لە 19ـی ئایاری 1992 یەکەم هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و لە 4ـی تەممووزی 1992 یەکەم دانیشتنی پەرلەمان سازکرا و حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا. راپۆرتەکە دەڵێت ئەمە دەستپێکی گواستنەوە بوو لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی چەکدارییەوە بۆ شەرعییەتی دەستووری، یاسایی و مەدەنی.
لە 9 هەڵبژاردنی پێویست، تەنیا 6 هەڵبژاردن کراون
دامەزراوەی پەی ئاماژەی بەوە داوە، بەپێی رۆژژمێری یاسایی، دەبوو لە ماوەی نێوان ساڵانی 1992 تاوەکو 2024 نۆ هەڵبژاردنی گشتی بکرابان (1992، 1996، 2000، 2004، 2008، 2012، 2016، 2020، 2024)، بەڵام لە واقیعدا تەنیا شەش هەڵبژاردن کراون (1992، 2005، 2009، 2013، 2018، و 2024). "ئەمەش دەریدەخات کە پاشەکشە و دواخستنی پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بووەتە نەریتێکی باو."
راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە: "قوربانیدانی مێژوویی نابێت وەک پاساوێک بۆ دەسەڵاتی بێسنوور، دواخستنی هەڵبژاردن و لاوازکردنی لێپرسینەوە بەکاربهێنرێت؛ چونکە شەهیدان بۆ ئەوە گیانیان بەخت نەکرد حیزب ببێتە خاوەنی هەرێم، بەڵکو قوربانییان دا تاوەکو خەڵکی کوردستان ببێتە خاوەنی ئازادی و دەسەڵاتی یاسا."
پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا
بەشی دووەمی راپۆرتەکەی دامەزراوەی پەی تیشک دەخاتە سەر پێگەی یاسایی هەرێمی کوردستان لە دەستووری هەمیشەییی عێراقی ساڵی 2005. راپۆرتەکە روونیدەکاتەوە پێگەی هەرێم لە بەغداوە نەبەخشراوە، بەڵکو یەکەیەکی فیدراڵیی دانپێدانراوە بە دەقی دەستوور لە چەندین ماددەی سەرەکیدا:
1. فیدراڵیزم بنەمای دەوڵەتە (دیباجە و ماددەی 1): لە دیباجەی دەستووردا پابەندبوون بە دەستوور بە زامنی یەکپارچەییی عێراق دانراوە. هەروەها بەپێی ماددەی 1، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵی، فرەپێکهاتە و پەرلەمانییە.
2. دانپێدانانی روون بە دەسەڵاتەکانی هەرێم (ماددەی 117): ئەم ماددەیە دەڵێت دەستوور دان بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە هەبووەکانیدا دەنێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی. ئەمەش گرنگیی مێژوویی هەیە، چونکە دان بە واقیعی هەرێم لە پێش ساڵی 2003دا دەنێت.
3. دەسەڵاتە بەجێماوەکان (ماددەی 115): یەکێک لە بەهێزترین ماددەکانە کە دەڵێت، هەر دەسەڵاتێک لە دەستووردا بە دەقی تایبەت نەدرابێتە حکومەتی فیدراڵ (بەپێی ماددەی 110)، ئەوا دەسەڵاتی هەرێمەکانە. لە کاتی ناکۆکیشدا لە دەسەڵاتە هاوبەشەکان (ماددەی 114)، پێشینەیی بۆ یاسای هەرێمە.
4. بەردەوامیی یاساکانی هەرێم (ماددەی 141): دەستوور دان بە سەرجەم ئەو یاسا، بڕیار، گرێبەست و رێکارانەدا دەنێت کە لە دوای ساڵی 1992ـەوە لە هەرێمی کوردستان دەرکراون، تاوەکو ئەو کاتەی لەلایەن دەسەڵاتی شیاوی هەرێمەوە هەمواردەکرێن یان هەڵدەوەشێندرێنەوە، بە مەرجێک دژی دەستوور نەبن.
5. دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری (ماددەی 121): هەرێمی کوردستان مافی تەواوی پەیڕەوکردنی هەرسێ دەسەڵاتەکەی لە سنووری خۆیدا پێدراوە، لەوانەش مافی دانانی دەستووری تایبەت بە خۆی (ماددەی 120) و رێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (پۆلیس، ئاسایش و پاسەوانی هەرێم).
6. پاراستنی دەسەڵاتەکانی هەرێم لە هەموارکردنەوە (ماددەی 126/ چوارەم): ناتوانرێت دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندیی پەرلەمانی کوردستان و دەنگدانی زۆرینەی خەڵکی هەرێم لە رێگەی گشتپرسییەوە، لە دەستووری عێراقدا کەمبکرێنەوە.
ناکۆکی لەنێوان مافی دەستووری و لاوازیی ناوخۆ
راپۆرتەکە دەپرسێت: "سەرەڕای ئەم هەموو دەسەڵاتە دەستوورییە بەهێزە، بۆچی پێگەی هەرێم لە بەردەم بەغدا رۆژ بە رۆژ بەرەو لاوازی دەچێت؟"
وەڵامەکەی بەپێی راپۆرتەکە ئەوەیە کە "مافی دەستووری بەبێ دامەزراوەی بەهێز و کارا ناپارێزرێت. کاتێک هەرێمی کوردستان پەرلەمانی پەکدەخات، پۆستە باڵاکان بە شێوەی کاربەڕێکەر دەهێڵێتەوە، دەستوور دانانێت و داهاتەکانی ناشەفاف دەبن، دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا ئەو لاوازییانە دەقۆزێتەوە و دەست دەخاتە نێو وردەکاریی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی هەرێمەوە."
دەستووری هەرێمی کوردستان؛ ماف و ئەرکێکی جێبەجێنەکراو
بەشی سێیەمی راپۆرتەکە بە تێروتەسەلی باس لە پرسی نەبوونی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکات. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە 21 ساڵ بەسەر پەسندکردنی دەستووری عێراق و ماددەی 120دا تێپەڕیوە، بەڵام هەرێمی کوردستان هێشتا بێ دەستوورە.
بۆچی هەرێم پێویستی بە دەستوورە؟
بەپێی راپۆرتەکە، دەستوور پێویستە بۆ:
• دیاریکردنی سیستەمی حوکمڕانی (پەرلەمانییە، سەرۆکایەتییە، یان تێکەڵە).
• دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم، پەرلەمان و حکومەت.
• جیاکردنەوەی رەهای دەسەڵاتەکان و زامنکردنی سەربەخۆیی دادوەری.
• سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر تاوەکو رێگە لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی بێسنوور بگیرێت.
• دەرهێنانی هێزە چەکدار و ئەمنییەکان لە دەستی حیزب.
• پاراستنی دادپەروەرانەی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان (تورکمان، کلدان، سریان، ئاشووری، ئەرمەن، ئێزدی، کاکەیی و مەسیحی).
شکستی هەوڵەکانی پێشوو بۆ دانانی دەستوور
راپۆرتەکە مێژووی پڕۆژەی دەستووری هەرێم دەخاتە روو:
• پێش 2003: لە خولی یەکەمی پەرلەمان، بە بڕیاری ژمارە 22 لە ساڵی 2001 و پاشان بڕیاری ژمارە 37 لە ساڵی 2002، پڕۆژەی دەستوور گەڵاڵە کرا.
• ساڵی 2009: لە خولی دووەم، بە بڕیاری ژمارە 5 لە 8ـی ئەیلوولی 2005 لیژنەیەک پێکهێنرا و لە 24ـی حوزەیرانی 2009 پڕۆژەی دەستوور بە دەنگی 97 پەرلەمانتار پەسندکرا بۆ ئەوەی بخرێتە گشتپرسییەوە، بەڵام بەهۆی گوشاری دەرەکی (تورکیا) و ناڕەزایەتیی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ (بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو و بەشێک لە یەکێتی) گشتپرسی نەکرا.
• ساڵی 2013: لە رۆژانی کۆتایی خولی سێیەم، پارتی و یەکێتی بە رێککەوتنی سیاسی لە دەرەوەی پەرلەمان، لە یەک رۆژدا (30ـی حوزەیرانی 2013) لە دانیشتنێکدا کە گرژیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێمیان بۆ دوو ساڵ درێژکردەوە بە مەرجی گەڕاندنەوە و هەموارکردنەوەی پڕۆژەی دەستوور بە سازان.
• ساڵی 2015: لە خولی چوارەم، بەپێی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2015 لیژنەی 21 کەسی بۆ دەستوور پێکهێنرا، بەڵام بەهۆی پەککەوتنی پەرلەمان لە 12ـی ئۆکتۆبەری 2015، پرۆسەکە بە تەواوی پەکخرا.
• خولەکانی پێنجەم و شەشەم: هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ پەسندکردنی دەستوور نەنراوە.
دامەزراوەی پەی دووپاتی دەکاتەوە کە هۆکاری نەبوونی دەستوور نەبوونی شارەزایی و دەقی یاسایی نەبووە، بەڵکو "ناکۆکیی حیزبەکان بووە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستەکان."
قەیرانی شەرعیەتی دامەزراوەکان
بەشی چوارەمی راپۆرتەکە قووڵترین برینەکانی سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان هەڵدەداتەوە و شەرعیەتی دامەزراوە یاسایی و چاودێرییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە:
1. پەرلەمانی کوردستان؛ پەککەوتن لە پاش پەککەوتن
پەرلەمان کە بەرزترین دامەزراوەی شەرعی و نوێنەرایەتیی خەڵکە، ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی لە 6ـی تشرینی دووەمی 2022 کۆتایی هات. هەوڵی درێژکردنەوەی تەمەنی لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە لە 30ـی ئایاری 2023 هەڵوەشێندرایەوە و بە نادەستووری ناسێندرا. هەڵبژاردنی خولی شەشەم پاش دوو ساڵ دواکەوتن لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، ئەندامان لە 2ـی کانوونی یەکەمی 2024 سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی رێکنەکەوتنی حیزبەکان، دەستەی سەرۆکایەتی و لیژنە هەمیشەییەکان هەڵنەبژێردراون و دانیشتنەکان کراوە ماونەتەوە.
راپۆرتەکە دەڵێت ئەمە وایکردووە چاودێری بەسەر حکومەتەوە نەمێنێت، یاسادانان بوەستێت و پۆستە باڵاکان بە بەسەرچوویی بمێننەوە.
2. حکومەتی هەرێم؛ کاربەڕێکەرێکی درێژخایەن
یەکێک لە گرنگترین ئەو بابەتانەی لە راپۆرتەکەدا بە وردی تیشکی خراوەتەسەر، چەمکی یاسایی "حکومەتی کاربەڕێکەرە":
راپۆرتەکە دەڵێت، لە عێراقدا چەمکی کاربەڕێکەر لە بڕگەی دووەمی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 2ـی ساڵی 2019 و بە بڕیاری ژمارە 89/فیدراڵی/2022 یەکلاکراوەتەوە، کە تێیدا حکومەت بۆی نییە بڕیاری ستراتیژی بدات، پڕۆژەیاسا رەوانە بکات، یان گرێبەستی گەورە واژۆ بکات.
بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، هیچ دەقێکی دەستووری و یاسایی نییە بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕێکەر. ئەمەش وایکردووە کابینەی نۆیەم بەناوی کاربەڕێکەرەوە، بەڵام بە کرداری هەمان دەسەڵاتی حکومەتێکی تەواوی خاوەن متمانەی هەبێت.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 10ـی تەممووزی 2019 متمانەی وەرگرتووە و دەبوو لە تەممووزی 2023 تەمەنی یاسایی کۆتایی پێبێت. بەڵام ئێستا نزیکەی دوو ساڵە وەک حکومەتی کاربەڕێکەر کار دەکات بەبێ ئەوەی لە دەستوور یان یاسایەکی تایبەتدا دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر دیاریکرابن. ئەم دۆخە بووەتە هۆی لاوازبوونی متمانەی کۆمپانیا و وەبەرهێنەران و دروستکردنی بۆشایی چاودێری.
3. ئەنجوومەنی پارێزگاکان؛ 12 ساڵ بێ نوێکردنەوە
دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 30ـی نیسانی 2014 کراوە. دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە ئەیلوولی 2023 بەردەوامبوونی کارەکانی ئەم ئەنجوومەنانەی بە نادەستووری دانا. بەمەش پارێزگاکانی هەرێم لە نوێنەرایەتیی هەڵبژێردراوی ناوخۆیی و چاودێریکردنی ئیدارە خۆجێییەکان بێبەشکراون.
4. دەستە سەربەخۆکان؛ پۆستە بەسەرچووەکان
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە، هەر چوار دەستە سەربەخۆ سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاساییدان:
• دەستەی دەستپاکی: سەرۆکەکەی لە 13ـی ئایاری 2013 هەڵبژێردراوە و لە 28ـی ئایاری 2017 ماوەی یاسایی چوار ساڵەی بەسەرچووە، کەچی تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
• دیوانی چاودێریی دارایی: سەرۆکی پێشووی لە 2ـی ئایاری 2023 خانەنشین بووە، لەو کاتەوە دیوان بەبێ سەرۆکی فەرمی بەڕێوەدەبرێت.
• کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی: ماوەی یاسایی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە 23ـی کانوونی یەکەمی 2019 بەسەرچووە، لە کاتێکدا هەوڵی پەرلەمان لە 22ـی ئایاری 2023 بۆ کاراکردنەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە هەڵوەشێندرایەوە.
• دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: ماوەی یاسایی سەرۆکەکەی لە 20ـی حوزەیرانی 2025 کۆتایی هاتووە و لە دۆخی بەسەرچووندایە.
5. دەسەڵاتی دادوەری و سەندیکاکان
دامەزراوەی پەی رەخنە لەوە دەگرێت کە بە بڕیاری ژمارە (1-1-269) لە 19ـی ئایاری 2026 لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەرییەوە، خزمەتی دادوەریی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری درێژکراوەتەوە، لە کاتێکدا دەبوو ئەم رێکارانە شەفاف بن. هەروەها دەیان سەندیکا، فیدراسیۆن و کۆمەڵەی پیشەیی ساڵانێکی زۆرە کۆنگرەیان نەبەستووە و نوێکردنەوەی شەرعیەتیان نەکردووە.
راپۆرتەکە تەواوی کۆمەڵگە و دامەزراوەکان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی و ئەرکی هەریەکەیان بەم شێوەیە دیاری دەکات:
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: دەبێت لە ململانێی حیزبی بێتە دەرەوە و دەستپێشخەری بۆ کۆبوونەوەی نیشتمانیی فریاگوزار بکات.
حیزبە سیاسییەکان: دەبێت دان بەوەدا بنێن کە هیچ حیزبێک لە دەوڵەت گەورەتر نییە و دەستبەرداری کۆنتڕۆڵی چەک بن.
پەرلەمانتاران: ئامادەبوونیان لە دانیشتنەکاندا ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانییە؛ بایکۆتکردنی دانیشتنەکان لەبەر فەرمانی حیزب، پێشێلکردنی سوێندی پەرلەمانییە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان: دەبێت سنوور بۆ دەسەڵاتی کاربەڕێکەری دابنێت و داتای نەوت و داهاتە نانەوتییەکان بە شەفافی بڵاوبکاتەوە.
دەسەڵاتی دادوەری: دەبێت دادوەران لە دەستێوەردانی حیزبی بپارێزرێن و دادگای دەستووریی هەرێم دابمەزرێت.
دەستە سەربەخۆکان: نابێت بێدەنگ بن؛ دەبێت تەنانەت ئەگەر پەرلەمانیش نەبێت، راپۆرتی گەندەڵی و پێشێلکارییەکان ئاراستەی رای گشتی بکەن.
کۆمەڵگەی مەدەنی: دەبێت چاودێریی بەڵگەدار بکەن و رەشنووسی یاسایی ئامادە بکەن نەک تەنیا رەخنەی بێ بەڵگە.
میدیا و رۆژنامەنووسان: دەبێت هەواڵ لە پڕوپاگەندەی حیزبی جیا بکەنەوە و رێگری لە گوتاری رقوکینە بکەن.
سەندیکا و یەکێتییە پیشەییەکان: دەبێت بەپەلە کۆنگرە ببەستن و خۆیان لە پاشکۆیەتیی دەسەڵات رزگار بکەن.
زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە: نابێت بێدەنگ بن؛ دەبێت پڕۆژەی ئەکادیمی بۆ دەستوور و چاکسازی پێشکەش بکەن.
هاووڵاتییان: دەبێت نوێنەرەکانیان بخەنە ژێر لێپرسینەوە و دەنگەکانیان نەفرۆشن بە بەرژەوەندیی کاتی.
حکومەتی فیدراڵ و هاوپەیمانان: بەغدا نابێت لاوازیی هەرێم بۆ سەپاندنی مەرکەزییەت بەکاربهێنێت، هاوپەیمانانیش دەبێت هاوکارییەکانیان ببەستنەوە بە هەنگاوی کرداریی یەکگرتنەوە، نەک بەڵێنی سەر کاغەز
هێزە چەکدار و ئەمنییەکان؛ دوو دەسەڵات لە نێو یەک قەوارەدا
بەشی پێنجەمی راپۆرتەکە کە تایبەتە بە هێزە ئەمنی و چەکدارەکان دەڵێت، سەرەڕای تێپەڕبوونی 34 ساڵ بەسەر حوکمڕانیی هەرێمدا، هێشتا هێزی پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، بەرگری و فریاکەوتن و دەزگا هەواڵگرییەکان لە ژێر چەتری یەک فەرماندەیی نیشتمانیدا یەکنەخراون و دابەشبوون بەسەر دوو ناوچەی نفوز و دوو بڕیاری سیاسیی پارتیدا لە هەولێر و دهۆک، و لە سلێمانی و هەڵەبجە بۆ یەکێتی.
یەکێک لە گرنگترین لێکدانەوە دەستوورییەکانی راپۆرتەکە، شیکردنەوەی پێگەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش و دەزگای هەواڵگرییە لە دەستووری عێراقدا و سەلماندنی ئەوەی کە سیستەمی ئێستای هەرێم پێچەوانەی خودی دەستووری عێراقیشە:
پێشمەرگە سوپایە یان پاسەوانی هەرێم؟
راپۆرتەکە شیکارییەکی یاسایی ورد دەخاتە روو و دەڵێت هەرێمی کوردستان دوو بژاردەی لەبەردەمدایە بۆ یەکلاکردنەوەی پێگەی پێشمەرگە:
بژاردەی یەکەم (پێشمەرگە وەک سوپا): ئەگەر هەرێمی کوردستان دەیەوێت پێشمەرگە وەک سوپا و بەشێک لە سیستەمی بەرگریی گشتیی عێراق بناسێندرێت، دەبێت بەپێی ماددەی 110/ دووەم لە دەستوور، بچێتە ژێر چەتری سیستەمی بەرگریی فیدراڵ و وەزارەتی بەرگریی عێراق.
بژاردەی دووەم (پێشمەرگە وەک پاسەوانی هەرێم): ئەگەر دەیەوێت وەک هێزێکی تایبەت بە هەرێم بمێنێتەوە، ئەوا دەستوور لە ماددەی 121/ پێنجەم تەنیا دان بە «پاسەوانی هەرێم، پۆلیس و ئاسایش»دا دەنێت. لەم حاڵەتەشدا، پێویستە ئەم هێزە بە تەواوەتی رێکبخرێتەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و فەرماندەیییەکی مەدەنی.
راپۆرتەکە دەڵێت هەرێمی کوردستان نە پێشمەرگەی خستووەتە چوارچێوەی ماددەی 110 وەک بەشێک لە بەرگریی عێراق، نە لە ناوخۆشدا وەک پاسەوانی نیشتمانی و لە چوارچێوەی ماددەی 121 یەکیخستووە، بەڵکو لە دۆخێکی پەرتەوازەی حیزبیدا هێشتوویەتییەوە.
بەپێی هەمان ماددەی 121/ پێنجەم، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ راستەوخۆ دەبێت بەشێک بن لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا بە شێوەی دوو دەزگای سەربەخۆ لە هەولێر و سلێمانی بەڕێوەدەبرێن.
سەبارەت بە هەواڵگریش، راپۆرتەکە ئاماژە بە ماددەی 84 و ماددەی 9/ یەکەم (د) لە دەستووری عێراق دەکات کە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (المخابرات الوطني) وەک دەزگایەکی سەرتاسەری پێناسە کردووە کە لەژێر چاودێریی پەرلەمان و دەسەڵاتی مەدەنیی حکومەتدایە. بەڵام لە هەرێمدا، دوو دەزگای هەواڵگریی تەواو حیزبی (پاراستن و زانیاری) هەن، بەبێ ئەوەی هیچ یاسایەکی تایبەت هەبێت کە سنوور و دەسەڵاتەکانیان رێکبخات.
بۆچی یەکخستنەوەی 21ـی ئەیلوولی 2026 بەس نییە؟
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە 21ـی ئەیلوولی 2026دا بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت، یەکخستنەوەی فەرمیی فەرماندەییەکانی دەڤەری 1 و 2 (یەکەکانی 70 و 80) لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندرا. بەڵام دامەزراوەی پەی دەڵێت: "ئەم یەکخستنەوەیە تەنیا رووکەش و کارگێڕییە، نەک کرداری."
راپۆرتەکە جیاوازیی نێوان دوو چەمک دەکات:
• یەکخستنەوەی کارگێڕی: تەنیا بریتییە لە دابینکردنی مووچە لە رێگەی وەزارەت، رێکخستنی جلوبەرگ و بەشداریکردن لە مەشقی هاوبەش.
• یەکخستنەوەی کرداری (راستەقینە): بریتییە لە کۆتاییهێنان بە زنجیرەی فەرماندەییی حیزبی، گواستنەوەی سەرجەم چەک، کۆگا و بارەگاکان بۆ ژێر دەسەڵاتی راستەقینەی وەزارەت و پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان فەرماندە سەربازییەکان و مەکتەبی سیاسیی حیزبەکان.
راپۆرتەکە گوتەیەکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 14ـی ئایاری 2026 وەبیردەهێنێتەوە کە راشکاوانە رەخنەی لە خاوەخاوی پرۆسەکە گرت و نەبوونی ئیرادەی سیاسیی بە هۆکاری سەرەکیی بەربەستەکان دانا.
دوو ئاسایش و دوو دەزگای هەواڵگری
لە کەرتی ئاسایش و هەواڵگریدا، راپۆرتەکە دەڵێت یاسای ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2011 بە مەبەستی یەکخستنەوە دەرچوو، کەچی تاوەکو ئێستا دوو دەزگای ئاسایشی جیاواز و دوو دەزگای هەواڵگریی حیزبی (پاراستن سەر بە پارتی و زانیاری سەر بە یەکێتی) کار دەکەن. ئەم دابەشبوونە لە کاتی ئاڵۆزییەکاندا مەترسیی زەقکردنەوەی شەڕی ناوخۆ، دەستبەسەرکردنی سیاسی، بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤی لێدەکەوێتەوە.
بۆ ئەوەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە درووشمەوە ببێتە کردار، دامەزراوەی پەی «10 پرسیاری تاقیکەرەوە» دەخاتە بەردەم دەسەڵاتدارانی هەرێم کە لە ماوەی 12 مانگدا وەڵامەکانیان دەدرێتەوە:
- تاوەکو چەند یەکە سەربازییەکان بەتەواوی لە رووی شوێن و کۆگاوە گوێزراونەتەوە بۆ ژێر چەتری وەزارەت؟
- چەند فەرماندەی سەربازی بە بڕیاری فەرمیی دەوڵەت دەستنیشان کراون نەک بە پێشنیازی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکان؟
- چەند بنکە و کۆگای چەک لەلایەن دەزگاکانی حکومەتەوە تۆمارکراون؟
- چەند لەسەدی مووچەخۆرانی سەربازی کەوتوونەتە نێو سیستەمی دیجیتاڵی، بانکی و بایۆمەتریی بێ کەموکوڕی؟
- ئایا هێشتا هیچ فەرماندەیەک ماوە فەرمانی راستەوخۆ لە حیزب وەربگرێت؟
- چەند ئۆپەراسیۆن و جووڵەی سەربازی لە ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەوە بەڕێوەچوون؟
- ئایا پەرلەمانی کوردستان مافی پشکنینی بودجە، ژمارەی چەکدار و چاودێریی سەربازیی پێدراوە؟
- چەند سکاڵای مافی مرۆڤ لەسەر رەفتاری هێزە چەکدار و ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لێکراوە و ئەنجامەکەیان راگەیێندراوە؟
- ئایا دوو دەزگای ئاسایش و دوو دەزگای هەواڵگری فەرماندەیییان جیاوازە، یان یەکیانگرتووە؟
- ئایا حیزبەکان بە فەرمی و بە نووسراو دەستبەرداری خاوەندارێتیی هێزەکان بوون؟
لاوازبوونی ئابووری و دارایی هەرێمی کوردستان
راپۆرتەکە بە پشتڕاستکردنەوە بە راپۆرتەکانی "بانکی نێودەوڵەتی" دەریدەخات کە چۆن قەیرانی دامەزراوەیی ناوخۆ سەری کێشاوە بۆ لەدەستدانی باڵادەستیی دارایی هەرێمی کوردستان.
پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس و پاشان راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پێگەی ئابووریی هەرێمی کوردستان گۆڕانی بەسەردا هات لە قەوارەیەکی فرۆشیاری نەوتەوە بۆ قەوارەیەکی چاوەڕوانکاری تەمویلی مانگانە لە بەغدا.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێی یاساکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024، 2025 و 2026)، بەغدا مەرجی قورسی خستووەتە سەر خەرجی و داهاتەکانی هەرێم؛ نەوتی هەرێمی خستووەتە ژێر دەستی کۆمپانیای سۆمۆ و تەواوی داهاتە نانەوتییەکانیشی دەخاتە ژێر وردبینیی دیوانی چاودێریی فیدراڵییەوە.
ئەم دۆخە وایکردووە فەرمانبەری هەرێمی کوردستان، لەبری ئەوەی متمانەی بە حکومەتی خۆی هەبێت بۆ مووچە، چاوی لە بڕیارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بێت، ئەمەش بەپێی راپۆرتەکە "داڕمانی هەستی هاووڵاتیبوونە بەرامبەر بە قەوارەی هەرێمی کوردستان".
مەترسییەکانی بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا و سیناریۆکان
دامەزراوەی پەی هۆشداری دەدات کە بەردەوامبوونی ئەم بۆشاییە دامەزراوەیی و پەرتەوازەییە، پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە دەخاتە بەردەم هەڕەشەی گەورە:
1. لاوازبوونی پێگەی هەرێم لە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا: کاتێک هێزە کوردییەکان لەسەر پۆست و دەسەڵات لە بەغدا ناکۆکن، دەسەڵاتی فیدراڵ لە رێگەی مەرجی دارایی، نەوتی و دادگای فیدراڵییەوە دەسەڵاتەکانی هەرێم سنوردار دەکات.
2. پەراوێزخستنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی مامەڵەی راستەوخۆ: مەترسی هەیە بەغدا پەنا بۆ مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاکان یان دەزگا ئەمنییەکان ببات، ئەمەش قەوارەی هەرێمی کوردستان لە قەوارەیەکی یەکگرتووەوە دەکاتە پارێزگای جیاواز.
3. پاشەکشەی هاوکاریی هاوپەیمانان: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام نابێت لە هاوکاریکردنی هێزێک کە بە حیزبی بمێنێتەوە، و لە ئەگەری نائومێدبوونیان، هاوکارییەکان رادەگرن یان لە رێگەی بەغداوە مامەڵە دەکەن.
4.بێمتمانەییی خەڵک و کۆچی گەنجان: راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە قەیرانی مووچە، بێکاری و نەبوونی ئاسۆی روون بۆ داهاتوو، بووەتە هۆی بێئومێدبوونی نەوەی نوێ لە پرۆسەی سیاسی و هەڵکشانی رێژەی کۆچ بەرەو دەرەوەی وڵات.
پێنج سیناریۆی داهاتوو
راپۆرتەکە پێنج سیناریۆ بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان دەخاتە روو:
• سیناریۆی یەکەم (بەردەوامبوونی هەمان دۆخ): حکومەتی کاربەڕێکەر بەردەوام دەبێت، پەرلەمان ناکارا دەمێنێتەوە و قەیرانەکان کەڵەکە دەبن.
• سیناریۆی دووەم (بەتاڵبوونەوەی هێواش): بەغدا کۆنتڕۆڵی دارایی و نەوت فراوان دەکات، ناوی هەرێم دەمێنێتەوە بەڵام دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی دەسەندرێنەوە.
• سیناریۆی سێیەم (جێگیربوونی دوو ئیدارەیی): بە شێوەیەکی نافەرمی هەر ناوچەیەک بە جیا کار دەکات و دەسەڵات و هێزی خۆی بەڕێوەدەبات.
• سیناریۆی چوارەم (قەیرانی ئەمنی): ناکۆکیی سیاسی لەسەر داهات یان زۆنەکان دەگۆڕێت بۆ پێکدادانی چەکداریی سنووردار.
• سیناریۆی پێنجەم (چاکسازیی فریاکەوتوو): پەرلەمان کارا دەکرێتەوە، حکومەت پێکدەهێندرێت، دەستوور پەسند دەکرێت و هێزەکان بە راستی یەکدەخرێن. راپۆرتەکە دەڵێت ئەمە تاکە سیناریۆی رزگارکردنی هەرێمە.
پێشنیاز و نەخشەڕێگەی دەربازبوون؛ "پاکێجی پابەندکەر"
لە بەشی کۆتاییدا، دامەزراوەی پەی نەخشەڕێگەیەکی کرداری و کاتدار بە ناوی "پاکێجی گشتگیر و پابەندکەر» دەخاتە بەردەم هەموو دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە:
1. قۆناخی فریاکەوتن (لە ماوەی 30 رۆژدا
• بانگهێشتکردنی دەستبەجێی پەرلەمان، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و پێکهێنانی لیژنە سەرەکییەکان بەپێی رێکارە پەرلەمانییەکان نەک رێککەوتنی نهێنی.
• دەرکردنی بڕیاری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری هەرێم و پێکهێنانی لیژنەی باڵای دەستوور.
• راگەیاندنی راپۆرتی دارایی شەفاف لەلایەن حکومەتەوە سەبارەت بە نەوت، داهاتی ناوخۆ، خەرجی و قەرزەکان.
• دەرکردنی بڕیارێکی نیشتمانی لەلایەن سەرۆکایەتی و حیزبەکانەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەییی حیزبی بەسەر پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکاندا.
2. قۆناخی دامەزراوەیی (لە ماوەی 60 تا 90 رۆژدا
• پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بە بەرنامەیەکی چاکسازیی نیشتمانی و خستنەبەردەستی بۆ پەرلەمان تاوەکو متمانەی پێبدرێت.
• هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و دیاریکردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە.
• پەسندکردنی خشتەی کاتی و پابەندکەر بۆ تەواوکردنی یەکخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80 و دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگری.
• راگەیاندنی سیستەمی یەکخراوی داهات و گەنجینە لەژێر چاودێریی دیوانی چاودێریی دارایی.
3. قۆناخی چاکسازیی بنەڕەتی (لە ماوەی 6 تا 12 مانگدا
• ئامادەکردنی رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان، پەسندکردنی لە پەرلەمان و خستنەڕووی بۆ راپرسیی گشتیی گەلی کوردستان.
• کردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
• هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی ناونیشانی یەکەکانی 70 و 80 و یەکخستنی تەواوەتیی سەرجەم هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە چوارچێوەی دەزگایەکی نیشتمانیدا.
• دەرکردنی یاسایەکی تووند کە تێیدا بوونی هێزی چەکداری حیزبی یان وەرگرتنی فەرمانی سەربازی لە حیزب بە "تاوان" بناسێندرێت.
کۆتایی: "بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش"
دامەزراوەی پەی راپۆرتەکەی بە پەیامێک کۆتایی پێدەهێنێت و رایدەگەیێنێت: "قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەمانەتێکی نیشتمانییە. پاراستنی ئەم قەوارەیە بە دابەشکردنی بەرپرسیارێتی و تۆمەتبارکردنی یەکدی ناکرێت، بەڵکو بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی مێژوویی دەبێت لەلایەن سەرۆکایەتی، پەرلەمان، حکومەت، دەسەڵاتی دادوەری، حیزبەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرجەم هاووڵاتییان. کاتی ئەوە هاتووە لە حوکمڕانیی حیزبییەوە بچینە سەر حوکمڕانیی دەستووری و دامەزراوەیی، پێش ئەوەی مێژوو دەرفەتەکانمان لێ زەوت بکات."

