رووداو دیجیتاڵ
لە 9 مانگی ئەم ساڵدا، هەناردەی قوماش لە پارێزگاکانی باکووری کوردستانەوە بە رێژەی 5.3% زیادیکردووە و گەیشتووەتە بایی 731 ملیۆن و 861 هەزار دۆلار، بەمەش باکووری کوردستان بووەتە یەکەمین بەرهەمی هەناردەکراوی کەرتی رستن و چنین لە باکووری کوردستان. عێراق و هەرێمی کوردستانیش بە کڕینی بایی زیاتر لە 255 ملیۆن دۆلار، لە پلەی یەکەمی وڵاتانی هاوردەکاردا دێن.
بەپێی داتای یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (باکووری کوردستان)، لە کانوونی دووەم تاوەکو ئەیلوولی 2026، لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان بەرهەمی چنین و کەرەستە خاوەکان بۆ 187 وڵات هەناردەکراوە و کۆی گشتیی داهاتەکەی گەیشتووەتە 2 ملیار و 716 ملیۆن و 887 هەزار دۆلار. ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بەرزبوونەوەی بە رێژەی 8% لە رووی بەهاوە نیشان دەدات.
هەناردەی قوماش لە پێشەنگدایە
لە وردەکاریی بەرهەمە هەناردەکراوەکاندا، قوماش بە پشکی 26.9% لە پلەی یەکەم دێت، کە بایی 731 ملیۆن و 861 هەزار دۆلار هەناردەکراوە. دوای ئەویش، دەزوو بە 25.1% و بایی 680 ملیۆن و 798 هەزار دۆلار دێت، کە هەناردەکردنی بە رێژەی 9.8% زیادیکردووە.
عێراق و هەرێمی کوردستان کڕیاری یەکەمن
وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەورووپا بازاڕی سەرەکیی بەرهەمەکانی رستن و چنین لە ناوچەکەدا. لە ریزبەندیی وڵاتاندا:
1.عێراق و هەرێمی کوردستان بە کڕینی 255 ملیۆن و 870 هەزار دۆلار لە پلەی یەکەمدا دێن
2.بەریتانیا بە 238 ملیۆن و 267 هەزار دۆلار لە پلەی دووەمدا دێت
3.سووریا بە 202 ملیۆن و 109 هەزار دۆلار لە پلەی سێیەمدا دێت
هەروەها هەناردە بۆ میسر، ئەڵمانیا، بەنگلادیش و چینیش بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
دیلۆک پێشەنگە و رووها هەڵکشاوە
لە ئاستی پارێزگاکانی باکووری کوردستان، دیلۆک بە هەناردەکردن بایی 1 ملیار و 225 ملیۆن دۆلار لە پلەی یەکەم دێت. دوای ئەویش مەرەش بە 569 ملیۆن دۆلار دێت.
هەناردەی پارێزگای رووها بە رێژەی 102.8% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 50 ملیۆن و 435 هەزار دۆلار.
کەرتی چنین و رستنی تورکیا، لە نۆ مانگی رابردوو (کانوونی دووەم - ئەیلوول) بە بەهای 7 ملیار و 161 ملیۆن و 917 هەزار دۆلار هەناردەی چنین و رستنی کردووە.
داهاتی هەناردەی قوماش لە سەرانسەری تورکیاش 4 ملیار و 350 ملیۆن و 93 هەزار دۆلار بووە.

