رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، هەواڵێکی دڵخۆشکەری بۆ زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان راگەیاند و ئاشکرای کرد، کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رەزامەندیی فەرمیی نیشانداوە لەسەر گواستنەوەی تەواوی دۆسیەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ سەر دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق.
ئەم هەنگاوە، کە وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە "مێژوویی" وەسفی دەکات ، دۆسیەی نزیکەی 26 هەزار زیندانیی سیاسیی دەگرێتەوە و چارەنووسیان بە تەواوی لەگەڵ هاوتاکانیان لە شارەکانی دیکەی عێراق یەکسان دەکات. بەپێی ئەم گواستنەوەیە، مینحەی مانگانەی زیندانیانی سیاسیی هەرێم بۆ 1,200,000 (ملیۆنێک و دوو سەد هەزار) دینار بەرز دەبێتەوە و مووچەکانیان راستەوخۆ لە بەغداوە بۆ دێت.
وەزیری شەهیدان لەبارەی وردەکاریی پرۆسەکە گوتی: "دوای شەش مانگ کارکردنی بێ راگەیاندن و زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا، لەنێویاندا سەرۆکوەزیران، توانیمان رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و دواتریش رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەدەستبهێنین. عەلی زەیدی پێی گوتین هیچ رێگرییەکی یاسایی نییە و ئەرکی ئێمە تەواو بووە."
بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، تەنیا پێویستە بەڵگەنامە و دۆسیەکان لە زمانی کوردییەوە وەربگێڕدرێنە سەر زمانی عەرەبی و لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکات. عەبدوڵڵا حاجی مەحموود ئاماژەی بەوەشکرد، "پشتیوانیی تەواوی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و زۆربەی لایەنە سیاسییە عێراقییەکانمان بۆ ئەم پرسە بەدەستهێناوە و داوامان کردووە شایستە داراییەکانیان لە چوارچێوەی بودجەی سیادیدا دابین بکرێت."
