رووداو دیجیتاڵ
دەیڤد تەفووری، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - کوردستان و راوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، شاندێکی هاوبەشی کۆمپانیا ئەمریکییەکان سەردانی عێراق، هەرێمی کوردستان و دیمەشقی کردووە بە ئامانجی پەرەپێدانی بازرگانی و گەڕان بەدوای دەرفەتی نوێی وەبەرهێناندا.
تەفووری ئاماژەی بەوە کرد کە لە دیداریدا لەگەڵ ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، باسیان لە ئەگەری ناردنی شاندێکی مێژوویی بۆ رۆژئاوای کوردستان کردووە، و جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرەڕای کشانەوەی سەربازیی ئەمریکا، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەتوانن بۆشاییەکان پڕبکەنەوە و هاوبەشیی ئابووری و سەربازی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەن.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بینەرانی خۆشەویستی رووداو، ئەمە هەڤپەیڤینێکی تایبەتە لەگەڵ بەڕێز دەیڤد تەفووری. ئەو ئەزموونێکی زۆر و فرەلایەنی هەیە؛ پارێزەرێکی نێودەوڵەتیی ئەمریکییە، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە لە عێراق، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2008ـدا راوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی باراک ئۆباما بووە، هەروەها لە ئێستاشدا سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - کوردستانە. بەڕێز دەیڤد، زۆر سوپاس بۆ کاتەکەت و سوپاس کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵمانیت. تۆ هەر ئێستا لە کۆبوونەوەیەکی کورت لەگەڵ ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی هاتیتە دەرەوە. باسی چیتان کرد و بۆچی بە شاندێکی تایبەتەوە لە سووریا بوویت؟
دەیڤد تەفووری: پێش هەموو شتێک، زۆر سوپاس، سوپاسی بینەرانیشتان دەکەم کە گوێم لێ دەگرن. زۆر خۆشحاڵم کە دووبارە گەڕاومەتەوە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق. وەک ئاماژەت پێدا، شەوی رابردوو لەگەڵ هاوکارێکی دیکەم کە ئەویش بەرپرسی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، لە دیمەشقەوە بە فڕۆکە گەیشتینە ئێرە. ئێمە شاندێکی هاوبەشی کۆمپانیا ئەمریکییەکانمان بۆ سووریا و هەرێمی کوردستانی عێراق رێکخست. مەبەستەکەش تەنیا ئەوە نەبوو کە سەیری دەرفەتی وەبەرهێنان لە یەکێک لەو شوێنانە بکەین، بەڵکو گەڕان بوو بەدوای ئەو وەبەرهێنانانەی کە دەتوانن پاڵپشتیی هەردوو لا بکەن و پەرە بە بازرگانیی سنووربڕ لەنێوان هەردوو شوێنەکەدا بدەن. ئێمە دەرفەتێکی یەکجار گەورە دەبینین بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە ماوەیەکی درێژە لە هەرێمی کوردستانی عێراق وەبەرهێنانیان کردووە و پابەندن بە مانەوە لێرە، تاوەکو هەرێمی کوردستان وەک خاڵێکی دەستپێک بۆ وەبەرهێنان لە..
رووداو: پێموایە لە سووریاش ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، راوێژکاری سەرۆککۆماری سووریات بینی، و هەر ئێستاش لە کۆبوونەوەیەک هاتیتە دەرەوە. بەڕاستی دەمەوێت بزانم باسی چیتان لەگەڵدا کرد؟
دەیڤد تەفووری: سەرەتا ویستمان سڵاوێک لە ژەنەراڵ مەزڵووم بکەین. ساڵی رابردوو لە کۆڕبەندی مێپس (MEPS) کە بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران لە دهۆک بەڕێوەچوو، دەرفەتی ئەوەم هەبوو بیبینم. بۆیە ویستم ئەوەی بیربهێنمەوە و پێی بڵێم کە ئێمە بەڕاستی سەرسامین بەو دەستکەوتانەی تاوەکو ئێستا بۆ کورد لە سووریا بەدەستی هێناون. پاشان ویستمان قسەی لەگەڵ بکەین سەبارەت بە ئەگەری رێکخستنی شاندێکی بازرگانی کە تێیدا تەنیا سەردانی دیمەشق نەکەین، بەڵکو سەردانی رۆژئاوای کوردستانیش بکەین؛ هەروەها سەیری ئەو رێگەیانە بکەین کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەتوانن لە رێگەیانەوە پاڵپشتیی ئابووریی رۆژئاوا بکەن، و رەنگە هەوڵیش بدەین هانی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە بدەین کە لێرە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە بیر لە چوونە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکەنەوە.
رووداو: ئەی ئەو چی لەم بارەیەوە گوت؟ هەڵوێستی ئەرێنی بوو؟
دەیڤد تەفووری: هەڵوێستی لەوبارەیەوە ئەرێنی دیاربوو، و بۆچی ئەرێنی نەبێت؟ زۆر لۆژیکییە بۆ ئەو کە هەرچی پێویستە بیکات بۆ ئەوەی دەرفەت بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بدات تاوەکو بزانن چ دەرفەتێک لە رۆژئاوا هەیە. هەروەها بەشێک لە ستافەکەی خۆی پێ ناساندین کە دۆسیەی ئابووری بۆ ئەو بەڕێوەدەبەن. گفتوگۆی زیاتریشمان دەبێت سەبارەت بە ئەگەری ناردنی شاندێک، کە بە بڕوای من مێژوویی دەبێت کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە چوارچێوەی یەک شانددا سەردانی هەر سێ ناوچەی هەرێمی کوردستانی عێراق، رۆژئاوای کوردستان و دیمەشقیش بکەن.
رووداو: بەڵێ، تۆ لە دیمەشقەوە هاتوویت، وایە؟
دەیڤد تەفووری: بەڵێ.
رووداو: بەڵام پلانیشت هەیە سەردانی رۆژئاوا بکەیت، ئەمڕۆش لێرەیت لە هەولێر و سبەینێش دەچیتە سلێمانی.
دەیڤد تەفووری: راستە.
رووداو: دەمەوێت بزانم، پێش ئەوەی باسی سەردان و پلانەکانت بکەین، ئەم شاندە چۆن پێکهات و ئامانجتان چییە کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاری لەسەر بکەن، و بۆچی لەم کاتەدا ئەم کارە دەکەن؟
دەیڤد تەفووری: باشە، وەک لە پێشەکییەکەدا ئاماژەت پێکرد، یەکێک لەو کارانەی من دەیکەم سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - کوردستانە، کە بە کورتی پێی دەڵێین (USKBC). ئەمە دامەزراوەیەکی جۆری (501c6)ـە، واتە رێکخراوێکی قازانجنەویستە و بنکەکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، بەشێوەیەکی سەرەکی زۆربەی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی تێدایە کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق وەبەرهێنان دەکەن یان دەیانەوێت بەدوای دەرفەتی وەبەرهێناندا لە هەرێمی کوردستانی عێراق بگەڕێن. ئێمە هەموو ساڵێک شاندی لەم شێوەیە دەهێنین. بۆیە ئەمە رەنگە شاندی 12ـەم یان 13ـەم بێت کە کۆمپانیا ئەمریکییەکانمان تێیدا هێناوەتە هەرێمی کوردستان. ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆدەبینەوە، وەک سەرۆکوەزیران، سەرۆکی هەرێم، جێگری سەرۆکوەزیران و هەروەها بەشێک لە وەزیرەکانی ئەو کەرتە گرنگانەی کە جێگەی بایەخی کۆمپانیاکانن، وەک وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان. تەنیا باس لەوە دەکەین کە چۆن پەرە بە وەبەرهێنان بدەین، چ دەرفەتێکی نوێ بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەئارادایە، و هەروەها گفتوگۆی راشکاوانە دەکەین لەسەر ئەوەی چ بەربەستێک لەبەردەم ئەو کۆمپانیایانەدا هەیە کە وەبەرهێنان دەکەن و چۆن دەتوانین ئەو بەربەستانە تێپەڕێنین بۆ ئەوەی لێرە سەرکەوتووتر بن، کە ئەمەش لە بەرامبەردا یارمەتیی ئابووریی ئێرە دەدات.
رووداو: ئایا هیچ پڕۆژەیەکی کۆنکریتی هەیە کە گفتوگۆی لەسەر بکەن، یان هێشتا هەر تاوتوێی ئەگەر و توانای پڕۆژەکان دەکەن؟
دەیڤد تەفووری: ئێمە چەندین پڕۆژەی کۆنکریتیمان هەیە کە لێرە ئەنجام دراون و نامەوێت ناوی هیچ کۆمپانیایەک بە جیا بهێنم، بەڵام ئەگەر ئاگاداری ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە بیت کە لێرە وەبەرهێنانیان کردووە، بەتایبەتی لەو کەرتانەی کە بەڕاستی پاڵپشتیی ئابووری دەکەن وەک کۆمپانیاکانی نەوت و گاز و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی نەوتی، زۆربەی ئەو کۆمپانیایانە ئەندامی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئێمەن. هەندێکیان لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەی ئێمە رێکمانخستبوون، پەیوەندییان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکرد و دەستیان بە دانوستاندنەکانیان کرد. کەواتە سەرکەوتنی زۆرمان بەدەستهێناوە، بەڵام نامانەوێت تەنیا بە دەستکەوتەکانی رابردووەوە بوەستین، بەڵکو دەمانەوێت بەردەوام بین لە هاندانی وەبەرهێنان لێرە. هەروەها هەوڵدەدەین لەگەڵ دۆخی هەنووکەییدا بگونجێین؛ ئێستا ناجێگیری و گۆڕانکاریی گەورە لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە.
رووداو: ئەمە بەشێک بوو لە پرسیارەکەم؛ بۆچی لەم کاتەدا ئەمە دەکەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا عێراق و هەرێمی کوردستانی جێهێشت و ئەرکەکەی کۆتایی هات. گرنگیی ئەم جۆرە پڕۆژانە لەم کاتەدا لە چیدایە؟
دەیڤد تەفووری: پێموایە لەم کاتەدا زۆر پێویست و بنەڕەتییە، چونکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژ لێرە ئامادەیی هەبووە و لە رووی دیپلۆماسیشەوە بەردەوام دەبین لە مانەوە لێرە. بەڵام بەداخەوە، سوپای ئەمریکا کشاوەتەوە. لەسەر ئاستی کەسی، پێموانییە ئەوە بڕیارێکی باش بووبێت، بەڵام ئەوە بڕیارێک بوو کە لەلایەن کۆشکی سپییەوە درا. بۆیە ئەوەی ئێستا دەمانەوێت بیکەین ئەوەیە بزانین ئایا کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەتوانن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە.
رووداو: پێتوایە کشانەوەکە کار بکاتە سەر توانای راکێشانی وەبەرهێنان و هاتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ هەرێمی کوردستان؟
دەیڤد تەفووری: نەخێر، مەرج نییە وابێت، چونکە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لەوەی کە ناوچەیەکی ئارام و پارێزراو بێت. بێگومان، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کاریگەرییەکی سەقامگیرکەری هەبوو. بەڵام لە هەمان کاتدا پێموایە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، رەنگە کۆمپانیا بەرگرییەکانی کەرتی تایبەتی ئەمریکا بتوانن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە ئەوان لە دوای خۆیان جێیدەهێڵن.
رووداو: خاتوو تریفەش باسی ئەمەی کرد؛ ئاماژەی بە پڕۆژەیەک کرد کە لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە خراوەتەڕوو بۆ کارکردن لەسەر ژێرخانی بەرگری لە هەرێمی کوردستان، بە سیستمی بەرگریی ئاسمانیشەوە، کە ئێستا نیگەرانییەکی زۆر گەورەی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەتی دوای کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا. باسی ئەم پڕۆژەیەم بۆ بکە، کەی رەنگە هەنگاو و ئەنجامی کۆنکریتی ببینین؟
دەیڤد تەفووری: باشە، من نامەوێت هیچ شتێک ئاشکرا بکەم کە هێشتا بەشێکە لە گفتوگۆ بەردەوامەکان و یەکلایی نەبووەتەوە. بەڵام ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە ئێمە ژمارەیەک کۆمپانیای بواری بەرگری و ئەمنیمان هێناوە؛ ئەو کۆمپانیایانەی کار لەسەر بەرگریی دژەدرۆن دەکەن و هەروەها کۆمپانیاکانی چاودێری و هەواڵگریی مانگە دەستکردەکان، بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدا هاوکار بن. پێشموایە خواستێکی زۆر گەورە بۆ ئەو بابەتە لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە بەغداش هەیە. بۆیە پێموایە دەرفەتێکی زۆر لەئارادایە و حکومەتی ئەمریکاش دەیەوێت ئەوە رووبدات.
رووداو: ئایا ئەوان دەیانەوێت لەگەڵ حکومەتەکان هاوبەشی بکەن یان چاوەڕێی کەرتی تایبەت دەکەن پەیوەندییان پێوە بکات و پێکەوە لەسەر ئەمە کار بکەن، واتە گواستنەوەی پرسی بەرگری لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە گۆڕەپانی سیاسییەوە بۆ لایەنە بازرگانییەکە؟
دەیڤد تەفووری: باشە، ئەگەر باسی ئەوە دەکەیت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چی دەوێت، پێموایە ئەوان تەنیا بەرگرییەکی ئاسمانیی باشتریان دەوێت؛ دەیانەوێت پێشکەوتووترین ئامێر، کەلوپەل و سیستمیان هەبێت بۆ پاراستنی ئاسمانەکەیان، تاوەکو چی دیکە لە هەرێمی کوردستان قوربانی نەکەوێتەوە و کار و بازرگانییش پەکی نەکەوێت لە ئەنجامی هێرشی درۆن و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەو کەسانەی دەیانەوێت زیان بە هەرێمی کوردستان بگەیێنن.
رووداو: چی سەبارەت بە کۆمپانیا ئەمریکییەکانی کەرتی نەوت و گاز؟ ئایا هێشتا هانیان دەدەن و پێشنیازیان بۆ دەکەن کە لەم ناوچەیە بەردەوام بن لە کارکردن، سەرەڕای ئەوەی لە مانگەکانی رابردوودا هێرشمان بینیوە؟
دەیڤد تەفووری: بێگومان، بەڵێ، ئێمە بەردەوام دەبین لە ناساندنی دەرفەتەکانی ئێرە و پێموایە ئەو کۆمپانیایانە بۆ راگرتنی پایەکانی ئابووریی ئێرە زۆر گرنگن. زۆرێک لەو کۆمپانیایانە نەوت و گاز بەرهەم دەهێنن، کە بەشێکی سەرەکیی ئەو داهاتەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. بەڵام ئەو کۆمپانیایانە دەبێت خۆیان بە جیا بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە چی بۆ کرێکار و کارمەندەکانیان سەلامەتە، و لە ئێستاشدا هەر ئەوە دەکەن. دەبێت راستگۆ بین؛ هەندێک لە هێرشەکانی ئەم دواییە و ئەو پشێوییەی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروستبووە، کارەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی پەکخستووە.
رووداو: دەتوانین بڵێین هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان لە بواری سەربازییەوە بەرەو ئابووری یان بازرگانی هەنگاو دەنێت و زیاتر بەدوای توانای بازرگانیدا لە ناوچەکەدا دەگەڕێن؟ چونکە کاتێک باسی ئەم سیستمی بەرگرییە ئاسمانییە دەکەین، مەبەستت ئەوەیە کەرتی تایبەت بێتە پێشەوە، وایە؟ ئێوە دەتانەوێت لەگەڵ کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق هاوبەشی بکەن. کەواتە ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە هاوبەشییەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و زیاتر بەرەو لایەنە بازرگانییەکە دەچێت؟
دەیڤد تەفووری: بە بۆچوونی تایبەتیی خۆم، پێنتاگۆن، وەزارەتی بەرگری و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامن لەوەی هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی گرنگ ببینن. هەرچەندە زۆربەی هێزەکانمان کشاندووەتەوە، بەڵام پێموانییە پێنتاگۆن بەتەواوی دەستبەرداری هەرێمی کوردستان ببێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کەمکردنەوەی هێزە و کەمبوونەوەی ئامادەیی سەربازی، رەنگە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی ئەمریکا—لەوانەش ئەو کۆمپانیایانەی کە ئەفسەرانی پێشووی سوپای ئەمریکایان تێدایە و پێشتر لە ریزەکانی سوپای ئەمریکا یان دامەزراوەکانی دیکە لێرە لە هەرێمی کوردستان خزمەتیان کردووە—یارمەتیدەر بن لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە دوای کشانەوەکە دروستبووە.
رووداو: تۆ بەرپرسی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بوویت لە عێراق. دەمەوێت بزانم—ئەگەر لە بابەتی شاندەکە تێپەڕین—بۆچوونت چییە لەسەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، لە رووی ئەوەی کە ئێستا ئەمریکا و ویلایەتە یەکگرتووەکان چۆن وەک هاوبەشێک لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن؟ ئایا هێشتا ئەو هاوبەشییە لە پێشینەی کارەکانیاندایە؟
دەیڤد تەفووری: باشە، ئەمە کشانەوەی ئەمریکام لە عێراق لە کۆتایی ساڵی 2011 بیردەخاتەوە. ئەو بڕیارەش بەگوێرەی رێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی بەغدا درا. بەڵام بەداخەوە، هەر کەسێک چاودێریی دۆخی ئێرەی کردبێت دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە نەمانی هێزەکانی ئەمریکا رۆڵی هەبوو لەوەی رێگە بۆ داعش خۆش بکات تاوەکو بەهێز ببێت و گورز لە عێراق و سووریا بوەشێنێت؛ داعش لە عێراق و سووریا کۆمەڵکوژی (جینۆساید)ـی ئەنجامدا و کارەسات و وێرانکارییەکی یەکجار گەورەی نایەوە. بۆیە بە سەیرکردنی ئەو پاشخانە مێژووییە، من تا رادەیەک نیگەرانم لە نەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لێرە لەم کاتەدا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا من پسپۆڕی سەربازی نیم و وایدادەنێم پسپۆڕانی سەربازی پێیانوایە عێراق دەتوانێت ئاسایشی خۆی بپارێزێت و عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دەتوانێت رووبەڕووی هەڕەشەی داعش ببێتەوە و دڵنیایی بدات لەوەی داعش یان گرووپێکی هاوشێوەی داعش سەرهەڵنەداتەوە.
رووداو: بەڵام تۆ پسپۆڕی سیاسەتیت. کەواتە رای تۆ لەسەر هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان لە ناوخۆی عێراق چییە؟ پێتوایە ئەمە چەندە ئاڵنگارییە بۆ حکومەتی عێراق و بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق، تەنانەت لەگەڵ بوونی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێشدا؟
دەیڤد تەفووری: پێموایە ئەوە ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ عێراق، حەشدی شەعبی لە عێراقدا بەردەوامە لە کارکردن لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا. بەپێی تێگەیشتنی من، سەرۆکوەزیران زەیدی بەڵێنی داوە بە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و چەکداماڵینی حەشدی شەعبی و، جیاکردنەوەی ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن و راهێنانی پێویستیان پێکراوە تاوەکو یان بخرێنە نێو سوپای عێراقەوە یان بگەڕێندرێنەوە بۆ ژیانی سڤیل. پێموایە ئەمە رەنگە کارێکی گرنگ بێت بۆ داهاتووی عێراق.
رووداو: من ئەم پرسیارەم لە نوێنەری خۆشمان لە ئەمریکا کردووە و دەمەوێت لە تۆشی بکەم؛ لەنێو هەموو ئەم ناسەقامگیرییە هەرێمییە و ئەو وڵاتە دراوسێیانەی دەوری هەرێمی کوردستانیان داوە، تا چەند هێشتا بڕوات وایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەرێمی کوردستان بە هاوبەشێکی ستراتیژیی خۆی دادەنێت؟
دەیڤد تەفووری: دووبارەی دەکەمەوە، من ئێستا لە نێو حکومەتدا نیم، بۆیە ناتوانم بە ناوی حکومەتی ئەمریکاوە قسە بکەم؛ تەنیا دەتوانم را و تێڕوانینی خۆمت پێ بڵێم. هەرچەندە دەتوانم بڵێم پێموایە ئەمریکییەکی زۆر هەن کە هاوڕان لەگەڵ تێڕوانینی من، ئەویش ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی زۆر گرنگ و هاوپەیمانێکی دڵسۆز دەمێنێتەوە، جا لە بەشەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەرچییەک رووبدات. پێموایە زۆربەی ئەو ئەمریکییانەی ئاشنای کوردن، دەزانن کە کورد لە پشت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەوەستێت، پاڵپشتیی ئەمریکا دەکات، دۆست و هاوپەیمانی ئێمە دەبێت و خیانەتمان لێ ناکات.
رووداو: تۆ ئەزموونێکی فراوانت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە ئەمریکاش لە نزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی کورد کارتكردووە. چۆن بیر لە داهاتووی هەرێمی کوردستان دەکەیتەوە لە رووی ئابووری و هەروەها لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە؟
دەیڤد تەفووری: باشە، پێموایە هەرێمی کوردستان... دەرفەتی یەکجار گەورەی لەپێشە. هەر کاتێک لێرە چاوم بە گەنجان دەکەوێت، سەرسام دەبم بەوەی چەندە خاوەن خەون و تمووحن، چەندە بایەخ بە رووداوەکانی جیهان دەدەن، و چەندە پابەندن بە فێربوونی بەردەوام، بوون بە کەسانی پیشەگەر و کارکردن لە دەرەوەی سنوورەکاندا. پێموایە ئەمە هیوایەکی زۆرم بۆ هەرێمی کوردستان پێدەبەخشێت، بەڵام هەرێمی کوردستان ئاڵنگاریشی لەبەردەمدایە. عێراق دەستوورێکی زۆر باشی هەیە، بەڵام بە بڕوای من بەشێک لەو کێشانەی ئێستا لە عێراقدا هەن سەرچاوەکەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە عێراق بەباشی پابەندی دەستوور نابێت و هەندێک لەو بڕگانەی جێبەجێ نەکردووە کە دەبوو بەپێی دەستوور جێبەجێیان بکات، لەوانەش دەرکردنی زۆرێک لەو یاسایانەی کە دەستوور پەسەندکردنیانی کردبووە مەرج.
رووداو: باسی وەبەرهێنانی ئەمریکامان لە هەرێمی کوردستان دەکرد. تۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - کوردستان بوویت؛ بە بڕوای تۆ سەرەکیترین ئاڵنگاری یان بەربەست لەبەردەم کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان چییە؟
دەیڤد تەفووری: دەتوانم بڵێم یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکان ناسەقامگیری و نەبوونی توانای پێشبینیکردنی رووداوەکانی داهاتووە. ئێستا کاتێکی سەرنجڕاکێشە، چونکە عێراق چەندین ساڵی لە جەنگدا بەسەربرد؛ ئێستا لە ناوخۆی عێراقدا جەنگ نییە، بەڵام هەر لە تەنیشتمانەوە لە ئێران جەنگ هەیە، و کەسیش نازانێت ئەو جەنگە چی بەسەردێت و چۆن یەکلایی دەبێتەوە، ئەمەش راستەوخۆ کار دەکاتە سەر وەبەرهێنان لێرە.
رووداو: ئەو شاندەی کە لێرەیە، دڵنیام تەنیا بواری سەربازی و بەرگری نییە. پێموایە ئەمریکا هەوڵدەدات لە هەرێمی کوردستان و رەنگە لە کەرتەکانی دیکەشدا وەبەرهێنانی زیاتر بکات. کەرتەکانی دیکە کامانەن و ئێستا لەگەڵ بەرپرسانی کورد تاوتوێی چ پڕۆژەیەک دەکەن؟
دەیڤد تەفووری: ئێمە کۆمپانیای دیکەشمان لەگەڵدایە کە لە بوارەکانی گواستنەوە، وەبەرهێنان، میوانداری و گەشتوگوزار، و پەرەپێدانی خانووبەرەدا کار دەکەن. لەم شاندەدا هیچ کۆمپانیایەکی کشتوکاڵیمان لەگەڵدا نییە، بەڵام لە رابردوودا هەمانبووە. بۆیە پێموایە ئەمانە ئەو کەرتانەن کە لە هەرێمی کوردستاندا توانای گەشەکردنیان هەیە.
رووداو: زۆر باشە. پێتوایە دروستکردنی هاوبەشی لەنێوان بازرگانانی کورد و ئەمریکی، لەنێوان خاوەنکاران و کۆمپانیاکاندا، هەلی کاری زیاتر لە کوردستان دەڕەخسێنێت؟ رەنگە گەنجانی ئێرە پێویستیان بەوە بێت چونکە کۆچکردن هێشتا لێرە کێشەیە. پێتوایە ئەمەش بتوانێت دەرفەتێک بۆ ئەو مەبەستە دروست بکات؟
دەیڤد تەفووری: بەدڵنیاییەوە. هەندێک لەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی کە ئەندامی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئێمەن و ماوەی چەندین ساڵە لێرەن، کاتێک بۆ یەکەمجار من بینیمن، زۆربەی ستافەکەیان ئەمریکی یان رۆژئاوایی و ئەورووپی بوون؛ بەڵام ئێستا زۆرینەی ستافەکەیان کوردن. کەواتە ئەمە نموونەیەکی زیندوو و راستەقینەیە کە چۆن ئامادەیی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و وەبەرهێنانی ئەو کۆمپانیایانە لە کۆتاییدا بووەتە هۆی رەخساندنی هەلی کار بۆ کورد.
رووداو: دەتوانین ژمارەیەکمان دەستبکەوێت سەبارەت بە قەبارەی وەبەرهێنانی ئەمریکا لە عێراق و بەتایبەتیش لە هەرێمی کوردستان؟
دەیڤد تەفووری: من ئەو ژمارەیەم لانییە. لە راستیدا دەستەی وەبەرهێنان ئەو ئامارەی لایە. ئەوە ژمارەیەک نییە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بتوانێت بەوردی تۆماری بکات، بەڵام وردترین ئامارەکان لەلایەن دەستەی وەبەرهێنان و سەرۆکی دەستەکەوەن، کە خۆی راپۆرت لەسەر ئەوە بڵاودەکاتەوە چ وڵاتێک و بە چ بڕێک وەبەرهێنانی کردووە.
رووداو: سبەینێ سەردانی سلێمانی دەکەیت. تۆ لە دیمەشق بوویت، ئێستاش لە هەولێریت و سبەینێ سەردانی سلێمانی دەکەیت. کۆبوونەوەکانی هەولێر چۆن بەڕێوەچوون و سبەینێ لە سلێمانی چی دەکەن؟
دەیڤد تەفووری: پێش هەموو شتێک، تۆ گوتت من لە رۆژئاوا بووم، دەزانم هەڵەت کرد، بەڵام ئێمە هیوادارین بچینە رۆژئاوای کوردستان. هیوادارین رۆژێک بتوانین لە یەک گەشتدا سەردانی هەر سێ شوێنەکە—دیمەشق، رۆژئاوا و ئێرە لە هەرێمی کوردستان—بکەین، کە تێیدا بتوانین باس لە هاوئاهەنگیی سنووربڕ لەنێوان هەریەک لەو ناوچانەدا بکەین. تاوەکو ئێستا رۆژێکی کۆبوونەوەمان لە هەولێر هەبووە و کۆبوونەوەی زۆر باشمان ئەنجامدا. لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە کۆبووینەوە؛ بەو پێیەی لەگەڵ ئەو دوو وەزارەتە کۆبووینەوە، بەشێکی زۆری گفتوگۆکانی ئەمڕۆ لەسەر پرسی ئاسایش و بەرگری بوون. بەڵام لەگەڵ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش کۆبووینەوە و باسی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستانمان کرد و پرسیارمان کرد کە پرسی پێکهێنانی حکومەت بە کوێ دەگات. سبەینێ کۆبوونەوەی زیاترمان دەبێت، لەوانەش کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی. دەبینین ئەو کۆبوونەوانە چۆن دەڕۆن، بەڵام پێشبینی دەکەم زۆر باش بەڕێوەبچن. هیوادارم کۆمپانیاکان بە تێگەیشتنێکی روون لە دەرفەتە نوێیەکان لە کۆبوونەوەکان بێنە دەرەوە، و رەنگە جۆرێک لە پاڵپشتی و ئاماژەی پشتگیری لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرن بۆ ئەوەی هەنگاوی زیاتر لە دانوستاندن و گفتوگۆکاندا بنێن سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو کۆمپانیایانە بۆ وەبەرهێنان.
رووداو: ئایا دەرگاتان کراوەیە بەڕووی بازرگانانی ژن و پیاوی کورد تاوەکو پەیوەندیتان پێوە بکەن و هەوڵی کارکردنی هاوبەش بدەن؟
دەیڤد تەفووری: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە.
رووداو: زۆر باشە. با پرسیارێکی فراوانتر و سیاسیت لێ بکەم. تۆ لە رابردوو و لە ئێستاشدا لە نزیکەوە ئاگاداری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گرژییەکان بوویت، و چاودێریی جەنگی رووسیا و ئۆکرایناشت کردووە. پێتوایە ململانێ و گرژییەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تا چەند هاوکارییەکانی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکای بۆ ئۆکراینا سنووردار کردووە؟
دەیڤد تەفووری: پرسیارێکی زۆر باشە. من هەر بەم دواییانە لە سەرەتای مانگی تەممووزەوە تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئاب شەش هەفتەم لە ئۆکراینا بەسەربرد و بە سەرتاسەری ئۆکراینادا گەڕام. لەوەتەی هێرشی سەرتاسەری لە ساڵی 2022ـەوە دەستیپێکردووە، ئەمە دەیەمین جارە دەچمە ئۆکراینا. بەشێوەیەکی گشتی، لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ دۆخەکە بۆ ئۆکراینییەکان زۆر باش دەڕوات؛ ئەوان خاک لەژێر دەستی رووسیا دەردەهێننەوە، لە جەنگی درۆنەکاندا باڵادەستن و هەموو رۆژێکیش لە گۆڕەپانی جەنگدا ئەوە دەسەلمێنن. بەڵام جەنگی ئێران زیانی بە توانای ئۆکراینا گەیاندووە لە بەدەستهێنانی هەندێک لەو پێداویستییانەی کە بۆی گرنگن، وەک سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی پاتریۆت. ئەوان سەکۆی پاتریۆتیان هەیە، بەڵام مووشەکی پاتریۆتیان بەدەست ناگات؛ هەر لەبەر ئەوەشە شارەکانی ئۆکراینا بەردەوام بە مووشەکی بالیستیی رووسی دەکرێنە ئامانج و ئەو بەرگرییەیان نییە کە پێویستیان پێیەتی.
رووداو: سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - کوردستان، زۆر سوپاس کە لێرە لەگەڵمدا بوویت. سوپاس بۆ کاتەکەت.
