رووداو دیجیتاڵ
بەکارهێنانی ماتۆڕسکیل لە شەوان دا لە گوندەکانی سنووری قەزای داقووق قەدەخەکرا. ئەرشەد ساڵحیش داوا دەکات هێزی زیاتر بۆ سنووری کەرکووک بنێردرێ.
عەدنان حوسێن، قایمقامی قەزای داقووق لە پارێزگای کەرکووک، رۆژی شەممە (17ی تشرینی یەکەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی گلەیی و سکاڵای زۆری دانیشتووانی گوندەکانەوە لە دەنگی ماتۆڕسکیل، لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و سوپا کۆبووینەوە و بڕیاری قەدەخەی بەکارهێنانی ماتۆڕسکیلمان لە شەو دا."
بە گوتەی قایمقامی داقووق، قەدەخەکە تەنیا گوندەکان دەگرێتەوە و سەنتەری قەزاکە ناگرێتەوە.
بڕیارەکە لە کاژێر 9:00ی شەو تاوەکو 6:00ی بەیانی جێبەجێ دەکرێ، بەڵام جووڵەی ئۆتۆمبێل و هاووڵاتییان بە ئاسایی بەردەوام دەبێت.
عەدنان حوسێن دڵنیاییشی دا کە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە جێگیرە.
هەر لەو بارەیەوە سەڵاح حوسێن کاکەیی، موختاری گوندی تۆپزاوەی سنووری قەزای داقووق، بە رووداوی راگەیاند: "زۆربەی موختاری گوندەکانی سنوورەکە لەگەڵ سوپای عێراق کۆبووینەوە و بە هاوئاهەنگی ئێمە، ئەم بڕیارە دەرچووە، ئەوەش لەبەرچەند هۆکارێک، لەوانە خەڵکی نەناسراو هەن جموجووڵیان هەیە لە ناوچەکەدا، چەکدارانی داعش ئەو بابەتە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی جموجووڵ بکەن و ئەوەش مەترسی بۆ سەر دانیشتووانی گوندەکان و هێزە ئەمنییەکانیش دروست دەکات".
موختارەکەی گوندی تۆپزاوە راشیگەیاند: "ئێمە ئەم بڕیارەمان پێ باشە، پێشیان راگەیاندووین کە ئەم بڕیارە زیاتر بۆ ماتۆڕسکیلە، چونکە جموجووڵی داعش زیاتر لە رێگەی ماتۆرسکیلەوەیە. ئەوەشیان پێ گوتین ئەگەر دۆخی تایبەت هەبوو، ئەو کاتە خەڵکی بە هاوئاهەنگی موختار و سوپا لە ناوچەکەدا دەتوانن بچن بۆ شار لەو ماوەیەی قەدەخەی هاتووچۆیە".
هاوکات، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق، داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد بۆ ناردنی هێزی پشتیوانیی سەربازی بۆ سنووری کەرکووک.
ئەرشەد ساڵحی هۆشداری دا کە بەهۆی زیادبوونی جموجووڵی داعش و کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، عێراق لە قۆناخێکی هەستیاردایە و پێویستە چاودێریی وردتر بخرێتە سەر جموجووڵەکانی داعش.
گوندی تۆپزاوە، گەورەترین گوندی کاکەیی نشینە لە سنووری قەزای داقووقی باشووری کەرکووک.



