رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی قەرەهەنجیری سەر بە پارێزگای کەرکووک، بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییەوە بە چەکی (RPG) هێرشکرایە سەر ماڵێک. پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێ، چوار کەسیان لەسەر رووداوەکە دەستگیرکردووە.
رۆژی چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە گوندی خاڵۆ بازیانیی سنووری ناحیەی قەرەهەنجیری سەر بە کەرکووک، بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییەوە کەسێک ئاڕپیجی ناوە بە ماڵێکەوە".
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویداوە. بە گوتەی عامر شوانی: "لە دووریی چەند مەترێکی کەمەوە ئاڕپیجییەکەی تەقاندووە و بە تانکیی سەربان و سیاجی ماڵەکە کەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
سەبارەت بە شێوازی ئەنجامدانی هێرشەکە و رێکارە ئەمنییەکان، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی: "سێ کەس بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب رۆیشتوون و کەسێکیان ئاڕپیجییەکەی تەقاندووە، لەسەر ئەو بابەتەش چوار کەس دەستگیر کراون".
دەربارەی ناسنامەی تۆمەتبارانیش، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک باسی لەوە کرد: "ئەو چوار کەسە کوردن و دانیشتووی سنوورەکەن".
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
گوندی خاڵۆ بازیانی، سەر بە ناحیەی قەرەهەنجیرە کە کەوتووەتە رۆژهەڵاتی شاری کەرکووک لە سنووری ئەو پارێزگایە.
بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە 2-10-2026 تاوەکو 9-10-2026 زیاتر لە 10 هەزار و 220 داواکاری لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان تۆمارکراوە، کە بەسەر فەرماندەییەکانی پۆلیس لە بەغدا و پارێزگاکاندا دابەشبوون.
حکومەتی عێراق پڕۆژەی "کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت"ی وەک یەکێک لە کارە هەرە لەپێشینەکانی خۆی راگەیاندووە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق چەندین جار هۆشداری داوە کە دوای تەواوبوونی وادەی دیاریکراو (کۆتایی ساڵی 2026)، هەر چەکێکی تۆمارنەکراو لە ماڵەکاندا بدۆزرێتەوە وەک "نایاسایی و تاوان" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.
لەرێگەی ئەم تۆمارکردنەوە، عێراق دەیەوێ زانیاریی وردی لەسەر جۆر و ژمارەی چەکە سووکەکان هەبێت تاوەکو رێگری لە بەکارهێنانیان لە ململانێ هۆزایەتییەکان بگرێ.
تۆمارکردنی چەک بە خۆڕاییە و هاووڵاتییان دەتوانن لەرێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی (ئوور)یشەوە کارەکەیان ئەنجام بدەن.




