رووداو دیجیتاڵ
رووبەری دارستانەکانی ئیلام 641 هەزار هێکتارە و بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگاکە دەڵێ، 9٪ـی دارستانەکانی ئێران پێکدەهێنن، ''بەڵام 10٪ـی رووبەرەکە تووشی نەخۆشی بووە و ئەگەر بودجەی بۆ دابین نەکرێ، مەترسیی لەنێوچوونی هەیە''.
دارستانەکانی ئیلام بەشێکی پڕبایەخی شەش ملیۆن هێکتار زنجیرە دارستانەکانی زاگرۆسن لە رۆژهەڵاتی کوردستان (رۆژئاوای ئێران) کە بەشی سەرەکییان لە دار بەڕوو پێکهاتووە.
لەم ساڵانەی دواییدا، دارستانەکانی بەڕووی ئیلام، بەدەست وشکەساڵی، داخورانی خاک، ئاگرکەوتنەوە، زێدەڕۆیی لە لەوەڕاندنی ئاژەڵ و خۆڵبارینەوە دەناڵێنن و ساڵانە بەشێک لە توانای سرووشتیی خۆیان لەدەست دەدەن، ئەوەش رۆژبەڕۆژ ئەگەری لەنێوچوونی ئەو سامانە سرووشتییە زیاتر دەکەن.
یاسم خان محەممەدیان، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیلام رایگەیاند، پارێزگاکە 641 هەزار هێکتار دارستانی هەیە، ئەوە جیا لە 780 هەزار هێکتار لەوەڕگەی تایبەت بە ئاژەڵداران و کۆچەرییەکان.
بەگوتەی یاسم خان محەممەدیان، دارستانەکانی ئیلام کە بەشی زۆریان داربەڕوون، 9٪ـی کۆی دارستانەکانی ئێران پێکدەهێنن و ''زیاتر لە هەزار جۆر رووەکیان تێدایە کە لانیکەم 350ـیان بەهای پزیشکیان هەیە''.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیلام، ئێستا بەهۆی هەندێک هۆکاری سرووشتی و مرۆیی، نزیکەی 10٪ـی دارستانەکە تووشی نەخۆشی بووە و ''ئەگەر بە زووترین کات هەنگاو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم هەڕەشەیە نەنرێت، ئەوا مەودای زیانەکان دەتوانێت بۆ بەشێکی زیاتری دارستانەکان پەرەبسێنێت و لەنێوبچن''.
نەخۆشییەکانی دارستان کاتێک گرنگیی زیاتریان دەبێت کە داربەڕووەکانی ئیلام دوای چەندین ساڵ وشکەساڵی و کەمبوونەوەی توانای سرووشتییان، رووبەڕووی گوشاری جۆراوجۆر بوونەتەوە. ئێستا کەمبوونەوەیەکی زیاتری چڕییان، دەتوانێت پرۆسەی داخورانی خاک، گۆڕانی کەشوهەوا و تێکچوونی ژینگە لە ناوچەکە زیاتر بکات.
''زۆربەی زیانەکانی دارستان هۆکاری مرۆیی هەیە''
وەلیوڵڵا توولابی، شارەزای سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای ئیلام پێیوایە، کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی دارستان دەبێت قۆناخی دەستنیشانکردنی زیانەکان تێپەڕێنێت و بگاتە چاودێریی بەردەوام و رێگریکردنی پێشوەختە لە بڵاوبوونەوەی هەر جۆرە نەخۆشییەک.
وەلیوڵڵا توولابی ئاماژەی بەوە کرد، بەشێکی سەرەکیی کێشەکانی دارستانەکانی زاگرۆس، بۆ گوشار و دەستوەردانە مرۆییەکان دەگەڕێتەوە، ''پێویستە لە پلانی پاراستندا، هەموو ئەو هۆکارانەی کاریگەرییان لەسەر دارستانەکان هەیە، لەبەرچاو بگیرێن''.
ئەو شارەزایەی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیلام دەڵێت، ''بەهێزکردنی چڕیی رووەکەکان، کۆنترۆڵی لەوەڕی ئاژەڵ، پاراستنی خاک و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاوی''، دەتوانێت توانای ژینگەیی دارستانەکان بەرز بکاتەوە و زەوینە بۆ گەڕاندنەوەی قۆناخبەقۆناخی ناوچە زیانلێکەوتووەکان خۆش بکات''.
''داخورانی خاک گەورەترین مەترسیی سەر دارستانەکانە''
داخورانی خاک لە پارێزگای ئیلام بەهۆی تۆپۆگرافیای تایبەت، لێژیی زەوی و ئەو گوشارانەی خراونەتە سەر سەرچاوە سروشتییەکان، بووەتە یەکێک لە هەڕەشە جدییەکان سەر دارستان و لەوەڕگەکان. بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگاکە هۆشداری دەدات: ''بەردەوامیی ئەم رەوتە دەتوانێت توانای ژینگەیی و بەرهەمهێنانی بەشێک لە دارستانەکان کەمبکاتەوە''.
یاسم خان محەممەدیان، روونیکردەوە، دۆخی تۆپۆگرافیا و لێژیی پارێزگاکە، هاوتەریب لەگەڵ ئەو گوشارە مرۆییانەی خراونەتە سەر سرووشت و دارستانەکان، داخورانی خاکیان زیاتر کردووە و پێویستە جدیتر بەدواداچوون بکرێ، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاوی و پاراستنی خاک.
پڕۆژەکانی ئاو و دروستکردنی بەنداو رێگرن لە دروستبوونی لافاو. بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگاکە پێشنیاز دەکات، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاوی، بەهێزکردنی رووەکی سرووشتی و کۆنترۆڵکردنی لافاو، دەتوانرێت رێگری لە راماڵینی زیاتری خاک بکرێ و سەقامگیریی ناوچە سرووشتییەکان زیاتر بگەڕێنرێتەوە.
خۆڵبارینیش یەکێکی دیکەیە لە هەڕەشە جدییەکانی سەر سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگاکەیە. یاسم خان محەممەدیان دەڵێت: ''بەشێک لەو خۆڵبارینە لە وڵاتانی دراوسێوە دێتە نێو ئیلام کە چڕیی رووەکەکان و پاراستنی دارستانەکان، دەتوانێت لە کاریگەرییەکانی خۆڵبارین کەم بکاتەوە''.
''پێویستە لەگەڵ عێراق پەرە بە دیپلۆماسیی ژینگەیی بدرێت''
هەر سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر دارستانەکانی ئیلام، حەوتی تشرینی یەکەم، شینا ئەنساری، جێگری سەرۆککۆمار و بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگە لە ئێران سەردانی پارێزگاکەی کرد و رایگەیاند: ''پاراستنی ژینگە سنوورییەکانی ئیلام بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ عێراق، گرنگییەکی تایبەتی هەیە.''
ئەنساری باسی لەوەش کرد، خۆڵبارینی بەهێز یەکێک لە کاریگەرترین هۆکارەکانە، بۆ لەنێوچوونی دارستان و کەمبوونەوەی چڕیی رووەکەکان.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگە لە ئێران: ''پێویستە دیپلۆماسیی ژینگەیی لەگەڵ عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی خۆڵبارین بەهێز بکرێت و دروستکردنی ناوچەی ژینگەیی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا، دەتوانێت بەشێک لەو هەڕەشەیە کەم بکاتەوە''.
''لە 15 ساڵدا لە ئیلام 15 هەزار هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاون''
یەکێک لە هۆکارە مەترسیدارەکانی دیکەی زیانگەیشتن بە دارستان و داربەڕووەکانی ئیلام، ئاگرکەوتنەوەیە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە 95٪ـیان دەستی مرۆیی لەپشتە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیلام، لە ساڵی 2011ـەوە، لانیکەم 15 هەزار هێکتار دارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگاکە سووتاون کە 95٪ـیان بە هۆی هۆکاری مرۆییەوە بوون.
بەپێی ماددەی 47ـی یاسای پاراستن و بەکارهێنانی دارستان و لەوەڕگاکان لە ئێران، هەر کەسێک بە ئەنقەست ئاگر لە دارستانەکان بەربدات، سزاکەی بریتییە لە سێ بۆ 10 ساڵ زیندانیکردن، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی تەواوی زیانە ژینگەییەکان.



.jpg&w=3840&q=75)