رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی شەشەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ دەستیپێکردووە کە شەش جۆری خۆراک لەخۆدەگرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دابەشکردنی شەشەم بەشەئارد دەستی پێکردووە.
رۆژی یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی 10ـی ئەم مانگە لیست بۆ بریکارەکانی خۆراک لە پارێزگاکان نێردراوە، تاوەکو دەست بە ئامادەکارییەکان بکەن بۆ ئەوەی شەشەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ بەسەر هاونیشتمانییاندا دابەشبکرێ."
سەبارەت بە پێکهاتەی بەشەخۆراکەکە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەڵێ، پێکهاتووە لە سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، یەک بوتڵ رۆن، 400 گرام دۆشاو، نیو کیلۆ نیسک و نیو کیلۆ لەتکە نۆک.
نەوزاد شێخ کامیل دڵنیایی دا لە باشیی کوالێتی خۆراکەکان و گوتی: "زۆر باشن. لە عێراق پشکنینیان بۆ دەکرێ و دوای ئەوەی دەگەنە هەرێمی کوردستان لە پشکنینی تەندروستی و کۆنترۆڵی جۆری (کوالێتی کۆنترۆڵ) دەردەچن، ئینجا بەسەر بریکارەکاندا دابەش دەکرێن."
لەبارەی بەشە ئاردەوە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتی: "دابەشکردنی شەشەم بەشە ئارد دەستی پێکردووە و بەردەوامە. ئاردەکە زۆر باشە و بەرهەمی گەنمی خۆماڵییە. پێش دابەشکردنیش تاقی دەکەینەوە و دەیکەینە نان، دواتر دەیدەینە هاونیشتمانییان و تاوەکو ئێستاش 60٪ـی هاونیشتمانییان بەشە ئاردەکەیان وەرگرتووە."
ساڵانە سەرجەم بەشەخۆراکەکان دابەش ناکرێ. پار هەشت بەشەخۆراک و پێراریش 10 بەشە خۆراک دابەشکرا. ئەم ساڵیش کە مانگی تشرینی یەکەمە تەنیا پێنج بەشە خۆراک دابەش کراوە.
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت. بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی، بەشەخۆراکیان بڕدراوە.
.jpg&w=3840&q=75)

