رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی حەوت مانگ بەسەر کۆتاییهاتنی شەڕی 40 رۆژەدا، یەکەمین باڵەخانەی بازرگانی و نیشتەجێبوون لە شاری سنە دەکەوێتە سەر رێی دروستکردنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەعید رەسووڵی، بەڕێوەبەری گشتیی خانووبەرەی پارێزگای سنە رایگەیاند، ئەمڕۆ پڕۆسەی دروستکردنەوەی یەکەمین باڵەخانە لە شاری سنە کە بەهۆی جەنگەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو، بە ئامادەیی تیمەکانی دامەزراوەی خانووبەرە دەستی پێکرد.
سەعید رەسووڵی گوتی، بەپێی هەڵسەنگاندنە تەکنیکی و مەیدانییەکانی لیژنەی ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوەی خانووبەرە، لە جەنگی 40 رۆژەدا بە گشتی 13 هەزار و 149 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە سەر ئاستی پارێزگای سنە بەهۆی جەنگ و بۆردوومانەوە زیانیان بەرکەوت، کە لەو ژمارەیە 150 یەکە پێویستیان بە رووخاندن و سەرلەنوێ دروستکردنەوەیە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی خانووبەرەی پارێزگای سنە، 49 لەو یەکانەی پێویستیان بە رووخاندن و سەرلەنوێ دروستکردنەوەیە، دەکەونە نێو شاری سنە.
بەڕێوەبەری گشتیی خانووبەرەی پارێزگای سنە ئەوەشی خستەڕوو، بۆ خێراکردنی پرۆسەکە، دامەزراوەکە رێککەوتنی لەگەڵ شارەوانی، بەڕێوەبەرانی ناحیە و گوندەکان و سەندیکای ئەندازیاران کردووە تاوەکو نەخشە و مۆڵەتەکان بەبێ دواکەوتن بۆ هاونیشتمانییان دەربچن.
لە 28ی شوباتی 2026 ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران و جەنگەکە بەشێوەیەکی بەردەوام 40 رۆژی خایاند. لە 8ی نیسانیش بە نێوەندگیریی پاکستان، لە نێوان ئێران و ئەمریکا ئاگربەست راگەیێندرا.

.jpg&w=3840&q=75)
