رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەروەردەی زمانی کوردی لە شنگال هۆشداری لە دۆخی خوێندنی کوردی لە قەزاکە دەدات و رایدەگەیێنێت، سەرەڕای دەستپێکردنی دەوامی فەرمی، رێگری لە گەیاندنی کتێب و پێداویستیی خوێندن لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ شنگال دەکرێت و قوتابخانەکانیش کێشەی نەبوونی بینایان هەیە.
مەیسەر حەجی ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی کوردی لە شنگال، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگی گەورە بووینەتەوە؛ یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانمان نەبوونی بینایە، بەشێکی زۆری قوتابخانەکانمان دەوامی ئێواران لەنێو بینای قوتابخانە عەرەبییەکاندا دەکەن و لە هەندێک شوێن سێ دەوام لە یەک بینادا دەکرێت."
ساڵی نوێی خوێندن لە 20ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە، بەڵام بەڕێوەبەری پەروەردەی کوردی ئاماژە بەوە دەکات کتێب بە دەستی قوتابییان نەگەیشتووە و دەڵێت: "نزیکەی مانگ و نیوێکە هەوڵدەدەین کتێبەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بگەیێنینە شنگال، بەڵام تاوەکو ئێستا لە بازگەکانەوە رێگەمان پێنەدراوە، لە کاتێکدا دەرگەی قوتابخانەکان کراوەتەوە و قوتابییان پێویستیان پێیەتی."
بەگوێرەی ئامارەکانی پەروەردەی زمانی کوردی، لە سنووری قەزای شنگال نزیکەی 23 هەزار قوتابی هەن؛ لەو ژمارەیە زیاتر لە 14 هەزاریان لەنێو سەنتەر و گوندەکانی شنگالن و نزیکەی 8 هەزاریشیان لە کەمپەکانی ئاوارەییدا درێژە بە خوێندن دەدەن.
مەیسەر حەجی ساڵح رەخنە لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەگرێت و ئاماژە بە جیاکاری لە نێوان خوێندنی کوردی و عەرەبیدا دەکات: "حکومەتی عێراق بۆ هەر قوتابییەکی خوێندنی عەرەبی مانگانە بڕی 30 هەزار دینار دەرماڵە خەرج دەکات، بەڵام قوتابییانی خوێندنی کوردی لەو هاوکارییە و لە زۆر خزمەتگوزاریی دیکە بێبەشکراون، ئەمەش وایکردووە بەشێک لە خێزانەکان منداڵەکانیان بنێرنە خوێندنی عەرەبی."
مەیسەر حەجی ساڵح ئاماژەی بەوەدا بەهۆی ململانێی سیاسی خوێندنی کوردی، پاشەکشەی کردووە و گوتی، پێش رووداوەکانی 2014 و 16ی ئۆکتۆبەری 2017 دۆخی خوێندنی کوردی لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بوو.
بەڕێوەبەری پەروەردەی کوردی داوای هاوئاهەنگی بەپەلەی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات و هۆشداری دەدات: "ئەگەر کێشەکان بە زوویی چارەسەر نەکرێن، لە تاقیکردنەوە گشتییەکاندا تووشی کارەسات دەبین، چونکە بۆ ساڵی داهاتوو پێشبینی دەکەین زیاتر لە دوو هەزار و 500 قوتابیمان لە پۆلی 12 هەبێت و لەبەر بێ بینایی، دابینکردنی هۆڵی تاقیکردنەوە بۆیان کارێکی مەحاڵ دەبێت."


.jpg&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)