رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەک دا هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی ئاشکرا کرد و رەتیکردەوە پەیوەندیی بە داکۆکیکردن لە بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانییەوە هەبێت، بەڵکو هۆکارەکەی بۆ "تەداخولی سلبی ئیدارەی سلێمانی" و "هەڕەشەکردن" لە فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی دەگەڕێنێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری دەقی روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بە هیچ جۆرێک وەک وەزیری دارایی و ئابووری هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەم پەیوەندیی نییە بە داکۆکیکردنی ناڕەوا لە بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانی، بەڵکو ئێمە خۆمان لیژنەی لێکۆڵینەوەمان بە چاودێری و سەرپەرشتیی داواکاری گشتی پێکهێناوە بە ئاگاداریی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت."
وەزیری دارایی ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە چاوەڕێی دەرەنجام و راسپاردەکانی لیژنەکە بن و دەڵێت: "ئێستاش ئامادەین لە دادگەییکردنێکی ئاشکرا لە بەردەرکی سەرا، یاخود لە هەر دادگەیەکی بێلایەن ئەنجام بدرێت، تەواوی دۆسییەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە وەزارەت پارێزراون بۆ هەر لایەنێک کە بیەوێت راستییەکان بزانێت."
سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی دەستلەکارکێشانەوەکەی، ئاوات شێخ جەناب روونیکردووەتەوە: "دەستلەکارکێشانەوەم دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانی نەرێنی ئیدارەی سلێمانی لە کاروباری فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەت، تاوەکو گەیشتە ئەو رادەیەی لە رێگەی ئیرهاب و هەڕەشەکردن بە کۆماندۆ و دژەتیرۆر و ئاسایشەوە، لە 29ـی ئەیلوولی 2026 ئیعاز درا بە فەرمانگەکانی وەزارەت لە سنووری سلێمانی کە هەر فەرمانبەرێک پابەند بێت بە فەرمان و بڕیارەکانی وەزیری دارایی و ئابووری، سزا دەدرێت."
ئاوات شێخ جەناب جەخت لەوە دەکاتەوە، لە کەشوهەوایەکی لەو شێوەیە دا ناتوانێت کار بکات و وەک تەماشاکەر سەیری فەرمانبەرەکانیان بکات، بۆیە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە.
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکە دا، وەزیری دارایی تیشک دەخاتە سەر ئەو پێنج دۆسیەیەی کە بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانی لە سەر دەستگیر کراوە و دەڵێت: "دوانیان هی ساڵانی 2009 و 2010ـیە و بەر لە دەستبەکاربوونیەتی، سێیەمیان لە سەر بڕی کرێی هاوتای زەوییەکی 600 مەتر دووجایە، چوارەم لە سەر مامەڵەی هاووڵاتییەکە کە جێگری بەڕێوەبەر پشتگیریی پێ داوە بۆ پۆلیس، پێنجەمیان تایبەتە بە کەیسێکی نێوان ئەو بەڕێوەبەرایەتییە و شارەوانیی سلێمانی کە هەردوو لایەن حکومین و لە ساڵی 2025 دا دادگە دۆسییەکەی داخستووە."
ئاوات شێخ جەناب دووپاتی دەکاتەوە کە خۆی نە لە ئێستا و نە لە رابردوو دا هەرگیز بەرگریی لە خراپە و خراپەکاران نەکردووە و زۆرترین لێپرسینەوەی یاسایی لە ساڵانی رابردوو دا لە وەزارەتەکەی ئەنجام دراون، هاوکات دەڵێت: "ئێمە بێباکین لە هەموو لێکۆڵینەوەیەک و دادگەییکردنێکی دادپەروەر و یاسایی."

