رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا لە پارێزگای کەرکووک دەڵێت، دوو رۆژە فیرقەیەکی سوپای عێراق تەقە لە مەڕوماڵاتی کورد دەکەن. دەشڵێت پاساویان راهێنان بووە، بەڵام گوللە بەر دوو مەڕ کەوتووە کە مەترێک لە شوانەکەیانەوە دوور بووە.
ساتع ناسیح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بارەگای فیرقەی 11ـی سوپای عێراق لەسەر زەویی جووتیارانی کورد دروست کراوە و بەسەر هەزاران دۆنم زەویشدا دەڕوانێت کە ئێستا بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێندرێن، دوێنێ تەقەیەکی زۆریان کرد و بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانن، بەڵام ئەوەی دوێنێ هیچ زیانی نەبوو
نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا گوتی: "ئەمڕۆ لە کاژێر 07:00ـی بەیانییەوە تاوەکو نزیک 11ـی نیوەڕۆ چەندین جار تەقە کرا، ناوبەناو تەقە دەکرا و نزیکەی پێنج خولەک بەردەوام دەبوو، شوانێک تەلەفۆنی کرد و گوتی گوللە بەر مەڕەکانی کەوتووە و کە هاتین بینیمان دوو مەڕ گوللەیان بەر کەوتووە".
ساتع ناسیح ئاماژەی بەودا هەوڵی داوە لەگەڵ بەرپرسانی کورد لە پارێزگای کەرکووک قسە بکات، بەڵام کەس وەڵامی نەداوەتەوە.
سەبارەت بە هۆکاری تەقەکان، ساتع ناسیح گوتی : "دەگوترێت راهێنان هەبووە، ئەگەر راهێنانیش هەبووبێت خۆ دەبێت بزانن چی دەکەن، چونکە خۆیان دەزانن چواردەوریان ئاوەدانییە و خەڵک دەژی و مەڕوماڵاتی لێیە، ئەو مەڕانەی گوللەیان بەر کەوتبوو مەترێک لە شوانەکەوە دوور بوون".
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەدواداچوونمان کردووە دەڵێن شوێنێکی راهێنان هەیە و لەوێ تەقە کراوە، بەڵام مادام لە نزیکی شوێنەکە شوێنی نیشتەجێبوون هەیە بەهیچ شێوەیەک نابێت ئەو راهێنانە بکرێت".
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی، ناکرێ بە پاساوی راهێنان ژیانی خەڵکی بخرێتە مەترسییەوە؛ "لانیکەم ئەگەر هەر راهێنانیش بکەن خۆ دەبێت پێشوەختە خەڵکی ناوچەکە ئاگادار بکەنەوە".



