رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شاری سەردەشتی سەر بە پارێزگای ورمێ، هاونیشتمانییەک بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2026 رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رایانگەیاند، "هێزە ئەمنییەکانی ئێران رۆژی چوارشەممە لە سنووری گوندی (گۆڕەشێر) سەر بە شاری سەردەشت لە پارێزگای ورمێ تەقەیان لە گەنجێکی کورد کردووە و کوژراوە."
هاونیشتمانییەکە ناوی (خالید شیری)یە و خەڵکی گوندەکەیە.
بەپێی زانیارییەکان، "هاونیشتمانییەکە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیدا لە کوێستانی گوێزێ تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندار بووە، پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە."
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنی چوارشەممە 30ی ئەیلوول، هاونیشتمانییەکی کوردی خەڵکی سەلاسی باوەجان بەناوی نایب کەرەمی، تەمەن 25 ساڵ لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیدا لە دەوروبەری گوندەکە تەقەی لێکراوە و کوژرا.
ساڵانە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، چەندین کەس کە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەکوژرێن یان بریندار دەبن.
بەپێی داتاکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تاوەکو ئێستا لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 13کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و 8 کۆڵبەری دیکەش بە سەختی بریندار بوون.




