رووداو دیجیتاڵ
لە شاری بەدلیس-ی باکووری کوردستان، 86 کچە قوتابی کە لە فێرگەکانی قورئانی "فاتح" و "حاجی حیکمەت ئەرسان" تەواوی قورئانی پیرۆزیان لەبەرکرد و لە رێوڕەسمێکدا بڕوانامەی لەبەرکردنی قورئانیان پێ بەخشرا.
رۆژی چوارشەممە، 30ی ئەیلوولی 2026 لە رێوڕەسمێکدا لە ناوەندی رۆشنبیریی شارەوانیی بەدلیس، بڕوانامە بە 86 کچی قورئانخوێن بەخشرا.
ئەحمەد کاراکایا، پارێزگاری بەدلیس، لە گوتارێکدا پیرۆزبایی لە قوتابییەکان کرد و رایگەیاند: "بەدلیس شارێکی دەوڵەمەندە بە سروشت، مێژوو، کولتوور و مرۆڤەکانی. ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ببینین 86 کچە قورئانخوێنمان بڕوانامەکانیان وەردەگرن. ئەمە بەرهەمی قوربانیدان و ماندووبوونێکی زۆری قوتابییەکان، مامۆستاکان و خێزانەکانیانە."
هەروەها یەحیا ئاکتاش، یاریدەدەری موفتیی بەدلیس، رایگەیاند: "ئەم بڕوانامەیە تەنیا بەڵگەی تەواوکردنی قۆناخێکی خوێندن نییە، بەڵکو قۆناخێکی گرنگە لەم گەشتە پیرۆزەدا." ئاکتاش سوپاسی ئەو خێرخوازانەشی کرد کە پشتگیریی فێرگەکانی قورئانیان کردووە.
بەپێی ئامارەکانی سەرۆکایەتی کاروباری ئایینیی، لە تورکیا 250 هەزار کەس بڕوانامەی لەبەرکردنی قورئانیان پێبەخشراوە.
لە چوارچێوەی پرۆگرامێکی سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی تورکیا، پلان وایە ساڵانە 20 هەزار کەس لەسەر سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا قورئان لەبەر بکەن و بڕوانامەیان پێبەخشرێ.



