رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شاری سەلاسی باوەجانیی پارێزگای کرماشان، هاونیشتمانییەک بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.
رۆژی چوارشەممە 30ی ئەیلوولی 2026، هاونیشتمانییەک لە سەلاسی باوەجانی-یەوە بە رووداوی گوت، "هێزە ئەمنییەکانی ئێران رۆژی سێشەممە لە سنووری گوندی (بانی نار) سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان تەقەیان لە گەنجێکی کورد کردووە و کوژراوە."
هاونیشتمانییەکە ناوی (نایب کەرەمی)یە، تەمەنی 25 ساڵە و خەڵکی گوندی (بانی نار)ە.
بە پێی زانیارییەکان، "هاونیشتمانییەکە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیدا لە دەوروبەری گوندەکە تەقەی لێکراوە."
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤیش بڵاویکردووە، دوای کوژرانی ئەو هاونیشتمانییە، هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران گوندی بانی نار-یان بۆ ماوەیەک گەماڕۆ داوە.
رۆژی چوارشەممە، 23ی ئەیلوولی 2026، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی سەلاسی باوەجان بە ناوی (محەممەد سدیق ئولی)، تەمەن 28 ساڵ لە سنووری شێخ سڵە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرابوو.
ساڵانە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، چەندین کەس کە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەکوژرێن یان بریندار دەبن.
بەپێی داتاکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تاوەکو ئێستا لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 13کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و 8 کۆڵبەری دیکەش بە سەختی بریندار بوون.



