رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ئاماری نوێی قوربانییانی خنکانی راگەیاند و گوتی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 77 کەس لە ئاودا خنکاون و رووداوەکانیش بەراورد بە پار زیادیان کردووە. لەو ژمارەیەش تەرمی 76 کەسیان دۆزراونەتەوە و تەنیا یەک تەرم ماوە.
رۆژی چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا 77 کەس لە رووبار، چەم، گۆم و بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان خنکاون. بەمەش رووداوەکانی خنکان بەراورد بە پار زیادیان کردووە، چونکە لە تەواوی ساڵی 2025ـدا 68 حاڵەتی خنکان تۆمار کرابوو."
لەبارەی دۆزینەوەی تەرمەکانیش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی گوتی: "تیمەکانمان توانیویانە هەموو تەرمەکان بدۆزنەوە و دەریانبهێننەوە، تەنیا یەک تەرم نەبێت کە تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە، ئەویش خنکاوێکی سنووری ئیدارەی گەرمیانە."
هۆکارەکانی زیادبوونی خنکان چییە؟
سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی خنکان بەراورد بە ساڵانی پێشوو، سەرکەوت کاڕەش روونیکردەوە، ئەم ساڵ بەهۆی بارانبارینی زۆر و توانەوەی بەفرێکی زۆرەوە، ئاستی ئاو لە سەرجەم سەرچاوە ئاوییەکان زۆر زیادی کرد و هاوکات وڵاتانی دراوسێش بەنداوەکانی خۆیان بەردایەوە، بەمەش ئاوێکی زۆر هاتە ناو خاکەوە کە زۆر تیژڕەو بوو و پلەی گەرمیی ئاوەکەش یەکجار نزم و سارد بوو.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێت، خاڵێکی جیاوازی ئەم ساڵ ئەوە بووە کە چەندین کەسی مەلەوانی زۆر باشیش خنکاون، لەبەر ئەوەی بەهۆی تیژڕەویی ئاوەکەوە پێویستییان بە هێزێکی زۆر بووە بۆ مەلەکردن، دواتر هێزیان نەماوە و خنکاون. هۆکارێکی دیکەش ساردیی زۆری ئاوەکە بووە کە بووەتە هۆی گرژبوونی ماسوولکە (تەشەنوجی عەزەلی)، کاتێکیش مەلەوان تووشی گرژبوونی ماسوولکە دەبێت راستەوخۆ دەچێتە بن ئاو و دەخنکێت.
سەرکەوت کاڕەش باسی لەوەشکرد، ئەم ساڵ ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراق هاتبوون، بۆیە رێژەی ئەو هاووڵاتییە عەرەبانەی کە بۆ گەشتیاری هاتبوون و خنکاون، زۆر زیاتر بووە بەراورد بە هاووڵاتییانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئەو ئامارەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانی خستیەڕوو، پارێزگای هەولێر زۆرترین خنکانی تێدا تۆمار کراوە کە 21 کەسن، ئاماری سەرجەم ناوچەکانی دیکەش بەم جۆرەیە:
هەولێر: 21 کەس
سۆران: 13 کەس
زاخۆ: 11 کەس
سلێمانی: 9 کەس
دهۆک: 7 کەس
راپەڕین: 5 کەس
هەڵەبجە: 5 کەس
گەرمیان: 5 کەس
ئاکرێ: 1 کەس




