رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی لە چوارچێوەی (ئۆپەراسیۆنی پێداگریی پۆڵایین) لە عێراق راگەیاند و گوتی: "هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەنێویاندا پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئێستا توانایان هەیە بۆ ئەوەی بەتەنیا مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەکان بکەن."
راگەیێندراوەکەی رۆژی چوارشەممەی سێنتکۆم دەڵێ، کشانەوەی هێزەکان بەشێکە لە پلانی گواستنەوە بۆ پەیوەندییەکی بەرگریی دووقۆڵی لەنێوان ئەمریکا و عێراق. لە هەمان کاتدا، هێزی ئەرکی هاوبەشی هاوپەیمانان لە کارەکانی بەردەوام دەبێت و ئێستا بارەگاکەی گواستووەتەوە بۆ ئوردن، بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و حکومەتی سووریا بەردەوامی بە ئەرکی رووبەڕووبوونەوەی داعش بدەن لە سووریا.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم گوتی: "دەستخۆشی لەو دەیان هەزار سەرباز، دیپلۆماتکار و کارمەندە سڤیلە ئەمریکییانە دەکەم کە لە عێراق بەدەم بانگەوازەکەوە چوون."
کووپەر باسی لەوەش کردووە، بەهۆی قوربانیدان و کارامەیی ئەو هێزانەوە، "داعش چیدی هەڕەشەیەکی سیستماتیک نییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەنێویاندا پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئێستا توانا، سەرکردایەتی و سەربەخۆیی ئۆپەراسیۆنییان هەیە بۆ ئەوەی بەتەنیا مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەکانی سەر نیشتمانەکەیان بکەن."
سێنتکۆم دەڵێ، پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراقی فیدراڵ لە مانگی تشرینی یەکەمی پار دەستیپێکرد، کە لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵدا بە گواستنەوەی تەواوەتیی کارمەندان و کەلوپەلەکان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر گەیشتە قۆناخی کۆتایی.
بنکەی ئاسمانیی هەولێر وەکو ناوەندی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئەرکی هاوبەشی هاوپەیمانان کاری دەکرد و زۆربەی ئەو 1500 سەربازەی ئەمریکا و هاوپەیمانان کە پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعشیان دەکرد، لەو بنکەیە جێگیر کرابوون. ئەو هێزە لە ساڵی 2014ـەوە راوێژ و هاوکاریی پێشکێش بە هێزە هاوبەشەکانی دژی داعش لە عێراق و سووریا کردووە.
لە کۆتاییدا فەرماندەی سێنتکۆم گوتی: "لە کاتێکدا ئێمە دەکشێینەوە و بەرپرسیارێتیی سەرەکیی تەواوی ئاسایشی عێراق رادەستی حکومەتی عێراق و خەڵکە ئازاکەی دەکەین، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کە لە سەرتاسەری ناوچەکە جێگیرکراون، ئامادە دەبن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی داعش کە سەرهەڵبدات."


