رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی راگەیاندنی دوو رۆژ پشوو لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، کارکردن لە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول تەواو نەکرا و ناردنی بۆ بەغدا کەوتە هەفتەی داهاتوو.
رۆژی چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم هەفتەیە کارکردن لە لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول تەواو نەکرا، بەهۆی ئەوەی پشوو راگەیێندرا، بۆیە تەواوکردنی کارەکانی لیستەکە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو".
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، دوو رۆژ پشووی فەرمیی لە دامەزراوەکانیدا راگەیاند. فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە کە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە (30ـی ئەیلوول و 1ـی تشرینی یەکەم) لە سەرجەم دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی دەبێت.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، کە بڕیار بوو ئەم هەفتەیە کارەکانی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئاب تەواو بکرێن و بنێردرێن بۆ بەغدا، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ و سبەی پێنجشەممە پشووی فەرمییە لە هەرێمی کوردستان، کارەکان راگیراون، "هەموو هەوڵێک دەدرێت لە هەفتەی داهاتوودا سەرجەم کارەکان تەواو بکرێن و بنێردرێن."
لە رۆژی 23ـی ئەیلوولەوە وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی کردووە، کە بەراورد بە مانگەکانی ئاب و تەممووز، دابەشکردنی مووچە لە بەغدا زووتر دەستیپێکردووە.
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 950 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچە، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵی بە پاساوی رادەستنەکردنی داهاتی نانەوتی، مانگانە بڕی 120 ملیار دیناری لەو شایستە داراییە دەبڕێت، کە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
مانگی رابردوو، لیستی مووچەی مانگی ئاب و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی تەممووز لە 23-08-2026 رەوانەی بەغدا کران. دواتر لە 14ـی ئەیلوول وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی ئابی بڵاوکردەوە، لە 15ـی مانگ دەست بە دابەشکردنی کرا و لە 19ـی ئەیلوولیش دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان کۆتایی هات.


