رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەهۆی هاتووچۆی کۆڵبەرانەوە هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران قەرەباڵخی دروست بوو، کارکردن بۆ رێڕۆیەکی جیا بۆ کۆڵبەران دەستیپێکردووە. بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران دەڵێ، ژمارەی کۆڵبەرانیش زیاد دەکرێت.
عەبدولوەهاب مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، ئەمڕۆ سێشەممە 29-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاری باش کراوە بۆ جیاکردنەوەی رێڕۆی کۆڵبەران، بەڵام تەواو نەبووە و کارکردن تێیدا بەردەوامە، کە تەواو بوو رێڕۆیەکە جیا دەکرێتەوە".
لە سەرەتای حوزەیرانی ساڵی 2025ەوە زیاتر لە 10 هەزار دانیشتووی ناوچە سنوورییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ئێرانەوە کارتی کۆڵبەرییان بۆ کراوە و بە نۆرە رۆژانە کاری کۆڵبەری دەکەن. بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران گوتی: "ئێستا رۆژانە 600 بۆ 800 کۆڵبەر هاتووچۆ دەکەن، لەگەڵ جیاکردنەوەی رێگەکە، ژمارەیان زیاد دەکرێت".
عەبدولوەهاب مەحموود لەبارەی هۆکاری جیاکردنەوەی رێڕۆی کۆڵبەرانەوە گوتی: "بۆ ئاساییکردنەوەی رێگەی هاتووچۆی دەروازەکەیە، کە بەهۆی کۆڵبەرییەوە قەرەباڵخی لەسەر دروست بووە".
ئەو هاونیشتمانییانەی لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە دێنە هەرێمی کوردستان و شتومەک دەگوازنەوە، زۆرینەیان قوماش و چا دەبەن.
دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە سنووری هەرێمی کوردستانەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە لە پارێزگای هەولێر لە دیوەکەی دیکەوە سەر بە شاری پیرانشارە لە سنووری پارێزگای ورمێ.



