رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 20 رۆژ بەسەر دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە پارێزگای حەسەکە تێدەپەڕێت، سەرەڕای تێپەڕبوونی ناوچەکە بە قۆناخێکی نوێ و بوونی بەربەستی گەورەی وەک کەمیی کورسی، تێکچوونی ژێرخانی قوتابخانەکان و کێشەی ئاوارەکان، پرۆسەی خوێندن بەردەوامە. د. عەدنان بەری، بەڕێوەبەری پەروەردەی حەسەکە، لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باسی وردەکاریی دەستپێکی ساڵی خوێندن، دابەشکردنی کتێبەکان، چارەنووسی پۆلەکانی 9 و 12، چۆنیەتیی خوێندنی زمانی کوردی و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە پەروەردەییەکان دەکات.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: زیاتر لە 20 رۆژ بەسەر دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا تێپەڕ دەبێت، ئێوە رەوشی خوێندن لە سنووری کارگێڕی پارێزگای حەسەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
عەدنان بەری: راستە، لە 6ی مانگی 9وە دەرگای قوتابخانەکان لەبەردەم قوتابیاندا کرانەوە، بەڵام ئەمساڵ وەک ساڵانی رابردوو نییە. رەوشێکی نوێ هەیە. راستە قوتابخانەکانمان کرانەوە، بەڵام کۆمەڵێک بەربەست دێنە پێشمانەوە. ئەو رەوشەی کە ئێمە لەلایەنی پەروەردەییەوە تێیدا تێپەڕ دەبین، بە راستی زەحمەتی زۆری تێدایە. دوای ئەو هەموو ساڵە لە شەڕ، ئێمە ناتوانین راستەوخۆ بگەڕێینەوە بۆ رەوشی پێشوو. زۆر لە قوتابخانەکانمان لە خزمەت دەرچووبوون. ئەمڕۆ بەگوێرەی ئامارەکانمان نزیکەی 2,317 قوتابخانە لە سنووری کارگێڕی پارێزگای حەسەکەن. زیاتر لە 1,000 قوتابخانە لەوانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. لە سەرووی ئەوەشەوە، پێداویستییەکان پەروەردەیی زۆر کەمن. بۆ نموونە، ئەو کورسییانەی کە قوتابیان لەسەری دانیشن زۆر کەمن. ئەوەش دەرئەنجامی رەوشی کۆتایی و هاتنی ئاوارەکانە کە هەندێک لە قوتابخانەکانیان کردە کەمپ. کاتێک قوتابخانە دەبێتە کەمپ، ئیتر وەک ماڵی لێ دێت و زۆر شت تێیدا دەگۆڕدرێت. بە ڕاستی ئێمە ناتوانین لە رۆژێکدا، دوو رۆژدا، یان مانگێکدا ئەوانە وەک جاران لێ بکەینەوە. بۆیە زۆر زەحمەتی لە پێشماندایە، بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو زەحمەتییەدا، ساڵی خوێندن دەستی پێکردووە و پرۆسەکە بەردەوامە.
رووداو: لە پارێزگای حەسەکەدا چەند قوتابخانە ئێستا دەرگاکانیان کردووەتەوەو پرۆسەی خوێندن تێیدا بەڕێوە دەچێت؟
عەدنان بەری: لە کۆی 2,317 قوتابخانە، 100 قوتابخانە پێویستیان بە دروستکردنەوە هەیە، چونکە لە خزمەت دەرچوون. زیاتر لە 300 قوتابخانەش پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی نیوەنیوە هەیە، واتە قوتابیان ناتوانن تێیدا بخوێنن. دەتوانین بڵێین کە نزیکەی 1,700 بۆ 1,800 قوتابخانە ئێستا کراوەن و بەسەر 19 کۆمەڵگەی پەروەردەییدا دابەش کراون. هەر کۆمەڵگەیەک قوتابخانەکانی سنووری جوگرافیای خۆی بەڕێوە دەبات.
رووداو: بە گشتی چەند قوتابی بۆ ئەمساڵ تۆمار کراون؟
عەدنان بەری: بە راستی، تا ئێستا ناتوانین ژمارەیەکی ورد بدەین، چونکە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەورەی منداڵان دێن و خۆیان تۆمار دەکەن و دەست بە خوێندن دەکەن. زۆر کەس لە دەرەوەی پارێزگای حەسەکە بوون و رۆژانە زۆر کەس دەگەڕێنەوە. ئێمە خەمڵاندن بۆ ئەوە دەکەین، کە لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا دەتوانین ژمارەی راستەقینەی قوتابیان دیاری بکەین، بەڵام بە پێشبینی دەگاتە زیاتر لە 500،000 قوتابی.
رووداو: گلەیی و گازندەی قوتابیان و خێزانەکانیان لەسەر کتێب هەیە. زۆر کەس دەڵێن کە کتێبەکان هێشتا نەگەیشتوونەتە قوتابخانەکانیان. چەند کتێب گەیشتوونەتە پارێزگای حەسەکە؟
عەدنان بەری: بابەتی کتێبەکان دوو لایەنی هەیە. لایەنێکیان، ئەو کتێبانەن کە لە وەزارەتەوە (وەزارەتی پەروەردەی سووریا) دێن. لەو کتێبانە، ٤٠٪ گەیشتوونەتە دەستمان و بڵاومان کردوونەتەوە. ئەو کتێبانەی لە وەزارەتەوە دێن، لای ئێمە نامێنن و ئێمە راستەوخۆ دابەشیان دەکەین. لایەنەکەی دیکە، کتێبەکانی زمانی کوردیین. ئەوانەی پۆلی 9 و 12 بە رێبازەکانی پێشوو دەخوێنن و رێبازە کوردییەکانمان بەسەریاندا دابەش کرد.
رووداو: من بە تەواوی تێنەگەیشتم، مەبەستت چییە؟ واتە دەڵێیت ئەمساڵ بۆ پۆلەکانی 9 و 12 هەمان کتێبی پێشووی بەڕێوەبەری خۆسەر دەخوێنرێن؟
عەدنان بەری: راستە، قوتابیانی پۆلەکانی 9 و 12 کە پێشتر رێبازەکانی بەڕێوەبەری خۆسەریان خوێندووە، ئەمساڵیش کتێبەکانی بەڕێوەبەری خۆسەر دەخوێنن و کتێب بەسەریاندا دابەش کراون.
رووداو: ژمارەیان چەندە؟ چەند قوتابین و لە چەند قوتابخانەن؟
عەدنان بەری: لە سەرانسەری هێڵی سنوور لە دێربەسی، ئامودە، قامیشلۆ، تربەسپی، گرکێ لەگێ تا دێریک، زۆرینەی قوتابخانەکانمان بۆ پۆلەکانی 9 و 12 ئەمساڵیش لەسەر کتێبەکانی بەڕێوەبەری خۆسەر بەردەوام دەبن. وەک چۆن گوتم، لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا ژمارەی گشتی و روون ئاشکرا دەکەین.
رووداو: تۆ گوتت 40٪ی کتێبەکان گەیشتوون و بڵاوتان کردوونەتەوە. لە هەموو قوتابخانەکاندا بڵاو دەکرێنەوە؟ میکانیزمی دابەشکردنیان چۆنە؟
عەدنان بەری: پێشتر 16 کۆمەڵگەی پەروەردەییمان هەبوون و بەگوێرەی ئەوان بڵاومان دەکردەوە. ئێستا سێ کۆمەڵگەی دیکەیش زیاد کراون و بوونەتە 19. ئێمە بەگوێرەی پێویستیی هەر کۆمەڵگەیەک کتێب بڵاو دەکەینەوە. هەندێک کتێب بەگشتی گەیشتوون، هەندێک نیوەنیوە گەیشتوون و هەندێکیش هەر نەگەیشتوون. ئێمە بەگوێرەی ئەو شتەی دەگاتە دەستمان، ئەوە بڵاو دەکەینەوە.
رووداو: کەموکوڕی کتێب لە کوێدایە، کام پۆل، قۆناخ یان کام وانە؟
عەدنان بەری: بە راستی کەمیی کتێب کێشەیەکی ئاوها گەورە نییە، چونکە نوسخەی PDFی کتێبەکان لای ئێمە هەن و هەر مامۆستایەک بیەوێت دەتوانێت بیداتە قوتابیان. کێشەی گەورەی ئێمە کەمیی کورسییە. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە قوتابیان لەسەر زەوی دانیشن. هەروەها پێداویستییەکانی دیکەی پەروەردەییش زۆر کەمن.
رووداو: لە چەند قوتابخانەدا قوتابیان لەسەر زەوی دانیشتوون و ئێمەش ئەو دیمەنانەمان بینی، ئایا پێویستیتان بە چەند کورسییە؟
عەدنان بەری: پێویستیمان بە نزیکەی 20،000 کورسی هەبوو. تاوەکو ئێستا نزیکەی 11,000 کورسیمان دروست کردووە. هێشتا پێویستیمان بە 9،000 کورسی دیکەیش هەیە، بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە بە تەواوی چارەسەر بکەین.
رووداو: سەبارەت بە وانەی زمانی کوردی، لە چەند قوتابخانەدا دەدرێت؟
عەدنان بەری: لە هەر قوتابخانەیەک و لە هەر گوندێک کە دوو کوردی لێ بێت دەبێت زمانی کوردی بخوێنرێت. وەزارەتی پەروەردەی سووریا لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی ناوی ئەو قوتابخانانەی بڵاو کردبووەوە، کە زمانی کوردی تێیدا دەخوێنرێت، هەروەها وەزارەتەکە پێی گوتین هەر قوتابخانەیەک بیەوێت دەتوانێت کوردی بخوێنێت، تەنانەت لەو قوتابخانانەشدا کە کوردیشی لێ نەبن. ئەو پلانەی ئێمە لە ماوەی چەند رۆژێکدا رادەگەیەنرێت، چونکە کۆمەڵگەکانی پەروەردەیی رۆژانە داواکاری پێشکێش دەکەن. لەو شارانەی کە زۆرینەی دانیشتووانەکەیان کوردن، زمانی کوردی لە پۆلی 1 تا 12 وەک ماددەیەک دەدرێت. کتێبەکانی زمانی کوردی هەمان ئەو کتێبانەن، کە پێشتر لە قوتابخانەکانی بەڕێوەبەری خۆسەر دەخوێنران و لە لایەن وەزارەتەوە پەسەند کراون.
رووداو: واتە ئێستا لە شام پێویست بە ئامادەکردنی کتێبی زمانی کوردی ناکات و هەمان کتێبی رێبازەکانی خوێندنی بەڕێوەبەری خۆسەر دەخوێنرێن؟
عەدنان بەری: بەڵێ وایە بۆ وانەی زمانی کوردی هەمان ئەو کتێبانەن کە پێشتر لە قوتابخانەکانی بەڕێوەبەری خۆسەر دەخوێنران.
رووداو: ئەمە تەنیا بۆ ساڵێکە یان هەمیشەیییە؟
عەدنان بەری: ئێستا ئەم بڕیارە بۆ ئەمساڵە. ئێمە ئەو لایەنە نین کە گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکەین.
رووداو: بابەتێکی دیکەیش هەبوو کە قوتابیان ئازاد دەبن لە هەڵبژاردنی زمانی خوێندن بۆ وانەکانی وەک فەلسەفە، مێژوو و جوگرافیا، کە بە کوردی بخوێنن یان بە عەرەبی. ئایا ئەمە ئەمساڵ لە پارێزگای حەسەکەدا جێبەجێ دەکرێت؟
عەدنان بەری: ئێستا دەزگای زمانی کوردی SZK و لیژنەیەک لە وەزارەت لەسەر وەرگێڕانی کتێبی ئەم وانانە بۆ زمانی کوردی کار دەکەن. پێشبینی دەکرێت ئەم کارە لە ماوەی 4-5 رۆژدا کۆتایی بێت. پاشان ئێمە ئەو کتێبانە بەسەر قوتابخانەکانماندا بڵاو دەکەینەوە لە پۆلی 1 تا 12. دەرسەکانی مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە بۆ قۆناخی ئامادەیی و دەرسەکانی مێژوو و جوگرافیای بۆ قۆناخی ناوەندی، دەرسی چالاکییەکان بۆ کوردی وەردەگێڕدرێن. دەتوانین بڵێین کە پەروەردە دەبێتە نیوەنیوە، نیوە کوردی و نیوە عەرەبی.
رووداو: وانەی زمانی کوردی بۆ هەموو پۆلەکان هەیە، لە پۆلی 1 تا 12؟
عەدنان بەری: بەڵێ، لە پۆلی 1 تا 12.
رووداو: ئایا مامۆستایان بەشی هەموو پۆل، قۆناخ و قوتابخانەکان دەکەن؟
عەدنان بەری: پێش ئەمساڵیش مامۆستایانمان سەر بە دەستەی پەروەردە لە سەرانسەری پارێزگاکەدا هەبوون. هەمان مامۆستا ئێستا لە شوێنەکانی خۆیان دامەزراون و وانەکان دەڵێنەوە. هەر مامۆستایەک بەگوێرەی بەشەکەی خۆی وانە دەدات. ژمارەی مامۆستایانمان لە پارێزگای حەسەکە گەیشتووەتە 36،000. رەنگە لە هەندێک بەشی پسپۆڕیدا وەک بیرکاری، فیزیا و کیمیا کەموکوڕییمان هەبن.
رووداو: وەک خۆتان دەزانن، ئەمە ماوەیەکە هەندێک قوتابی و خێزان لە رۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندان دەکەن و هاتبوونە بەردەم باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەو داوای خوێندن بە زمانی کوردی دەکەن و دژ بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی سووریا دەوەستنەوە. پەیامی ئێوە بۆ ئەوان چییە؟
عەدنان بەری: ئەو هەموو ساڵە قوتابی بە زمانی خۆی خوێندوویەتی و بێت یەکجار بە گشتی بە زمانی عەرەبی بخوێنێت نابێت. ئەو شتەی لەسەری رێککەوتن کراوە، شتێکی باشە، بووەتە نیوەنیوە. من ئێستا بە کوردی لەگەڵت دەدوێم و زمانی ئێمەیە. زمان ناسنامەی ئێمەیە. ئەگەر زمانی خۆمان لەدەست بدەین، ناسنامەی خۆمان لەدەست دەدەین. سووریا ئەمڕۆ بە قۆناخێکی نوێدا تێپەڕ دەبێت. ئەگەر لەم قۆناخەدا ناسنامەی خۆمان دیاری نەکەین، ئێمە لەناو دەچین. لەبەر ئەوە دەبێت هەموو کەسێک بۆ زمانی خۆی هەوڵ بدات تاوەکو دەیچەسپێنێت و مافی هەموو کەسێکە کە بۆ زمانی خۆی هەوڵ بدات. منیش وەک هەموو کەسێک، تا لە دەست بێت، منیش بۆ زمانی خۆم و منداڵەکانم لە هەوڵەکانم بەردەوام دەبم.
رووداو: کێشەیەکی دیکە لە کەمپەکانی ئاوارەکانی سەرێکانی هەیە. ئەوان پێش ماوەیەک دەنگی خۆیان گەیاندبووە رووداو و گوتبوویان کە قوتابخانەکانیان داخراون. ئێستا رەوشی قوتابخانەکانیان چۆنە؟
عەدنان بەری: دەبێت خەڵکی سەرێکانی بگەڕێنەوە شوێن و واری خۆیان. بۆ گەڕانەوەیان پلانێک لە لایەن پارێزگایەوە دانرابوو. لەبەر ئەوە، هەندێک مامۆستامان لەوێ کێشایەوە. هەندێکیان گەڕانەوە و هەندێکیشی مانەوە. رەوشی ئەوان لە ماوەی مانگێکدا روون دەبێتەوە. ئەگەر چارەسەر نەبوو، ئێمە ناچارین کە چارەسەرێکی دیکە بۆیان پەیدا بکەین بۆ ئەوەی ئەو قوتابیانە بێ پەروەردە نەمێنن.
رووداو: واتە تاوەکو مانگێک، تا رەوشی ئەوان دیاری دەبێت، قوتابخانەکان داخراو دەبن؟
عەدنان بەری: بەڵێ، رەوش بەو شێوەیەیە، چونکە لە کەمپەکەدا بۆشاییەک دروست بووە؛ لیژنەکانمان لە ئەنجوومەنی سەرێکانی لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن.
رووداو: ئامارێکتان هەیە کە چەند قوتابی لە ناو کەمپەکاندا لەم بڕیارە زیانیان بینیوە؟
عەدنان بەری: ئێستا ژمارە لە بەردەستدا نییە، چونکە قوتابخانەکان لەوێ داخراون و ئێمە نازانین چەند کەسن، بەڵام مامۆستایانمان کە بەڕێوەبەری ئەوێیان دەکرد لە گفتوگۆدان و لەسەر بابەتەکە کار دەکەن.



