رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ بە ناوی رەهەند، لە شاری هەڵەبجە دوای ئەوەی هەوڵیدا نێوانگیری لە شەڕی دوو کەسدا بکات، بە چەقۆ بریندار کرا و دوای 24 کاژێر مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە کاژێر 3:00ی بەرەبەیانی رۆژی 27ی ئەیلوول روویداوە. محەممەد عەلی، مامی رەهەند، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کوڕەکەی ئێمە شەو درەنگ بۆ خۆی و باوکی چووە لەفە بکڕێت، بینی دوو گەنج شەڕیانە و چووەتە نێوانیان، بەداخەوە چەقۆیەک بەر شادەماری کەوت و گیانی لەدەستدا."
کەسوکارەکەی داوا دەکەن یاسا سەروەر بێت و تاوانبار بە سزای خۆی بگات. یەکێک لە خزمەکانی کە هاوکات مامۆستای ئایینییە، گوتی: "پێویستە رێگە بدەین یاسا رێڕەوی خۆی وەربگرێت. هەرکەسێک هەڵەیەک دەکات، دەبێت سزاکەی وەربگرێت، بەو شێوەیە کوشتن کەم دەبێتەوە و دایک و باوکان جەرگیان ناسووتێت."
پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاند، لە رووداوەکەدا کەسێکی دیکەش بریندار بووە و تۆمەتبارەکە دەستگیر کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.

