رووداو دیجیتاڵ
نۆ ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان تێپەڕ دەبێت، ئەندامێکی بۆردی باڵای گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، ئەمڕۆ بەشێکی گوتاری مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان تایبەتە بە یادکردنەوەی گشتپرسی.
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، ئەندامی بۆردی باڵای گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ بەشێکی گوتارەکانی هەینی لە مزگەوتەکان تایبەتە بۆ یادی گشتپرسی بە ناونیشانی (ئازادی مافێکی رەوای گەلانە)".
شێرکاوەیی کە هاوکات گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینییە گوتی: "ئازادی بنچینەیەکی رەسەنی سروشتییە خوای گەورە بە هەموو گەلانی داوە، نەوەکو شتێک بێت سەرکردەیەک ببەخشێت یاخود وڵاتێک بە وڵاتێکی دیکەی ببەخشێت، بەڵکو مافێکە بە یەکسانی خودا دایناوە. ئێمە دەزانین ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەپێناو دادپەروەری و رزگاری گەلان لە ژێردەستەیی و زۆرداری هاتووە، چونکە بەرگری لە خاک و خەڵک و نیشتمان و ئازادی مافێکی شەرعییە؛ هەروەها گەیشتن و هەوڵدان بۆ مافی چارەنووس ئەرکێکی ئایینییە بەر لەوەی نیشتمانی بێ".
لە 25ی ئەیلوولی 2017 گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان کرا و زیاتر لە 92%ی هاونیشتمانیان دەنگیان بە بەڵێ دا. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی دەڵێ: "گشتپرسی تەنیا چالاکییەکی نیشتمانی نەبوو، بەڵکو هەڵقوڵاوی هەناوی گەل و بەرجەستەکردنی مافێکی رەوا و شەرعی بوو کە خودا پێی داوین".
ئەو ئەندامەی بۆردی باڵای گوتاری هەینی ئاماژەی بەوە کرد، "مینبەری مزگەوتەکان چۆن ئەو کات پاڵپشتی پڕۆسەی گشتپرسی بوون، ئێستاش بە هەمان شێوە یادی نۆیەمین ساڵی ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بەرز رادەگرن و بە دەستکەوتێکی گرنگ و مێژوویی دایدەنێن لە ماوەی رابردوودا، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا گەلەکەمان بە مافی سەربەخۆیی؛ ئەو مافە رەوا و شەرعییە بگات".


