رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی سروح، ئاهەنگی دەرچوونی بۆ 64 خوێندکاری پەنابەر لە چوارچێوەی پرۆگرامی دافی (DAFI) رێکخست.
لە پرۆگرامی ئەمساڵدا، 64 خوێندکار کە زۆرینەیان پەنابەری رۆژئاوای کوردستانن، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق سوودمەندبوون و لە زانکۆ و پەیمانگە جیاوازەکان بڕوانامەیان بەدەستهێنا.
رۆبی هاروارد، نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە رووداوی رایگەیاند: "ئێمە وەک ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، شانازی بە پرۆگرامی سکۆلەرشیپ دەکەین کە بە پشتیوانیی دارایی ئەڵمانیا، هۆڵەندا و کۆماری چیک پێشکەشی دەکەین. باوەڕمان وایە کە نابێت پەنابەری رێگر بێت لەبەردەم بەردەوامبوون لە خوێندن."
دڵشاد عەبدولڕەحیم، یەکێک لە دەرچووەکانە و دەڵێت، "خەڵکی رۆژئاوای کوردستانین، هاتنەوەمان بۆ ئێرە کەمێک سەخت بوو، بەڵام پرۆگرامی دافی پاڵپشتیی کردین. من ئێستا ئەندازیاری سۆفتوێرم و پلانم ئەوەیە کۆمپانیای خۆم دابمەزرێنم."
خلود غازی، پەنابەرێکی دیکەی دەرچووە و 13 ساڵە لە دهۆک دەژی. ئەو بە پلەیەکی بەرز بەشی شیکاریی پزیشکیی تەواو کردووە و باس لەوە دەکات، "پاڵپشتیی دارایی و مەعنەوی کراوین، پلانم ئەوەیە لە داهاتوودا ماستەر و دکتۆرا بخوێنم."
بارین محەمەد، یەکێکی دیکەیە لە دەرچووەکان و دەڵێت، "سوپاس بۆ خودا ئەمساڵ دەرچووم. دایک و باوکم زۆر دڵخۆشن، ئەوە هیوا و ئاواتی باوکم بوو کە ئاهەنگی دەرچوونی کچەکەی ببینێت."
کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2016ـەوە لە رێگەی پرۆگرامی دافی لە عێراق، پاڵپشتیی 4 هەزار و 88 پەنابەری کردووە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا.


