رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە رزگاربووانی تاوانی ئەنفال لە گەرمیان داوا دەکەن دۆسیەکانیان بەجیا لە زیندانییانی سیاسی رەوانەی بەغدا بکرێت، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانیش رایدەگەیێنێت، بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دۆسیەی زیاتر لە 25 هەزار زیندانی و گیراوی سیاسی بەیەک پاکێج ئاراستەی دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق دەکرێت.
رزگاربووانی تاوانی ئەنفال لە دەڤەری گەرمیان دەڵێن: "ئێمە لە ساڵی 2012ـەوە مامەڵەکانمان تەواو بووە و دەبوو وەک رزگاربووی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەجیا بنێردرێینە بەغدا؛ دەترسین بەهۆی ئەم تێکەڵکردنەوە بەغدا دۆسیەکانمان پەسەند نەکات و مافەکانمان بفەوتێت."
25 هەزار کەس چاوەڕێی بڕیاری بەغدان
ئەحمەد مام رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەو کەسانە لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا وەک زیندانی و گیراوی سیاسی هەژمار کراون؛ لە یاسای عێراقیشدا ئاماژە بە دەستبەسەرکراوانی ئۆردوگاکان (وەک رەفحا) کراوە، لەسەر ئەم بنەمایە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی داوە کۆی دۆسیەی زیندانییان بەیەک پاکێج بگوازرێتەوە سەر بەغدا."
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی شەهیدان گوتی: "کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان دۆسیەکانیان بۆ بەغدا ئامادە کراوە 25 هەزار و 868 کەسن. لەو ژمارەیە تاوەکو ئێستا تەنیا پێنج هەزار و 216 کەسیان مووچە و مینحەیان وەرگرتووە و زیاتر لە 20 هەزار کەسیان هیچ شایستەیەکیان وەرنەگرتووە."
ئەحمەد مام رەسووڵ ئاماژەی بەوەش کرد، سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواو کراون و چاوەڕێی گەڕانەوەی وەزیری دارایی عێراقن لە ئەمریکا، بۆ ئەوەی مافەکانیان لە یاسای بودجەی گشتیدا جێگیر بکرێت.
.webp&w=3840&q=75)

