رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ماکسیم رۆبین، کونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر کرد کە بەمەبەستی ماڵئاوایی سەردانی کردبوو. کونسوڵی رووسیا ئەزموونی کارکردنی لە هەرێمی کوردستان بە "نموونەیی" وەسف دەکات و دەڵێت: "هەرێمی کوردستان بۆ رووسیا پێگەی تایبەتی هەیە."
بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی،لە دیدارەکەدا، ماکسیم رۆبین پێزانینی بۆ رۆڵی سەرۆک بارزانی هەبوو لە دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان گەلی کوردستان و رووسیا. ئەزموونی کارکردنی خۆی لە هەرێمی کوردستان بە "نموونەیی" وەسف کرد و سوپاسی سەرۆک بارزانی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی کرد کە لەماوەی کارکردنیدا هاوکار و یارمەتیدەری بوون لەسەرخستنی کارەکانیدا.
هەروەها کۆنسووڵی گشتیی رووسیا جەختی لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان بۆ رووسیا پێگەی تایبەتی هەیە و هەمیشە جێگەی بایەخ بووە لە هاوکێشەکانی عێراق و ناوچەکەدا."
لەلای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی سوپاسی رۆڵی کۆنسووڵی گشتیی رووسیای کرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کاری تازەیدا.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "جەخت لە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستایەتیی دێرینی نێوان گەلی کوردستان و گەلی رووسیا و بەردەوامی و قووڵترکردنەوەی پەیوەندییەکان کرایەوە."

.webp&w=3840&q=75)
