رووداوی دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی مافی منداڵان و زمانی دایک لە دەم پارتی و پەرلەمانتاری مێردین رایگەیاند، وانە هەڵبژاردەکان چارەسەر نییە بۆ خوێندن بە زمانی دایک و گوتی، "داواکارین زمانی کوردی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، لە دایەنگە و باخچەی ساوایانەوە تاوەکو زانکۆ، ببێتە زمانی خوێندن."
هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026 - 2027 لە تورکیا و باکووری کوردستان، پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیل جارێکی دیکە مافی خوێندن بە زمانی دایک دەکەنەوە رۆژەڤ.
رۆژی چوارشەممە 16ی ئەیلوولی 2026، بێریتان گونەش، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی مافی منداڵان و زمانی دایک لە دەم پارتی و پەرلەمانتاری مێردین لە پەرلەمانی تورکیا لە بوولتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، جەختی لە گرنگیی خوێندن بە زمانی کوردی کردەوە.
گونەش ئاماژەی بەوە کرد، لە تورکیا نزیکەی 20 ملیۆن منداڵ هەن و زمانی دایکی زۆربەیان تورکی نییە. گوتیشی، "زۆریان بە زمانەکانی دیکەی وەک کوردی و سریانی لە ماڵەوە و لە کۆڵان قسە دەکەن. کاتێک دەچنە قوتابخانە، لە دەروونیاندا ململانێیەکی گەورە دروست دەبێت."
بێریتان گونەش باسی لەوەش کرد، 100 ساڵە منداڵانی کورد لە مافی خوێندن بە زمانی دایک بێبەشن و ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەرکەوتنی ئەکادیمی، ناسنامە و گەشەیان هەبووە.
پێشنیازی دەم پارتی: زمانی کوردی ببێتە زمانی خوێندن
لەبارەی کار و چالاکییەکانی پارتەکەی لە پەرلەمان، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، ئەوان وەک پارت پرسیاریان لە وەزارەتەکان کردووە کە چ کارێکیان هەیە بۆ ئەو منداڵانەی زمانیان تورکی نییە، بەڵام وەڵامی روونیان وەرنەگرتووە و ئەم بابەتەی وەک "پرسێکی سیاسیی پەیوەست بە پرسی کورد" وەسفکرد.
پەرلەمانتارەکەی مێردین، مۆدێلی دەوڵەتی بۆ وانە هەڵبژاردەییەکان رەتکردەوە و گوتی، "ئێمە وەک دەم پارتی دەڵێین وانە هەڵبژاردەییەکان بۆ خوێندن بە زمانی دایک بەس نییە."
بە گوتەی گونەش، وانە هەڵبژاردەکان بۆ ئەو کەسانە گونجاوە کە دەیانەوێ کوردی وەک زمانێکی بیانی فێر بن، بەڵام بۆ منداڵانی کورد نییە کە زمانی دایکیان کوردییە.
ئەو پەرلەمانتارە، داواکاریی پارتەکەی بەمجۆرە خستەڕوو، "داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە زمانی کوردی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، لە دایەنگە و باخچەی منداڵانەوە تاوەکو زانکۆ، ببێتە زمانی خوێندن."
"زمانی کوردی لە دۆخێکی مەترسیداردایە"
بێریتان گونەش، هۆشداریی دا کە هەردوو شێوەزاری کوردی، کورمانجی و کرمانجکی (زازاکی)، لە دۆخێکی مەترسیداردان و گوتیشی، بەپێی زمانناسان شێوەزاری کرمانجکی بەرەو لەناوچوون دەچێت. "نەوەی نوێ چیدیکە زمانی خۆیان نازانن و لە ماڵەوە و کۆڵانەکانیشدا کوردی کەمتر قسەی پێدەکرێت. زمانناسان بۆ هەردوو شێوەزارەکەش زەنگی مەترسی لێدەدەن."
بە گوتەی گونەش، بۆ پاراستنی زمانی کوردی پێویستە سێ لایەن پێکەوە کار بکەن:
1. دەوڵەت: دەبێت دان بە ستاتۆی زمانی کوردیدا بنێت و لە خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا بەکاری بهێنێت.
2. دامەزراوە و سیاسەت: دەبێ پارتە سیاسییەکان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان لە رێگەی دروستکردنی دامەزراوەی زمان، پاڵپشتیی دارایی و بەرزکردنەوەی ستراتیژیی زمان، خاوەندارێتی لە زمان بکەن. ئەو وەک نموونە باسی بڕیاری دەم پارتی کرد کە کارمەندانی شارەوانییەکانیان دەبێت کوردی بزانن.
3. کۆمەڵگە: دەبێت کۆمەڵگە خۆی لە ماڵەوە و لە ژیانی رۆژانەدا زمانی کوردی بەکار بهێنێت.
گونەش، جەختی کردەوە، چارەسەری ئەم کێشەیە بە پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتیکبوونی تورکیاوە بەندە و ئەوان وەک دەم پارتی لەسەر ئەم داواکارییەیان بەردەوام دەبن.


