رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا 260 کەس لە سنووری پارێزگاکەدا بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی دووشەممە، 14ی ئەیلوولی 2026، بێهتاش خانی ئاباد، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لەو پێنج مانگەدا 5 هەزار و 409 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە بریندار بوون، کە پێکهاتوون لە 1,536 ژن و 3,873 پیاو؛ بەراورد بە هەمان ماوەی پاریش، ژمارەی برینداران 603 کەس کەمی کردووە.
بێهتاش خانی ئاباد ئاماژەی بە جۆری برینەکانیش کرد و گوتی: "زۆربەی ئەوانەی لە رووداوەکانی هاتووچۆدا بریندار دەبن، لە بەشەکانی سەر و ملیانەوە تووشی زەبر و برینداری دەبن."
بە گوێرەی دوایین ئاماری دادپزیشکیی ئێران، پار 19 هەزار و 540 کەس لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە.




