رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە پیرمام، پێشوازیی لە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی یاوەری کرد. بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت: "گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و هەڕەشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم عێراق لە قۆناخی داهاتوو کرایەوە."
رۆژی پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا کە شاندەکە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک لە سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران، "رۆشنایی خرایە سەر کار و ئەرکی پەرلەمان و کوتلە سیاسییەکان بۆ پێشڤەچوونی پرۆسەی سیاسی."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا "جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەتی عێراق کرایەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق." هەروەها هەردوولا جەختیان لە بەرقەرارکردنی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکان و "دژایەتیکردن و بنبڕکردنی گەندەڵی و بازرگانیی ماددەی هۆشبەر لە سەرانسەری عێراق" کردووەتەوە.
سەبارەت بە هۆکاری سەردانەکە، بارەگای بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، شاندی میوان "بە مەبەستی سەرەخۆشی سەردانی سەرۆک بارزانیان کردبوو"، و تێیدا "پرسە و هاوخەمیی خۆیان بۆ سەرۆک بارزانی دەربڕی بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی."

