رووداو دیجیتاڵ
ژنە عومرەکارێکی کورد لە شاری مەککە دا گیانی لەدەستدا، گوتەبێژی حەج و عومرەش دەڵێت، کتوپڕ لە ژوورەکەی خۆی لە هۆتێل دا گیانی لەدەستداوە.
رۆژی پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026 کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، عومرەکارێکی کورد بە ناوی (مەهاباد عوسمان کاڕەسوڵ) لە شاری مەککە لە سعودیە دا گیانی لەدەستدا.
کاروان ستوونی گوتی: ژنە عومرەکارەکە خەڵکی شاری هەولێرە و تەمەنی 55 ساڵە، بڕیارە هەر لە شاری مەککە دا بە خاک بسپێردرێت.
سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو ژنە، گوتەبێژی حەج و عومرە باسی لەوە کرد، ژنەکە تەندروستیی باش بووە و لەگەڵ هاوسەرەکەی گەشتی عومرەیان کردووە، ئەمڕۆ لەناکاو لە ژوورەکەی خۆی لە هۆتێل دا تەندروستیی تێکچووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ ئەمە یەکەم عومرەکاری هەرێمی کوردستانە لە سعودیە دا گیان لەدەست بدات.



