رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا، داوا لە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکات، زەویی نیشتەجێبوون بە کارمەندانی هێزی پاسەوانیی سنوور لە هەرێمی کوردستان بدرێت.
دیار موفتی، ئەندامی فراکسیۆنی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە بە نووسراوی فەرمی داوای لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کردووە، زەویی نیشتەجێبوون تەرخان بکرێت بۆ کارمەندانی هێزی پاسەوانیی سنوور لە هەرێمی کوردستان و ئەو کارمەندە ئەمنییانەی لە رووی کارگێڕی و داراییەوە سەر بە حکومەتی فیدراڵین.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە لە نووسراوەکەیدا داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە رێنمایی پێویست بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەربکات، بۆ ئەوەی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی پاسەوانیی سنوور کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، هاوشێوەی هاوپیشەکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، زەویی نیشتەجێبوونیان پێبدرێت.
هەروەها پیشنیازی کردوە، لە ئەگەری ئەوەی تەرخانکردنی زەوی لە چوارچێوەی سنووری ئەو شارەوانیانەی سەر بە حکومەتی فیدراڵین ئەستەم بوو، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان راسپێرن رێکاری پێویست بگرێتەبەر و زەویی نیشتەجێبوون بۆ کارمەندانی هێزی پاسەوانیی سنوور و کارمەندانی دامەزراوە ئەمنییە فیدراڵییەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان تەرخان بکات.

