رووداو دیجیتاڵ
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی رووسیا کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە عێراق. باڵیۆزەکە جەختی لە برەودانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 9ی ئەیلوولی 2026 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی کۆتاییهاتنی ئه‌رکەکەیەوە وەک باڵیۆزی رووسیا له عێراق، پێشوازیی له ئێلبرووس كوتراشێڤ كرد.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "له دیدارێكدا به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هه‌وڵه‌كانی به‌ڕێز كوتراشێڤی كرد بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی رووسیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان دا، هه‌روه‌ها هیوای سه‌ركه‌وتنی له ئه‌رك و كاری نوێیدا بۆ خواست."
بەپێی راگەیێندراوەکە، لای خۆیه‌وه باڵیۆزی رووسیا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوكاری و پشتیوانیی سه‌رۆكایه‌تی و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی ئه‌ركه‌كه‌یدا ده‌ربڕیوە، جه‌ختیشی له‌سه‌ر خواستی رووسیا بۆ بره‌ودانی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان دا کرده‌وه.
په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه به‌گشتی، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیدارەکە بوو که كۆنسووڵی گشتیی رووسیا له هه‌ولێر و شاندێكی یاوه‌ریان ئاماده‌ی بوون.


