رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) ستراتیژییەتی 5 ساڵەی خۆی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان رادەگەیێنێت.
سارا عەلی، لە بەشی راگەیاندنی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) لە عێراق، رۆژی چوارشەممە، 9ی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی پێنجشەممە، 10ی ئەیلوولی 2026، کاژێر 10:00ی بەیانی، لە رێوڕەسمێکدا رێکخراوەکەیان ستراتیژیەتیی خۆی بۆ ساڵانی 2025 تاوەکو 2029 لە عێراق و هەرێمی کوردستان رادەگەیێنێت.
لە رێوڕەسمەکەدا، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان ئامادە دەبن.
سارا عەلی گوتی: "ئەم ستراتیژییە رەنگدانەوەی دیدگایەکی وردە بۆ پاڵپشتیکردنی کارە لەپێشینەکانی گەشەپێدان و بەڕێوەبردنی دۆسیەی کۆچ لای حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئامانجمان رەخساندنی ژینگەیەکە کە تێیدا کۆچبەران بە شکۆمەندییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و رێڕەوە یاساییەکان بەهێزتر بکرێن."
عێراق، ساڵانێکی زۆرە بەدەست لێکەوتەکانی کۆچ و ئاوارەییەوە دەناڵێنێت، بەڵام ئێستا لە قۆناخێکی جیاوازدایە. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئەم ستراتیژییەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی تەنیا بۆ هاوکاریی فریاگوزاری نییە، بەڵکو رۆچوونە بۆ ناو قووڵایی کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ ئەو کەسانەی بەدوای ژیانێکی شکۆمەندانە و ئارامدا دەگەڕێن.
ئەم هەنگاوە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان داڕێژراوە، کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر چەند تەوەرێکی سەرەکی، لەوانە: بەهێزکردنی توانای خۆڕاگریی کۆمەڵگەکان لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکان، دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئاوارەکان و رێکخستنی کۆچی یاسایی بە جۆرێک کە خزمەت بە گەشەپێدانی وڵات بکات.
لە رێوڕەسمەکەدا، وێڕای پێشکێشکردنی وتار لەلایەن بەرپرسانەوە، هەروەها گفتوگۆش دەکرێت، لەسەر ئەوەی چۆن هاوبەشەکان دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر ژیانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بکەن.


