رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەشت مانگی رابردوودا زیاتر لە 150 هەزار تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوو لەنێوبراوە و زیاتر لە 31 هەزار سەردانی مەیدانی بۆ چاودێریی بازاڕەکان کراون، لە ئەنجامدا 137 شوێن داخراون.
رۆژی چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەشت مانگی رابردوودا، چاودێریی بازرگانی 31 هەزار و 48 سەردانی شوێنکارەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، دهۆک، سلێمانی، زاخۆ، سۆران و گەرمیان) کردووە.
بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، لەو ماوەیەدا 938 سەرپێچی تۆمارکراون. گوتیشی:"بەوهۆیەوە 137 شوێنی بازرگانی داخراون".
لەبارەی سزای دارایی سەرپێچیکاران. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی:"کۆی گشتیی ئەو سزای داراییەی وەرگیراوە، بریتییە لە 235 ملیۆن و 782 هەزار دینار".
نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت، لەو ماوەیەدا بڕێکی زۆر خۆراکی ماوەبەسەرچوو و نەشیاو بۆ خواردن لە بازاڕەکاندا کۆکراونەتەوە؛ کە زیاتر لە 154 هەزار و 776 تۆن بووە و هەمووی لەنێو براوە.



