رووداو دیجیتاڵ
خانەنشینان و کرێکارانی سێ پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان دژی خراپیی ژیانیان و دەرکردن لە کارەکانیان ناڕەزایەتیی دەردەبڕن و گرد دەبنەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەك گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان سەبارەت بە دۆخی خراپیی ژیان و وەڵامنەدانەوەی داخوازییەكانیان لەلایەن بەرپرسانەوە بەڕێوەچوو.
لە ئیلام کرێکارانی کارگەی "پوویا نەخ" بەھۆی دواکەوتنی مووچەی چەند مانگی رابردوویان و دەرکرانی بێ هۆکاری 150 کرێکار و داخرانی کارگەکەیان گردبوونەوە. ئەو کرێکارانە لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگاری ئیلامدا درووشمی جۆراجۆریان بەرز کردەوە.
هەروەها خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەكان لە کرماشان، سنە و ئیلام دژی کەمیی مووچەکانیان، کێشەکانی چارەسەری پزیشکی و پشتگوێخرانی داواکارییەکانیان کۆ بوونەوە.
هەر لە دوو رۆژی رابردوو، سەتان پەرستار و فەرمانبەری دەرمانی پارێزگای سنە و نەخۆشخانەی ئیمام عەلی لە كرماشان بە هۆی خراپیی بژێویی ژیان، پێنەدانی مووچە و خراپ بەڕێوەبردنی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان،گردبوونەوە و داوای بەدواداچوونی بەپەلەیان بۆ داواکارییەکانیان کرد.
بەپێی زانیارییەکان، ناڕازییان بە گوتنەوەی درووشمگەلێک وەک "بەڵێن و پهیمان بەسە، سفرهمان خاڵییە"، نارەزایەتییان دەربڕی.
کرێکاران و خانەنشینان و پەرستاران دەڵێن، پێویستە دەستبەجێ داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت.
هاوکات لەگەڵ گربوونەوەی ناڕەزایەتی لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و خانەنشینان لە چەند شارێكی دیكەی ئێران دا گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ هەمان مەبەست بەڕێوەچوون.


