رووداو دیجیتاڵ
33گەنجی کورد کە لە لیبیا دەستگیرکرابوون، گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستاش چارەنووسی 10 کۆچبەری دیکەی دەڤەری راپەڕینی پارێزگای سلێمانی نادیارە.
تۆڕی میدیایی رووداو دیمەنی باوەشپیاکردنی یەکێک لە گەنجەکان و دایکی تۆمارکرد کە لەگەڵ هاوڕێکانی، دوای مانگێک لە بێسەروشوێنبوونیان لەنێو خەونی گەیشتن بە ئەورووپا و چارەنووسی نادیاریان لە زیندانەکانی لیبیا، گەڕانەوە نیشتمان.
ئاکام ئەحمەد، یەکێک لەو گەنجانەی گەڕاوەتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رەوشمان خراپ بوو، خواردنمان کەم بوو. سێ گەنجی دیکە ماونەتەوە، گوتوویانە باڵیۆزخانەی عێراق لە دوو یان سێ رۆژی داهاتوودا دەیانگەڕێنێتەوە".
ئەو 33 گەنجە کە تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 27 ساڵیدایە، هەر یەکێکیان لەگەڵ قاچاخچی بە 19 هەزار دۆلار رێککەوتبوون بەو هیوایەی بیانگەیێننە خاکی ئیتاڵیا، بەڵام خەونەکەیان لە لیبیا کۆتاییهات و مانگێک لە دڵەڕاوکێ و ترسدا ژیان.
ئەحمەد رەسوول، باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکان، بە رووداوی گوت: "لاواز و بێهێز دیاربوون، دیاربوو بەهۆی کەمخۆرییەوە بووە. سوپاس بۆ خوا سەلامەتن و سوپاسی حکومەتیش دەکەین بۆ ئەو هەوڵانەی بۆی داین".
ئەو گەنجانە خەڵکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بوون. عوسمان مستەفا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ئیدارەکە، بە رووداوی راگەیاند: "داوامان لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە کار لەسەر دۆسیەکەیان بکەن، بەتایبەتی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین. ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان و وەزارەتی ناوخۆ لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی کۆچکردن".
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ئیدارەی راپەڕین، لە ساڵی 2015ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 کۆچبەر لە لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان کە زۆرینەیان خەڵکی سنووری ئیدارەی راپەڕینن. ئێستاش زیاتر لە مانگێکە چارەنووسی 10 گەنجی دیکەی سنوورەکە لە لیبیا نادیارە.
