رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2027 و جێگیرکردنی شایستە داراییەکان گەیشتە شاری بەغدا.
رۆژی سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندەکە لە وەزیرانی دارایی و ئابووری، سامانە سرووشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بریکاری وەزارەتی پلاندانان پێکهاتووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕیارە شاندەکە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بکات، کە سەرەتا لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دواتریش لەگەڵ وەزارەتەکانی پلاندانان و نەوت دەبێت.
سەردانی ئەو شاندە لەکاتێکدایە، هەرێمی کوردستان لە کۆتاییەکانی مانگی ئابی رابردوو، پڕۆژەی پشکی بودجەی ساڵی 2027ی رەوانەی بەغدا کرد.
لە راگەیێندراوەکدا هاتووە: "ئامانجی سەرەکیی سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بەشداریکردنی راستی و رەوانەی حکومەتە لە ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2027، ئەمەش بە مەبەستی جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە نێو پرۆژەیاساکەدا".
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە کۆبوونەوەکاندا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێڕوانین و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چەند پرسێکی گرنگ دەخاتەڕوو، لەوانە، تەرخانکراوی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران، پلە و میلاکی وەزیفی، تەرخانکراوی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان، بودجەی بەکاربردن و دۆسیەی نەوت.
لە بودجەی 2027ـدا داوای چی کراوە؟
20-8-2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دوای زیاتر لە مانگێک لە گفتوگۆی چڕ و خەمڵاندنی هەمەلایەنەی داهات و خەرجییەکان، کۆتاییهاتنی پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی هەرێمی کوردستانی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی 2027 راگەیاند و پڕۆژەکەی بە هەردوو شێوازی کاخەزی و ئەلیکترۆنی رەوانەی بەغدا کرد.
وەزارەت رایگەیاند: "لەم پڕۆژەیەدا، سەرجەم شایستە داراییەکان، خواستە دەستوورییەکان و پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی جێگیرکراون، لەوانە:
• دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان.
• دابینکردنی مووچە بۆ خێزانی کەمدەرامەت و هاوتاکردنی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتیەکان لەگەڵ بەغدا.
•دابینکردنی خەرجییەکانی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان.
• جێگیرکردنی مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە بۆ چەندین ساڵ بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوو.
• هاوتاکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە.
• هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و وەرگرتنی سەرجەم شایستە داراییەکانی پێشویان.




