رووداو دیجیتاڵ
گەورە شارەوانیی ئامەد لە باکووری کوردستان بڕیاری دا مووچەی مانگانه بۆ 24 دەنگبێژ تەرخان بکات کە لە چوارچێوەی (مالا دەنگبێژان) چالاکی ئەنجام دەدەن.
سیرا بوجاک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد سەردانی ماڵی دەنگبێژانی کرد و لە نزیکەوە لە کێشە و داواکارییەکانی کۆڵییەوە.
دەنگبێژان داوایان کرد کار بۆ ناساندنی زیاتری شوێنەکە و گواستنەوەی ئەم کەلەپوورە بەنرخە بۆ نەوەکانی داهاتوو بکرێ.
زەینەب یاش، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری کولتووری و کۆمەڵایەتی لە گەورەشارەوانیی ئامەد رایگەیاند، ئەم بڕیارە جۆرێکە لە دابینکردنی پێگەی یاسایی و ئابووری بۆ دەنگبێژان و پاراستنی کەلەپووری رەسەنی کوردی.
ئەو دەنگبێژانە نزیکەی 20 ساڵە وەک خۆبەخش لە (مالا دەنگبێژان) کاردەکەن.
(مالا دەنگبێژان) لە شاری ئامەد ناوەندێکی سەرەکییە بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی نەریتی دەنگبێژی. شوێنەکە لە ساڵی 2007ـەوە کراوەتەوە و لە ژێر چاودێریی گەورە شارەوانیی ئامەد کار دەکات و رۆژانە هەوادارانی هونەری رەسەنی کوردی سەردانی ئەو ماڵە دەکەن.



