رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕیی پارێزگای ئێلیهی باکوووری کوردستان ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە گوایە پۆلیسێک بەهۆی قسەکردنیان بە زمانی کوردی هێرشی کردووەتە سەر خێزانێک و رایگەیاند، رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆنی نێوان دراوسێکانەوە بووە.
پارێزگای ئێلیهـ لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆ و بڵاوکراوانەی دایەوە لە هەندێک ماڵپەڕ و تۆڕی کۆمەڵایەتی لە باکووری کوردستان بڵاوبوونەتەوە، گوایە ئەندامانی خێزانی (ئشک) لەلایەن دراوسێکەیانەوە کە پۆلیسە و ناوی (ب.ن)ە، بەهۆی قسەکردنیان بە زمانی کوردی، لێیان دراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگا لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە کردووە و دەرکەوتووە "هیچ پەیوەندییەکی بە بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە نییە."
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای ئێلیهـ دا ئاماژەی بەوەشکراوە، هاوژینی پۆلیسەکە خەڵکی مێردینە و دایک و باوکی لە ئێلیهـ نیشتەجێن و هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ قسەکردن بە زمانی کوردی نییە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، کێشەکە "ناکۆکییەکی کۆنی درێژخایەنە" لەنێوان پۆلیسەکە و خێزانی (ئشک) کە پەیوەندیی بە ژاوەژاو و دراوسێیەتییەوە هەیە.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە پۆلیسەکە پێشتریش سێ جار لە رێگەی یاساوە سکاڵای لەسەر خێزانی (ئشک) تۆمارکردووە بە تۆمەتی "لێدان"، "هەڕەشە"، "سووکایەتی"، "زیانگەیاندن بە موڵک" و "هەڕەشەکردن بە چەک".
بەهۆی ئەم کێشە بەردەوامانەوە، پۆلیسەکە داوای گواستنەوەی خۆی لە پارێزگای ئێلیهـەوە بۆ شوێنێکی دیکە کردووە.
ئەو روونکردنەوەی پارێزگای ئێلیهـ دوای ئەوە هات، لە 7ی ئەیلوولی 2026 چەند وێبسایتێک و هەژماریکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە باکووری کوردستان هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە خێزانێکی کورد لە گەڕەکێکی پارێزگای ئێلیهـ لە باکووری کوردستان بەهۆی قسەکردنیان بە زمانی کوردی لەلایەن دراوسێکەیانەوە کە پۆلیسە، هێرشیان کراوەتەوە سەر.



