رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی هەرێمی کوردستان داوا دەکەن حکومەتی عێراق تەماتەی وڵاتانی دەرەوە هاوردە نەکات و تەماتەی هەرێمی کوردستان ساخبکەنەوە. وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان دەڵێ، بۆ داوای جووتیاران و بەبازاڕکردنی تەماتە و سەوزە و میوەی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێک دەچێتە بەغدا.
دوێنێ جووتیارانی قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان بەڕێوەبرد و داوایان کرد، حکومەتی عێراق هاوردەی تەماتە قەدەخە بکات و تەماتەی هەرێمی کوردستان بباتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 8ی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی یەکشەممە لەگەڵ جەنابی وەزیری کشتوکاڵی عێراق کۆدەبینەوە و چەند بابەتێک تاوتوێ دەکەین، لە نێویاندا هەناردەی تەماتە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق."
وەزیری کشتوکاڵ گوتی، لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق گفتوگۆ دەکەن بۆ قەدەخەکردنی هاوردەکردنی تەماتە بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق و رایگەیاند: "ئەوەش لە چوارچێوەی پابەندبوون بە رۆژژمێری کشتوکاڵی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، وەک چۆن ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانی ئەوان پابەند دەبین بە قەدەخەکردنی هاوردەکردن".
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، یەکشەممەی داهاتوو سەرۆکایەتیی شاندێک دەکات و سەردانی بەغدا دەکەن، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق و بەرپرسانی ئەو وەزارەتە، لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقیش کۆدەبنەوە.
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکانمان لە بەغدا ئەوەیە پاڵپشتی بەرهەمی نێوخۆ بکەین و ئەو بابەتانەش تاوتوێ بکەین کە تاوەکو ئێستا لەنێوان هەردوولادا یەکلایی نەبوونەتەوە."
سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، دوێنێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جووتیاران داوا دەکەن بازرگانانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەبری هاوردەکردنی تەماتەی ئێران، تەماتەی هەرێمی کوردستان بکڕن، کە ئێستا نایکڕن و بەو هۆیەوە نرخ زۆر دابەزیوە."
سەرەتای ئەم مانگە کیلۆیەک تەماتەی نێوخۆ لە عەلوە بەکۆ 600 بۆ 700 دینار بوو. سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دوێنێ گوتی: "ئێستا کیلۆیەک تەماتەی جوانی کوردستان بە 300 دینارە."
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی تەماتەی قەدەخە کردووە و داوای جووتیاران ئەوەیە، لەم وەرزەدا حکومەتی عێراقیش هاوردەکردن قەدەخە بکات.
سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی: "تەماتە زۆر زۆرە و ئەوەش بووەتە هۆکاری دابەزینی نرخەکەی و نیگەرانیی جووتیاران."



