رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو ژمارانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێداویستییە دارایی و سووتەمەنییەکان داوای دەکات "زێدەڕۆیی زۆری تێدایە و لۆژیکی نییە". دەشڵێت ئەمە "رێگەیەکە بۆ رێکنەکەوتن".
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقی داوەتەوە و پێداویستییەکانی بۆ بودجەی 2027 ناردووە. هەولێر داوای نزیکەی 29 تریلیۆن دینار لە بودجەی 2027 دەکات، داواکارییەکە بە جۆرێکە زیاتر لە 23.5 تریلیۆن دینار بۆ مووچە و پلەبەرزکردنەوە تەرخان بکرێت و پێشنیاز کراوە 5.5 تریلیۆن دینار بۆ پڕۆژە وەبەرهێنانەکان خەرج بکرێت.
د. رێبوار کەریم، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بۆ بودجەی ساڵی 2027 لۆژیکی نین و جێبەجێکردنیان ئەستەمە. ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد داواکردنی دوو ترلیۆن و 500 ملیار دیناری مانگانە ئەستەمە، لە کاتێکدایە "رۆحمان دەردەچێت تاوەکو 840 ملیار دینارمان بۆ دێت."
د. رێبوار کەریم دەڵێت: "ئەو ژمارەی داواکراوە رێژەیەکی زۆر زیادەڕۆیی تێدایە، هیچ واقیعبینییەکی تێدا نییە." ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە زیادکردنی ژمارەکان بەو شێوەیە "رێگایەکە بۆ رێکنەکەوتن و لەکۆڵخۆکردنەوە."
پەرلەمانتارەکە باس لەوە دەکات، داواکارییەکانی وەک دامەزراندنی یەکەمەکان، بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان و پلەبەرزکردنەوە پێویستن و کاریان بۆ کردووە.
د. رێبوار کەریم باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی داراییدا داوای کردووە پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی رێژەی دیاریکراو لە هەموو بوارەکاندا دابین بکرێ: "پێم گوتوون، چیتان دەوێ بۆ فەرمانبەرانی خۆتان، لەگەڵتانم، بەڵام بە هەمان رێژەش پشکی هەرێمی کوردستانمان دەوێ. ئەگەر 100 هەزار کەس لە گرێبەستەوە دەکەنە هەمیشەیی، دەبێت 14 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن."
ئەو پەرلەمانتارە نموونەی دابەشکردنی نەوتی سپی و دامەزراندنی یەکەمەکانی هێنایەوە و رایگەیاند، دەبێت هەرێمی کوردستان رێژەی 12.67% یان 14%ـی پشکی خۆی لە هەر بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵی وەربگرێ.


