رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆببێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەری پۆلیس و بەڕێوەبەریی شارەوانیی کەرکووک بانگهێشت کراون.
بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنی ژمارە 25ی ئەنجوومەنەکە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، کۆبوونەوەکە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی سبەی، سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026، دەست پێدەکات.
لە کۆبوونەوەکەدا میوانداری هەریەک لە بەڕێوەبەری پۆلیس، بەڕێوەبەریی شارەوانی و بەرپرسانی بەکرێدانی کۆشکەکان دەکرێ؛ هەروەها بڕیارە دەنگ بە گۆڕینی ناوی نەخۆشخانەی عەباسی بۆ نەخۆشخانەی دیجلە بدرێ.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەکاتی سەردانی ئەحمەد رەمزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ یەکێک لە بنکەکانی پۆلیس، کێشە و لێکتێنەگەیشتن دروست بوو و بابەتەکە گەیشتە بەغدا، بۆیە ئەنجوومەن بەڕێوەبەری پۆلیسی بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی روونکردنەوەی پێویست لەسەر ئەو بابەتە بدات."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک باسی ئەو گرفت و ئاستەنگییانە دەکەن کە لە بازگەکان رووبەڕووی خەڵک دەبنەوە، بەتایبەتی ئەو هاونیشتمانییانەی لە هەولێر و سلێمانییەوە سەردانی کەرکووک دەکەن.
سەبارەت بە بانگهێشتکردنی بەڕێوەبەریی شارەوانی، حەسەن مەجید گوتی: "کۆشکی زۆر لەنێو شاردا دروستکراون و تێبینیی زۆریان لەسەرە، لەوانە دیزاینیان یەکگرتوو نییە و لە شوێنی نەشیاون؛ هەروەها گلەیی هەیە کە لە دابەشکردنیاندا خزمخزمێنە دەکرێ، بۆیە سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک و بەرپرسانی بەکرێدانی کۆشکەکان بانگهێشت کراون."
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گرێبەستی بەکرێدانی کۆشکەکان ناڕوونە و دەبێت بزانرێ بە چ مەرجێک دراون؛ گوتیشی: "پێشتر بە نووسراو داوامان کردووە، بەو پێیەی کەرکووک شەش شارەوانییە، با کۆشکەکانی هەر کەرتێک بە رەنگێک بن و ژمارەیان لەسەر بێت، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەتوانێت زێدەڕۆیی بکات."



