رووداو دیجیتاڵ
نیلوفەر مجاویری، ئەو کچەڕۆژهەڵاتییە تەمەن 28 ساڵەی بە خەونی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە ماڵ دەرچوو، دواجار جەستەی بێگیانی گەڕێندرایەوە؛ تۆمەتبار لەوکاتەی ویستوویەتی خۆی بگەیێنێتە باشووری کوردستان، دەستگیرکراوە.
سوهەیلا مەهدیزادە کە نیلوفەر مجاویری نەوەی خوشکیەتی و لەڕووی خزمایەتییەوە وەکو پوورێک بووە بۆی، رۆژی یەکشەممە 6-9-2026 لەبارەی رووداوەکە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
باوکی نیلوفەر پێشتر بازرگانێکی تا رادەیەک دەوڵەمەند بووە و دانیشتووی پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان بووە. دواتر زیانی کردووە و خانوو، کارگە، دووکان و سامانەکەی لەدەست داوە. مایەپووچ بووە؛ قەرزی زۆری لەسەر کەڵەکە بووە و بەوهۆیەوە خراوەتە زیندانەوە. باری دارایی ماڵباتەکەی زۆر خراپ بووە. لەبەر ئەمە فریشتە کە دایکی نیلوفەرە، هاوینان لە کێڵگە و باخەکاندا و زستانانیش لە کۆگاکانی هەڵگرتنی میوەدا کرێکاریی کردووە.
ئەمە دەستپێکی چیرۆکی ئەشکەنجەدران و گیانلەدەستدانی کچێکی تەمەن 28 ساڵە بەناوی نیلوفەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان. سوهەیلا مەهدیزادە لە وڵاتی سوێدەوە چیرۆکەکە بۆ رووداو باس دەکات.
"نیلوفەر ویستوویەتی هاوشێوەی دایکی بژێو بۆ ماڵەوە دەستبخات"
لەکاتێکدا دایکی (فریشتە) لە دەرەوە کاری کردووە، نیلوفەر ئەرکی سەر شانی لە کاروباری ناو ماڵدا سووک کردووە و ئاگای لە منداڵەکان بووە.
کاتێک هەست بەوە دەکات، دایکی بە هەموو هێزییەوە کار دەکات بۆ ئەوەی بژێویان بۆ پەیدا بکات، بەڵام هەندێک جار ئەمەش وەڵامی پێویستییە سەرەتاییەکانیان ناداتەوە، بڕیاردەدات وەکو دایکی لە دەرەوە کار بکات و سەرچاوەیەکی دارایی دیکە بخاتە سەر مانگانەکەیان.
سوهەیلا مەهدیزادە دەڵێ، نیلوفەر سەرەتاکانی ئابی 2026 لەگەڵ دایکی چووەتە سەر کار، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەڕووی جەستەوە توانای کاری قورسی نەبووە، تەنیا ئەرکی مۆرکردنی میوەیان پێداوە.
"کەسێک بەناوی سەید عیزەدین تاهیری خۆی لە نیلوفەر نزیک کردەوە"
لەو شوێنی کارەدا کەسێکی تەمەن 41 ساڵ بەناوی (سەید عیزەدین تاهیری) کاریکردووە.
تاهیری لە نیلوفەر نزیکبووەتەوە و بابەتی سۆز و خۆشەویستیی بۆ دەربڕیوە. ئەم کارەشی لەڕێی نووسینی نامەیەک لەسەر کاخەز کردووە و ژمارە تەلەفۆنی خۆیشی بۆ نووسیوە.
بەگوتەی خزمەکانی، نیلوفەر کەسایەتییەکی کپ و ئارامی هەبووە و زۆر بە دەگمەن تێکەڵی خەڵک بووە؛ تەنانەت هیچ هاوڕێیەکی نەبووە.
"نامەکەی بە دایکی نیشانداوە"
نیلوفەر نامەکە بە دایکی نیشان دەدات و دایکی راستەوخۆ لە سەید عیزەدین تاهیری دەپرسێت کە بۆچی کارێکی وەهای کردووە؟
تاهیری پێیگوتووە کە مەبەستی پاکە و نیازی پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی لەگەڵ نیلوفەر هەیە.
تەنانەت پێیگوتووە کە دەتوانێت بڕواتە داوای و ژیانی هاوژینیی لەگەڵدا پێکبهێنێت.
فریشتە بە سەید عیزەدین تاهیریی گوتووە کە کاتی ئەو بابەتە نییە و دوایی قسەی لەبارەوە دەکەن.
"پەیوەندی لە نێوان سەید عیزەدین و نیلوفەر دروستبوو"
دوای ئەو گفتوگۆیە بەجۆرێک پەیوەندی لە نێوان تاهیری و نیلوفەر دروست دەبێت و ماوەی دوو هەفتە لە پەیوەندیدا دەبن؛ بەڵام نازانرێت پەیوەندییەکە لەسەر چ بنەمایەک و چۆن بووە!
شەوی (22-8-2026) فریشتە بە کچەکەی (نیلوفەر) دەڵێ، خواردنێکی بۆ ئامادە بکات، چونکە کاژێر چواری بەرەبەیان دەبێ بڕواتە سەر کار. هەروەها پێی دەڵێ کە ئەوڕۆ نەچێتە سەر کار و ئاگای لە منداڵەکان بێت.
"نیلوفەر بە کارتی بانکییەکەیەوە لە ماڵ نەماوە"
کاتێک فریشتە کاژێر چوار لە خەو هەڵدەستێ، دەبینێت نیلوفەر نەماوە و کارتی بانکییەکەشی لەگەڵ خۆیدا بردووە. پەیوەندیی پێیەوە کردووە، بەڵام مۆبایلی نیلوفەر داخراوە.
بە گوتەی دایکی نیلوفەر، غازی چێشت لێنانەکەش دانەخراوە کە ماڵباتی نیلوفەر ئەمە وەکو بەڵگەیەک بۆ رفێندرانی کچەکەیان نیشان دەدەن.
ئەوان دەڵێن سەید عیزەدین تاهیری زووتر داوای لە نیلوفەر کردووە، کارتی بانکییەکەی بۆ ببات، گوایە بۆ مامەڵەی پرۆژەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی پێویستیان دەبێت.
سوهەیلا مەهدیزادە: فریشتە ژمارەتەلەفۆنی سەید عیزەدین تاهیریی نەبووە
فریشتە گوتوویەتی، سەرەتا وایزانیوە نیلوفەر شتێکی بەسەرهاتووە و پەیوەندیی بە (گوڵەندان مەهدیزادە) دایکی خۆیەوە کردووە و پێیڕاگەیاندووە کە کچەکەی دیار نەماوە. دواتر ئەو شۆفێرەی هاتوچۆیان بۆ شوێنی کار پێ دەکات، پەیوەندی بە فریشتەوە دەکات بۆ ئەوەی بڕۆنە سەر کار.
فریشتە دەڵێ ناتوانێت، چونکە نیلوفەر دیارنەماوە. هاوکات داوا لە شۆفێرەکە دەکات ژمارەی سەید عیزەدین تاهیریی پێ بدات و دەڵێ، ئەو تاکە کەسە قسەی لەگەڵ کچەکەی کردبێت.
سەید عیزەدین تاهیری: نیلوفەر بە رەزامەندیی خۆی لەگەڵم هاتووە
فریشتە ژمارە تەلەفۆنی سەید عیزەدین تاهیری وەردەگرێت و پەیوەندیی پێوەدەکات و سۆراخی نیلوفەری لێ دەپرسێت.
سەید عیزەدین دەڵێ، بەڵێ لای منە. فریشتە دەپرسێت: بۆچی لەگەڵ تۆیە؟ سەید عیزەدین دەڵێ، نیلوفەر بە رەزامەندیی خۆی لەگەڵ من هاتووە.
فریشتە باوەڕی پێناکات و داوای لێ دەکات، تەلەفۆنەکەی بداتە دەستی کچەکەی.
ئینجا لێی دەپرسێت:"کچم تۆ بە رەزامەندیی خۆت لەگەڵی چوویت؟
نیلوفەر وەڵامدەداتەوە: بەڵێ، خۆم لەگەڵی هاتم.
ئینجا فریشتە لێی دەپرسێت:"باشە کچەکەم، کاتێک بە رەزامەندیی خۆت رۆیشتوویت، بۆچی هیچ پێویستییەک، جلوبەرگێکت لەگەڵ خۆتدا نەبردووە؟
"نیلوفەر لە ژێر هەڕەشە و گوشاردا قسەی کردووە"
ماڵباتی نیلوفەر دەڵێن، کچەکەیان چاوترساو کراوە و لە ژێر هەڕەشە بووە، بۆیە نەیتوانیوە راستییەکان بدرکێنێت.
دایکی نیلوفەر بە سەید عیزەدین دەڵێت کە بەگوێرەی نەریت، دەبێ بێتە خوازبێنی و کچە مارە بکات و دواتر ژیانی هاوژینی پێکبهێنن.
کوڕەکە بە فریشتەی گوتووە کە ئەویش ئەم نەریتە دەزانێت و ئەمڕۆ سبەی دەچێتە داوای. سەید عیزەدین بە فریشتەی گوتووە کە لە شاری مهابادن.
"سێ رۆژ تێپەڕیوە و نیلوفەر بێ هەواڵ بووە"
دوای تێپەڕینی سێ رۆژ بەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، هیج گۆڕانکارییەک رووینەداوە و سەید عیزەدین نەچووەتە خوازبێنی و نیلوفەریشی نەگەڕاندووەتەوە ماڵەوە.
فریشتە دووبارە پەیوەندی بە سەید عیزەدین تاهیرییەوە دەکات و لێی دەپرسێت کە بۆچی تەلەفۆنی کچەکەی داخراوە؟
تاهیری پێی دەڵێ، تەلەفۆنی خۆی کارایە و هەر کاتێک ویستی، دەتوانێ پەیوەندیی بکات و قسە لەگەڵ نیلوفەر بکات.
"نیلوفەر بە دایکی گوتووە، هەموو شتێکیان بۆ دابین کردووە"
فریشتە لە تەلەفۆنی سەید عیزەدینەوە قسە لەگەڵ نیلوفەری کچی دەکات و پێی دەڵێت:"کچم تۆ کە هیچ پێویستی و جلوبەرگێکت لەگەڵ خۆتدا نەبردووە، هیچت پێویست نییە بۆت بهێنم؟ یانیش با بێم چاوم پێت بکەوێت".
نیلوفەر بە دایکی گوتووە کە هەموو شتێکیان بۆ دابین کردووە. هەروەها داوای کردووە نیگەران نەبێت.
سوهەیلا: برای سەید عیزەدین تاهیری قسەی لەگەڵ فریشتە نەکردووە
ئەو خزمەی نیلوفەر کە دانیشتووی سوێدە، رەتیدەکاتەوە هیچ خزمێکی تاهیری پەیوەندیی بە فریشتەوە کردبێت و دەڵێت:"ئەو برایەی سەید عیزەدین تاهیری کە لە گوتەکانی بۆ رووداو باسی ئەوە دەکات، گوایە قسەی لەگەڵ دایکی نیلوفەر (فریشتە) کردووە، راست ناکات. با برۆن و سەیری تەلەفۆنەکەی بکەن، ئەمڕۆ تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە و هەموو شتێک دەردەکەوێت. بەدڵنیاییەوە هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی وەها لە ئارادا نەبووە.
"مامی، حاشای لە سەید عیزەدین تاهیری کردووە"
باوکی نیلوفەر کە مامی سەید عیزەدین تاهیری دەناسێت، پەیوەندیی پێوەکردووە. پرسیویەتی کە ئایا سەید عیزەت برازایەتی؟ مامیشی گوتوویەتی: بەڵێ. ئینجا دەڵێ ئەوە برازاکەت کچەکەی منی بردووە و هەفتەیەکە بریارە بێتە خوازبێنی، بەڵام هیچ دیار نییە. مامی کاتێک گوێی لەمە دەبێت، دەڵێ ئەو برازایەم مرۆڤێکی هەتا بڵێی خراپە و من خۆم بە مامی نازانم و شەرمم پێیەتی. داواشی لێدەکات کە ناوی مامی لای ئەو نەهێنێت، ئەگەرنا دێت و ژن و منداڵم دەکوژێت".
باوکی نیلوفەر پەیوەندیی بە سەید عیزەدین تاهیرییەوە کردووە
دوای ئەوەی مامی سەید عیزەدین تاهیری بەوجۆرە باسی برازاکەی دەکات، باوکی نیلوفەر پەیوەندیی بە سەید عیزەدین خۆیەوە دەکات و پێی دەڵێت کە بۆچی لە خوازبێنی کردنی کچەکەی دواکەوتووە؟
تاهیری پێی دەڵێ کە کێشەی لەگەڵ براکەی هەیە و چەند رۆژێکی دیکە دێت.
دواتر باوکی نیلوفەر قسەکانی مامی سەید عیزەدین تاهیری دەدرکێنێت. تاهیری لای باوکی نیلوفەر، چەندین جنێو و قسەی ناشرین بە مامی دەڵێت و بە درۆزن وەسفی دەکات".
سەید عیزەدین لەوکاتەشدا تەلەفۆنەکە دەداتە دەستی نیلوفەر و نیلوفەریش بە باوکی دەڵێ کە دۆخی باشە و هەموو شتێک باشە.
سوهەیلا مەهدیزادە دەڵێ، سەید عیزەدین تاهیری کاژێر 10:00ی بەیانیی رۆژی سێشەممە 1-9-2026 نیلوفەری بردووەتە بنکەیەکی تەندروستیی دەوروبەری پیرانشار و دەڵێ تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و داوای لە پەرستارەکان کردووە ژیناوی بۆ دابنێن، بەڵام پەرستارەکان کاتێک قۆڵی هەڵدەکەن بۆ دەرزی لێدان، تێگەیشتوون لەوەی کچەکە ئەشکەنجە دراوە.
"سەید عیزەدین ویستوویەتی نیلوفەر جێبهێڵێت و رابکات"
پەرستارەکان گوتوویانە کە ئەو کچە ئەشکەنجەدراوە و مێشکی لەکارکەوتووە. هەروەها پێیانگوتووە پێویستە بەپەلە بگەیێندرێتە نەخۆشخانەیەکی ناو پیرانشار.
لەوکاتەدا سەید عیزەدین ویستوویەتی رابکات، بەڵام کاتێک پەرستارەکان پێیانگوتووە؛ مەگەر ناڵێیت هاوژینتە؟! بۆچی نایەیت؟
ئینجا سەید عیزەدین چووەتە ناو ئەمبوڵانس و بەرەو پیرانشار بەڕێکەوتوون، بەڵام بەر لەوەی بگەن، بە بیانووی ئەوەی بەڵگەنامەی بیرچووە، دادەبەزیوە و ون بووە.
سەید عیزەدین 11:30ی شەو تەلەفۆن دەکات: کچەکەت لە نەخۆشخانەیە
هەر بەگوتەی سوهەیلا مەهدیزادە، دوو شەو دواتر و کاژێر 11:30 سەید عیزەدین تاهیری تەلەفۆنی بۆ فریشتە کردووە و پێیگوتووە کە کچەکەی (نیلوفەر) لە نەخۆشخانەیەکی پیرانشارە.
سوهەیلا هەروەها دەڵێ، ئەو گوتەیەی سەید عیزەدین راست نەبووە کە گوتوویەتی لە مهابادن، چونکە ئەوان لە لادێیەکی دوورەدەستی پیرانشار لە کەلاوەیەکدا ماونەتەوە.
سوهەیلا مەهدیزادە هەروەها دەڵێ سەید عیزەدین بە فریشتەی گوتووە:" تووشی رووداوی هاتوچۆ بووین و منیش دەبێ رابکەم، چونکە دەمانچەیەکم لایە و حکومەت بەدوامەوەیە".
فریشتە لەوکاتەدا دەڵێ، ئەمە مانای چییە؟! چۆن شتی وەها دەبێت؟
سەید عیزەدین گوتووە:"یەک قسەی زیاتر بکەی دێم تەواوی کەسوکارت دەکوژم".
هەروەها داوای لێکردووە بەتەنیا بڕواتە نەخۆشخانە و هیچ کەسێک لەگەڵ خۆیدا نەبات.
فریشتە لەگەڵ دایکی (گوڵەندان مەهدیزادە) دەڕۆنە نەخۆشخانە و دەبینن فریشتە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە.
پزیشکەکان بە دایکی دەڵێن، نیلوفەر مێشکی لەکارکەوتووە و دەبێت بگوازرێتەوە بۆ شاری نەغەدە.
نیلوفەر تووشی مردنی مێشک بووە
دوای ئەوەی نیلوفەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی نەغەدە، کەسوکاری نیلوفەریش گەیشتوونەتە ئەوێ.
پزیشک بە کەسوکارەکەی گوتووە کە نیلوفەر تووشی مردنی مێشک بووە و هیچ هیوایەک نییە بگەڕێتەوە ژیان.
هەربۆیە پێشنیازی کردووە کە هیچ نەبێ، بەشێک لە ئەندامەکانی بە کەسانی پێویست ببەخشن.
رۆژی چوارشەممە 2-9-2026 نیلوفەر بە مەبەستی بەخشینی بەشێک لە ئەندامەکانی جەستەی، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ورمێ.
سەید عیزەدین تاهیری چۆن گیرا؟
سوهەیلا مەهدیزادە بە رووداوی گوت:" هەر ئەو رۆژە کەسوکارەکەی سکاڵایان لە دژی سەید عیزەدین تاهیری تۆمارکردووە و دەرکەوتووە کە تاوانی زۆری لەسەرە. دوای ئەوەی لە رووداویش بڵاوکرایەوە، ئیدی دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرا و بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بڵاوبووەوە".
لەوکاتەدا کەسێکی نەناسراو وێنەی سەید عیزەدین تاهیریی بۆ سوهەیلا مەهدیزادە ناردووە.
گوایە ئەو کوڕە سەرەتا لای کۆڵبەران بووە و دواتریش پەنای بۆ چەند ماڵێک لە نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بردووە و خۆی بە پێشمەرگە ناساندووە.
سوهەیلا مەهدیزادە هەروەها گوتی:"ئەو تاوانبارە داوای لە خەڵکەکە کردووە کە پارەی بۆ بکەنەوە و بۆ باشووری کوردستان بەرێی بکەن. منیش پەیوەندیم بە فریشتەوە کرد و دڵنیابوومەوە کە ئەو وێنانە وێنەی ئەون، دواتریش بڵاوم کردەوە. ئەوە بوو کۆڵبەرێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە وێنەکەی بینیبوو، راستەوخۆ هەواڵی دابوو. سەید عیزەدین تاهیری لە نزیک خاڵی سنووریی بانە و لە شوێنێک کە زۆری نەماوە بگاتە باشووری کوردستان، دەستگیرکراوە".
هەر ئەوکات دەستگیرکرانی تاهیری پشتڕاستکرایەوە
رۆژی شەممە 05-09-2026، عەلیڕەزا هاتفی، داواکاری گشتیی پیرانشاری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، عیزەدین تاهیری، تۆمەتباری ئەشکەنجەدان، برسیکردن و دەستدرێژیکردنە سەر نیلوفەر مجاویریی تەمەن 28 ساڵ لە سنووری بانە دەستگیرکراوە.
"تاهیری دانی بەوەداناوە کە دوو جار نیلوفەری خستووەتە خوارەوە"
بەگوێرەی گوتەی ماڵباتی نیلوفەر، سەید عیزەدین تاهیری لە گرتووخانە دانی بەوەداناوە کە دوو جار ئەو کچەی لە سەربانەوە فڕێداوەتە خوارەوە بۆ ئەوەی بمرێت و تەرمەکەی شوێن بزر بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەسێک بینیویەتی، وازی لەو کارە هێناوە.
ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا کەسوکاری نیلوفەر نازانن ئەو کەسە کێ بووە کە لەو شەوە ئەنگوستەچاوەدا بەو شوێنە چۆڵەدا تێپەڕیوە و لە سەید عیزەدین تاهیریی پرسیوە کە بۆ بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ ژنێکدا دەکات؟
گوایە لەوکاتەدا سەید عیزەدین تاهیری گوتوویەتی کە هاوژینی خۆیەتی و پەیوەندیی بە کەسەوە نییە.
"ژمارەیەک کچی دیکەی ئەشکەنجەدراوی دەستی تاهیری نامەیان بۆ ناردووم"
سوهەیلا مەهدیزادە دەڵێ، ژمارەیەک کچی دیکە، پەیوەندییان پێیەوە کردووە و پێیانڕاگەیاندووە کە تاهیری ئەشکەنجەی ئەوانیشی داوە، بەڵام بەشێکیان لەڕوویان نەهاتووە و شەرمیان کردووە وردەکارییەکان باس بکەن.
برای تۆمەتبارەکە بۆ رووداو: نیلوفەر فێی هەبووە و براکەم لەکاتەدا جێی هێشتووە
ئەنوەر تاهیری، برای عیزەدین تاهیری لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی نیلوفەر بە تۆری میدیایی رووداوی گوت:" دەمەقاڵێیان کردووە، ئەو کچە پێشتریش نەخۆشیی (فێ)ی هەبوو و لە هۆش خۆی دەچوو. کاتێک براکەم دەبینێت لەهۆش خۆی چووە، دەیباتە نەخۆشخانە و لەوێ جێی دەهێڵێت و دەڕوات".
براکەی دەڵێ، عیزەدین تاهیری دوو بۆ سێ ساڵ لە سلێمانیش لە زیندان بووە، دوای ئازادبوونی چووەتە داخوازیی نیلوفەر، بەڵام دواتر کچەکەی هەڵگرتووە و پێکەوە لە کارگەیەک لە پیرانشار کاریان کردووە.
ئەنوەر تاهیری هەروەها لەبارەی پەیوەندیی براکەی لەگەڵ کەسوکاری دەڵێ:"عیزەدین پەیوەندییەکی ئەوتۆی لەگەڵ کەسوکارەکەی نەبوو، ماوەی 10 بۆ 15 ساڵ لە باشووری کوردستان و ئێران بوو و بۆ ساتێکیش لە ماڵەوە نەبووە.''
وەک ئەنوەر دەڵێت، براکەی مانگێک و نیو بەر لە ئێستا تەلەفۆنی بۆ کردووە و گوتوویەتی: ''هەندێک پارەم پێبدە و کچێک (نیلوفەر) وەڵامی داومەتەوە و دەچم دەیخوازم. هەرچەندە پێم گوت بۆ تۆ نابێ و تازە لە زیندان ئازاد کراوی، گوێی پێنەدام.''
"براکەم 19 جار ژنی هێناوە و درێژترین ماوەی هاوژینیی مانگێک بووە"
براکەی رایگەیاند نەیانشاردووەتەوە کە عیزەدین تاهیری پێشینەی تاوانی هەیە و گوتی:''نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر کەسێکی دیکەیشی کوشتووە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 19 ژنی هێناوە، بەڵام هەموویان شەوێک یان ئەوپەڕی مانگێک لای ماونەتەوە".
"برای تۆمەتبار: لە تەلەفۆن بە فریشتەم گوت واز لە براکەم بهێنن"
برای تۆمەتبار هەروەها بە رووداوی گوت:''تەلەفۆنم بۆ دایکی کچەکە (فریشتە) کرد و پێم گوت، ئەو کوڕەی ئێمە نەخۆشیی دەروونی هەیە، بۆ خزمایەتیکردن نابێ، گوتم تکایە ئەگەر ئاگاداری لەم بابەتە، وازی لێ بهێنن، ئێمە باشتری دەناسین و تووشی ئابڕووچوونتان دەکات، بەڵام دایکەکە وازی نەهێنا".
ئەمە لەکاتێکدایە سوهەیلا مەهدیزادە رەتیدەکاتەوە کە ئەنوەر تاهیری یان هەر خزمێکی دیکەیان، پەیوەندییان بە فریشتەوە کردبێت.
ئێستا تۆمەتبار لە ژوورەوەیە و هەردوولا چاوەڕێی پرۆسەی دادگەیین.



