رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە دووەم کاروانی ئاوارەکانی سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
مەحموود جەمیل، گوتەبێژی لیژنەی ئاوارەکانی سەرێ کانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشبینی دەکرێ کۆتایی ئەم هەفتەیە دووەم کاروانی ئاوارەکان بگەڕێنەوە.
مەحموود جەمیل بە رووداوی راگەیاند، ئاوارەکانی ئەم کاروانە دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی سنووری شارۆچکەکانی زرگان و تل تەمر.
گوتەبێژی لیژنەی ئاوارەکانی سەرێ کانی روونیکردەوە، ئەو گوندانە پێشتر هێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بوون و ئێستا بە تەواوی چۆڵن و زەوییەکانیشیان بە نەکێڵدراوی ماوەتەوە.
بە گوتەی گوتەبێژی لیژنەکە، ئەو ئاوارانەی لەم کاروانەدا دەگەڕێنەوە 700 بۆ 800 خێزان دەبن، کە زۆربەیان لە کەمپی سەرێ کانین و لە هەردوو پێکهاتەی کورد و عەرەبن.
ساڵی 2019 سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کاتی سووریای نزیک لە تورکیا هێرشیان کردە سەر سنووری سەرێ کانی و ئەوەش شەپۆلێکی ئاوارەبوونی هاونیشتمانییانی لێکەوتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

