رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، ئەمساڵ 12 منداڵی ساوا لە سنووری کەرکووک فڕێدراون و رادەستی دادگە کراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی ئەیلوولی 2026، سامان یابە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەی ئەو منداڵانەی ئەمساڵ لە شاری کەرکووک و دەوروبەری لەلایەن خێزانەکانیانەوە فڕێدراون گەیشتووەتە 12 منداڵ، دوای دۆزینەوەیان براونەتە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک، دوای پشکنینی تەندروستی رەوانەی دادگە کراون."
سەبارەت بە شوێنی دۆزینەوەی منداڵەکان، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک گوتی: "شوێنێکی دیاریکراو نییە، بەشێکیان لە ناو پارکەکان فڕێدەدرێن، بەشێکی دیکەیان لە ناو زبڵدانەکان و منداڵیش هەبووە لە ناو کارتۆندا لەبەردەم مزگەوت فڕێدراوە."
سامان یابە دەڵێت: "منداڵەکان تەمەنیان لە یەک رۆژەوە تاوەکو یەک مانگە، دادگەی کەرکووک رادەستی ئەو خێزانانەی دەکات کە منداڵیان نییە و داوای لەئەستۆگرتنی منداڵ دەکەن."
دوێنێ چوارشەممە 2ـی ئەیلوولی 2026، زانا جەبار، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە شەش مانگی رابردوودا لە نزیک (نەخۆشخانەی منداڵان) چوار ساوا دۆزراونەتەوە کە سێیان کوڕ بوون و ئەوی دیکەشیان کچ بووە."
سەبارەت بەوەی منداڵەکان کێشەیەکی تەندروستییان هەبێت بۆیە فڕێدەدرێن، زانا جەبار ئاماژە بەوە دەکات منداڵەکان هیچ کێشەیەکی تەندروستییان نەبووە و هیچ کامیشیان خاوەن پێداویستیی تایبەت نەبوون.

