گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین دەڵێ، بنەماڵەیەکی خێرخواز نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتووی تایبەت بە تووشبووانی شێرپەنجە لە شاری رانیە دروست دەکەن.
تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-09-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لقێکی نەخۆشخانەی هیوا (تایبەت بە شێرپەنجە) لەلایەن بنەماڵەیەکی خێرخوازەوە لە رانیە دروست دەکرێت و چیدیکە پێویست ناکات تووشبووانی شێرپەنجە لە راپەرینەوە بچنە سلێمانی.
گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین گوتیشی: نەخۆشخانەکە دەکەوێتە سەنتەری شار و بە هاوکاریی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی راپەرین دروست دەکرێت، شوێنی بۆ دابینکراوە و ماستەرپلانی پرۆژەکە ئامادەیە.
نەخۆشخانەکە لەلایەن بنەماڵەیەک بەناوی (حاجی جەلال سێناجیانی) دروست دەکرێت و پێشبینی دەکرێت تێچووەکەی زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار بێت. تەها محەممەد جەختی لەوە کردەوە، نەخۆشخانەکە دەبێتە لقێکی نەخۆشخانەی هیوا و تایبەت دەبێت بە نەخۆشانی شێرپەنجە لە راپەرین. روونیشکردەوە، "دەمانەوێت نەخۆشانی تووشبووی شێرپەنجە لە دەڤەری راپەرین کە بە سەدانن، چیدیکە پێویست نەکات بچنە نەخۆشخانەی هیوا و هەر لە شاری رانیە چارەسەر وەربگرن."
ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی راپەرین ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، تەنیا لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 460 نەخۆشی شێرپەنجە لە ئیدارەی راپەرین تۆمارکراوە. گوتەبێژی تەندروستیی راپەرین گوتیشی: بە دڵنیاییە ئەو ژمارەیە زیادی کردووە و کاردەکەین بۆ ئەوەی چیدیکە ئەو نەخۆشانە سەردانی سلیمانی نەکەن.



