رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێکی دۆسیەی گیراوانی لالەزار دەڵێت، ئەمڕۆ لە کۆی 12 کەس، شەشیان لە دادگەی سلێمانی گوتەیان لێ وەرگیراوە، بەڵام لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای لەو تۆمەتبارانە نەبوون کە گوتەیان لێ وەرگیرا.
دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بە ریزبەندی گوتە لە تۆمەتباران وەرگیرا، نەگەیشتە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و دانیشتنی دادگە دواخرا".
لەبارەی کاتی دانیشتنی دواتری دادگە، ئەو پارێزەرە گوتی: "یەکشەممە دانیشتنی دواتر ئاشکرا دەکرێت."
دانیشتنی ئەمڕۆی دادگەی سلێمانی بووە چوارەم دانیشتنی دادگەییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی؛ یەکەم جار 12ی کانوونی دووەمی 2026 و دوایین جاریش ئەمڕۆ 3ی ئەیلوول بوو. بڕیار بوو پێشتر لە 1ی حوزەیران دادگەیی بکرێتەوە، بەڵام دانیشتنی دادگە نەکرا. لە چوار جاری چوونی بۆ دادگە، دوو جار لاهوور شێخ جەنگی دادگەیی کراوە.
پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی لالەزار گوتی: "دانیشتنی ئەمڕۆ بەپێی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی بوو، کە تایبەتە بە رێککەوتن بۆ کوشتنی کەسێک."
27ی ئابی 2025 و دوای پێنج رۆژ لە رووداوەکانی لالەزار، ئاسایشی سلێمانی ڤیدیۆ و دانپێدانانی کۆمەڵێک کەسی بڵاوکردەوە؛ گوایە بە هاوکاریی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی، ویستوویانە لە رێگەی چەکی جیاوازەوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەنە ئامانج. بەگوێرەی پارێزەرانی دۆسیەکە بۆ رووداو، دادگەییکردنەکەی ئەمڕۆ تایبەت بووە بەو تۆمەتە.
بەگوتەی دانا تەقیەدین: "27 کەس لە دەستگیرکراوانی لالەزار لە زیندان ماونەتەوە، بەڵام لە دانیشتنی ئەمڕۆدا 12 کەسیان براونەتە دادگە."
سەبارەت بەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵیان، دانا تەقیەدین دەڵێت: "بە مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی و مادەی 406ی تایبەت بە کوشتن تۆمەتبار کراون، بەڵام دانیشتنی ئەمڕۆ تەنیا لەسەر مادەی 56 دادگەیی دەکرێن، کە تایبەتە بە رێککەوتن بۆ تاوانێکی کوشتن."
لە مادەی 56دا هاتووە:
1- هەر ئەندامێکی رێککەوتنی تاوانکاری سزا دەدرێت، تەنانەت ئەگەر دەستیشی نەکردبێت بە کردنی ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، بە بەندکردن (سجن) بۆ ماوەیەک کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت ئەگەر ئەو تاوانەی رێککەوتنی لەسەر کراوە لە جۆری "تاوان" (جنایە) بێت. بە حەپسکردن (حبس) بۆ ماوەیەک کە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردن (غەرامە) کە لە 200 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و یەک ملیۆن دینار تێپەڕ ناکات، ئەگەر تاوانەکە لە جۆری "کەتن" (جنحە) بێت.
2- ئەگەر مەبەست لە رێککەوتنەکە ئەنجامدانی تاوانێکی دیاریکراو بێت و سزاکەی سووکتر بێت لەوەی لە بڕگەی پێشوودا هاتووە، ئەوا سزایەک نایەتە کایەوە کە لە چوارەکی (1/4) ئەوپەڕی سزای دیاریکراو بۆ ئەو تاوانە تووندتر بێت.
ئەو پارێزەرە پشتبەست بە دانیشتنەکانی پێشووی دادگە پێیوایە: "لایەنی بەرامبەر هیچ بەڵگەیەکی بەهێزی نییە دۆسیەکە یەکلا بکاتەوە و دەستگیرکراوان حوکم بدرێن، چونکە ڤیدیۆیان بڵاوکردووەتەوە گوایە قەناس براوە بۆ هەوڵەکە لەنێو فەرشدا، وەکو لە ڤیدیۆکاندا بە ئاشکرا دیارە فەرشەکان لار بوونەتەوە و ئاماژە نین بۆ ئەوەی چەکیان تێدا بێت."
پارێزەر دانا تەقیەدین گوتی: "روون نییە هیچ بڕیارێکی کۆتایی لە دانیشتنەکەی 3ی ئەیلوولدا دەدرێت یان نا، بەڵام دوای ئەم تۆمەتەش مادەی 406ی تایبەت بە کوشتن لە دۆسیەکەدا هەیە، ئەویش بە هۆکاری ئەوەی لە 22ی ئابدا، کە هێرش کرایە سەر هۆتێلی لالەزار، کوژراو لە هەردوولادا هەبووە."
لە 22ی ئابی 2025دا، دوای رازی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.



