رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان سلێمانی و کەرکووک، لە شاری سلێمانی دەست بەسەر بڕێک "قارچکی سیحری" و ماریوانادا گیراوە و بازرگانێکیش دەستگیرکراوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتییەکە دەڵێ:" یەکەمین جارە، مادەی "ماجیک مەشڕووم" (قارچکی سیحری) دەستی بەسەردا بگیرێت".
عەمید عەباس بەهادلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری و لە پرۆسەیەکی هاوبەشدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سلێمانی، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی کەرکووک توانیویانە بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر بکەن.
بە گوتەی عەمید عەباس بەهادلی، لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە لەنێو شاری سلێمانی کراوە ، دەست بەسەر یەک کیلۆگرام لە مادەی "ماجیک مەشڕووم" (قارچکی سیحری) و دوو کیلۆگرام لە مادەی هۆشبەری "ماریوانا"دا گیراوە. هەروەها گوتیشی:" یەکەمین جارە، مادەی "ماجیک مەشڕووم" (قارچکی سیحری) دەستی بەسەردا بگیرێت".
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق جەختی کردەوە کە تەواوی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵدان و گوتی: "هیچ پەناگەیەکی ئارامیان نابێت، هەرچەند هەوڵ بدەن لەژێر ناوی نامۆ و شێوازی نوێدا ماددەکانیان بشارنەوە. گۆڕینی ناو و داهێنانی رێگەی نوێ بۆ ساخکردنەوەی ژەهرەکانیان، نایانپارێزێت لە دەستی هێزە ئەمنییەکان."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق، ئەمساڵ دەستیان بەسەر 2 تۆن و 370 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا داگرتوە.
هەر بەپێی ئامارەکە 4 هەزار و 644 کەس ە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر سزادراون، کە 69 کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 267 کەسیش سزای زیندانیی تاهەتاییان بۆ دەرکراوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکە، لە ساڵی 2026دا 304 تۆڕی نێوخۆیی و 54 تۆڕی نێودەوڵەتی هەڵوەشێندراونەتەوە، هەروەها 21 ئۆپەراسیۆنی دەرەکی کراون و 43 فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دەرکراون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا 32 جار رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوان هێزەکانیان و بازرگانانی مادەی هۆشبەر روویداوە؛ لە ئەنجامدا کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و 31ـی دیکە بریندار بوون؛ هەروەها 3 بازرگانی مادەی هۆشبەر کوژراون و 23ـی دیکەش بریندار بوون.

.jpeg&w=3840&q=75)

